لە چ کاتێکدا دەرمانی بەرزە پەستانی خوێن بخورێت؟

03:34 - 2022-09-18
ژینگە
562 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان

بەگشتی ئەوانەی نەخۆشی بەرزە پەستانی خوێنیان هەیە دەزانن دەبێت دەرمانی ئەو نەخۆشییە لە بەیانیان یان ئێواراندا بخۆن، بەپێی ئەو رێنماییانەی پزیشکی پسپۆر پێشکەشیان دەکات، بەڵام لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە لە راستیدا هیچ گرنگ نییە کەی ئەو دەرمانە دەخورێت بەیانییە یان ئێوارە و ئەو ئەنجامە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ کە لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵدا لە بەرشەلۆنە بەسترا خرایەڕوو بەوەی کاتی خواردنی  دەرمانەکە کاریگەریی نییە لەسەر کارکردن یان کارنەکردنە سەر ئەو نەخۆشییە.
20 هەزار خۆبەخش
بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە لێکۆڵەران پشتیان بە 21000 خۆبەخش بەست لەوانەی بەرزیی فشاری خوێنیان هەیە و پێیانوترا هەر یەکە بەشێوەیەکی تێکەڵ بەیانیان یان ئێواران دەرمانەکە بخۆن، ئەو لێکۆڵەرانە چاودێری ئەوەشیان کرد لەو ماوەیەدا ئەو خۆبەخشانە چەندیان براونەتە نەخۆشخانە بەهۆی زەبحە یان جەڵتەی دڵ و مێشک و تەنانەت مردنیش بە نەخۆشییەکانی دڵ.
وەرگرتنی چارەسەر بە رێکوپێکی
لە ماوەی پێنج ساڵدا چاودێریی کران و ئەنجامەکەی بریتی بوو لەوەی لە ناوەنددا نزیکەی 3.4 ٪ ئەوانەی شەوان دەرمانەکەیان خواردووە بەهۆی جەڵتەی دڵ یان مێشک براونەتە نەخۆشخانە یاخود بەو نەخۆشییانە مردوون بە بەراورد بە 3.7 ٪ ی ئەوانەی بە رۆژ دەرمانەکەیان خواردووە.
یەکێک لە لێکۆڵەران بە ناوی تۆماس ماکدۆنالد مامۆستا لە زانکۆی دندی سکۆتلەندا دەڵێت «تا ئێستا ئەمە گەورەترین لێکۆڵینەوەیە لەسەر دڵ و دەمارەکان بکرێت، وەڵامی کۆتایی ئەو پرسیارەش دەداتەوە کە گرنگ نییە بەیانیان دەرمانی فشاری خوێن دەخورێت یان ئێواران، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو دەرمانە بە رێکوپێکی و هەموو رۆژ لە هەمان کاتدا بخورێت جا بەیانییە یان ئێوارە»  هەرچەندە هەندێ پزیشک ئامۆژگاری نەخۆشەکانیان دەکەن لە کاتێکی دیاریکراودا بیخۆن یان چەند جارێک لە رۆژەکەدا، چونکە هەندێ جۆریان کاریگەری کورتخایەنیان هەیە و پێویست دەکات چەندجارێک لە رۆژەکەدا بخورێت، دواجار هەموو نەخۆشێک بۆ بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانانە پێویست دەکات راوێژ بە پزیشکی پسپۆری ئەو نەخۆشییە بکات.
سەرچاوە: سیدتی.نت

بابەتە پەیوەندیدارەکان