میوزیک و هەڵسوکەوتی رۆژانەمان

03:41 - 2022-09-18
ژینگە
646 جار خوێندراوەتەوە

ئا: بورهان ئەمین
لەڕووی زانستییەوە دەرکەوتووە میوزیک کاریگەرترین هونەرە بەسەر ژیانی رۆژانەی مرۆڤ و کاردانەوە و خەسڵەتەکانی لەکاتی نانخواردن و ئۆتۆمبێل لێخوڕین و پیاسەو سەیران و ژیانی ئاساییمان، کاتێک شۆفێر لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا گوێ لە میوزیک و گۆرانی دەگرێ راستەوخۆ کاردەکاتە سەر دڵ و دەروون و هەڵسوکەوت و چۆنیەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی، ئەوانەی بەدەم نانخواردنیشەوە گوێ لەئاوازەکان دەگرن هەمانشێوە ماوەی تێربوونیان دەگۆڕێت.
بۆشوفێران
توێژینەوەکان سەلماندویانە گوێگرتن لە میوزیک لەناو ئۆتۆمبێل کاردەکاتە سەر رەفتاری شۆفێر و وادەکات چەندە لیترە سوتەمەنی خەرج بکات، بۆنموونە کاتێک لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەنگی میوزیک وخێراتر پێ دادەگرێ، بەمە بەنزین یان گاز زیاتر دەسوتێنێت، کۆمپانیای  KIA ی کۆری بۆ ئۆتۆمبێل لە توێژینەوەیەکی نوێیدا  ئەزمونی لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە شۆفێران کردووە لەکاتی لێخوڕینیان لە ناو شارو لەسەر ئۆتۆبانەکان و بەخێرایی جیاو لەکاتی گوێگرتن لە میوزیکی جۆراجۆردا رەفتاریان گۆڕاوە و ئەوانەی گوێیان لە سەمفۆنیاکانی بتهۆڤن کردووە لەسەر خۆتر بوون لەوانی ترو زۆر کەم سوتەمەنیان خەرجکردوە، ئەو میوزیکیە کارگەری کردۆتە سەر ترپەی دڵ و دەروونیان و شۆفێرەکانی ئارامترکردۆتەوە و ژیرانەتر لەوانی دی ئۆتۆمبێلیان لێخوڕیوە، هەروەها ئەوانەشی میوزیکی راپ و پۆپیان لێداوە خێراتر لێیان خوڕیوەو زۆرترین سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆیان کردووە، هەورەها مەکینەی ئۆتۆمبێلەکانیشیان ئەزیەت داوەو زۆرترین سوتەمەنیان بەکارهێناوە، توێژەوەیەکی تر دەریخستووە ئاوازە نەشازو گۆرانی کوالیتی خەراپ وادەکەن شۆفێر هەڵسوکەوتی نەرێنی بکات و ببێتە هۆی سەرپێچی و رووداوی هاتوچۆ.
لەکاتی ژەمەکان
زانایان پێیان وایە ئاواز و میوزیک کەشێکی رۆمانسی دەبەخشێتە مرۆڤ و ئارامتر لەوەی هەیە رەفتارمان پێدەکات ئەمەش کاردەکاتە سەر مێشک و لەسەر خۆتر ژەمەکەمان دەخۆین، بەڵام مەرج نییە هەموو ئاوازە مۆسیقیەکان تەندروست بن و وابکەن کەمخۆرو لەسەرخۆبیت، جۆری ئەو میوزیکیەی لە کاتی نانخواردن گوێی لێ دەگرین کاریگەری زۆری هەیە بەسەر زۆرخواردن و زیادبوونی کێشمان، سەلمێندراوە ئاوازە لەسەرخۆ و سەمفۆنیای کەڵە هونەرمەندەکان لەکاتی ژەمەکانی خواردن وادەکەن کەسەکە بە هێواشی و ئارامی و تەندروستییەوە خواردن بخوات.
جاز قەڵەومان دەکات
توێژەرە ئەمریکییەکان سەلماندویانە میوزیکی جۆری جاز کاری نەرێنی دەکاتە سەر مرۆڤ و وادەکات زیاتر لەزەت لەخواردن وەرگرێت، خۆئەگەر بە بەردەوامی ئەوەبکەیت بەدەم ژەمەکانی خواردنەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە چەند کیلۆیەک لەکێشت زیاد دەبێت، ئەو زانایانە ئەزمونیان لەسەر 99 کەس لەتەمەنی جیاجیادا کردووە و لە چەند ژەمێک هەمان خۆراکیان لەبەردەم داناون و چەند پارچە میوزیکیەکیان بۆ لێداون لەسەر نزمی جیاجیا بۆ چەند رۆژێک ئەمەیان دووبارەکردۆتەوە، لەکۆتاییدا بۆیان دەرکەوتوە ئەوانەی لە کاتی ناخواردن مۆمێک دادەگیرسێنن و گوێ لە میوزیکی کلاسیک و سەمفۆنیا دەگرن لەسەر خۆو کەمتر دەخۆن لەوانەی گوێ لە جازو راپ دەگرن، چونکە گوێگرتن لە ئاوازەکانی جاز وادەکات مرۆڤ بەهەڵەشەیی و بەپەلەپەل و خێراتر نانبخوات لەوەی گوێ لە کلاسیک دەگرێت، خێرا نانخواردنیش رەفتارێکی باش نییە، چونکە مێشک درەنگتر  ئاماژەی تێربوون دەداتە گەدە و دەست لەخواردن بەردەدەیت، بەمجۆرە ئاسەواری خەراپی بەسەر زیادبوونی کێشی مرۆڤەوە دەبێت.
سەرچاوە: TZ. De، Focus

بابەتە پەیوەندیدارەکان