راپۆرتی: جەمال ئارێز
له بازاڕهكانی جیهاندا بهرزبۆوە و مهترسی ئەوەی لێدەکرێت کە زیان به گهشهی ئابووریی زۆربەی ناوچە و وڵاتانی جیهان بگهیهنێت ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی دووبارە لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نهوت خواست لهسەر وزە و بەتایبەتی سووتەمەنی.
لەو رووەشەوە بەرزبوونەوەی نرخی یهك بهرمیل نهوتی برێنت بە رێژەی 0.42 دۆلار ، ئەگەرچی بەراورد بە مانگەکانی ئازار و نیسان نزمترە، بەڵام بەراورد بە خواستی وڵاتان لەسەر وزە و نەمانی وزەی ئەمبارکراو و رۆیشتن بەرەو وەرزی پایز و زستان مەترسیی زیاتر دروست دەکات، چونکە لەلایەک خواست زیاد دەکات و لەلایەکی دیکە ئەمبارەکانی سووتەمەنی بەتاڵتر دەبنەوە و لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە گەشەی ئابووریی وڵاتانی بەکاربەری سووتەمەنی روو لە پاشەکشەیە بەهۆی لەکارکەوتنی زۆرێک لە کارگە و فابریکەکانی بەرهەم هێنان، بەهۆی کەمبوونەوەی وزەی کارەباوە و لەو رووەشەوە لە چەند رۆژی رابردوودا میدیاکانی جیهان رایانگەیاند کە تەنها لە وڵاتێکی مەزنی وەک بەریتانیادا بە رێژەی 60 ٪ کارگەکان لەکارکەوتوون بەهۆی گرانبوونی نرخی کارەباوە، بێگومان بەرزبوونەوەی نرخی کارەباش هەر پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە (گاز و نەوت).
کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتی تاک
مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گاز و نەوت بەتەنها وڵاتانی کڕیاری نەوت گیرۆدە ناکات، بەڵکو تاکەکانی ئەو وڵاتانەش باجەکەی دەدەن چ ئەوانەی کار دەکەن و چ ئەوانەش کە بێکار دەبن.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ئەگەر تەنها بەریتانیا وەک نموونە وەربگرین، بەهۆی لە کارکەوتنی 60 ٪ ی کارگەکانییەوە، ملیۆنان کەس لەو وڵاتە بێکار دەبن، تەنانەت ئەگەر بڕێک بیمەی بێکارییش لە دەوڵەت وەربگرن، ئەوا دەرەقەتی ئەو دۆخە نایەن کە لەزستانی داهاتوودا بەرۆکیان دەگرێت، تەنانەت ئەوانەش کە کارەکانیان لەدەست نادەن و لەو 40 ٪-ەی دیکەی کارگە و کارخانەکاندا کاردەکان، هەر گیرۆدەی ئەو دۆخە گرانییە دەبنەوە کە بەرۆکی وڵاتەکەیانی گرتووە، چونکە سەرچاوە ئابوورییەکان باس لە گرانبوونی کاڵا و پێداویستییەکان دەکەن بە رێژەی 20 – 25 ٪ بەرەو سەرەوە و بەرزبوونەوەی باج و کرێی کارەبا بە رێژەی زیاتر، بۆیە هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی نەوت و وزە پێچەوانە هاوڕێژە دەبێتەوە لەگەڵ دۆخی گەشەی ئابووریی وڵات و تاکەکانیشدا و ئەوەش ئەگەری ئەوەی هەیە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە رێژەی تاوان و دزیش زیادبکات، جگە لەوەش لەڕووی سیاسییەوە هەستی رەگەزپەرستی بەرامبەر بێگانە لەو وڵاتانەدا روو لە هەڵکشان بکات کە لە رابردووی گەشەی ئابوورییاندا پشتیان بە دەستی کاری بێگانە بەستووە.
لەودیو بەریتانیاوە چی دەگوزەرێت
بۆیە بەریتانیامان وەک سیمپڵ وەرگرت، لەبەریەوەیە هەر خۆی دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە بە درێژایی دوای جەنگی دووەمی جیهان لە پێشەوەی هەموو وڵاتانی کیشوەری ئەوروپاوە بووە و هەمیشە پاوەنی بەریتانی بەهاکەی لەسەروو دۆلار و یۆرۆوە بووە، بۆیە ئەگەری هەیە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا زۆر لەوەی بەریتانیا زیاتر ئابوورییەکەیان بەرەو داتەپین و داڕووخان بڕوات، بەتایبەتی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا کە لەدوای رووخانی بلۆکی سۆشیالیستییەوە چوونەتە ناو یەکێتیی ئەوروپاوە، چونکە بەشێک لەوانە جگەلەوەی هەر بۆ خۆیان خاوەنی ئابوورییەکی فشۆڵ و لەرزۆکن، بەڕێوەبردنی ئابوورییەکەیان هێشتا بەڕێوەبردنێکی تێکەڵەیە لە سیستمی سۆشیالیستییە کۆنەکە و سەرمایەداریی خۆرئاوایی، بۆیە لە 30 ساڵی دوای رووخانی بلۆکی سۆشیالیستیدا هێشتا لە قۆناغی راگوزەر دەربازیان نەبووە و نەشبوون بە خاوەنی ژێرخانێکی ئابووریی ئەوتۆ کە بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن و لەخەم بڕەخسێن تا پشت بە دەستگیرۆیی دەرەکی نەبەستن.
بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا بەگشتی
وڵاتانی ئەوروپا چ ئەوانەی بەهێزن و ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆن و لە گروپی (G7 و G20) یشن و چ ئەوانەش کە لە رووی ئابوورییەوە بێهێز و لاوازن، ئەگەری هەیە هاووڵاتییەکانیان تووشی هەمان ئەو قەیران و تەنگژانە ببنەوە، ئەگەرچی رێژەکە لە وڵاتێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە، بەڵام بەگشتی گیرۆدە دەبن، چونکە شێوازی ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتانە بەراورد بە وڵاتانی هەژار و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست جیاوازبووە لە چەند دەیەی رابردوودا و بەشێک لەو وڵاتانە زۆرترین خەڵک رووی تێکردوون لە ژێر ناوو ناونیشانی جیاجیادا، بەڵام پاساوە سەرەکییەکە پاساوی ئابووریی و خۆشگوزەرانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بووە، بۆیە روبەڕوبوونەوەی ئەو وڵاتانە لەگەڵ کەمبوونەوەی کارەبا و وزە و پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی بێکاری و زیادبوونی باج و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان ئەگەری ئەوەی هەیە هاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە.
مەترسی ئەوە دەکرێت وڵاتانی فرۆشیاری نەوت و وزە بکەونە نێوان بەرداشی خۆرئاوا و روسیاوە لە پڕکردنەوەی بۆشایی وزەی روسیا بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا و خۆرئاوا بەگشتی و باجەکەشی جگە لە ئابووری، سیاسیش بگرێتەوە
مەترسی روو وەرگێڕانەوە
ئێستا بە گوێرەی تێڕوانینی شارەزایانی بواری ئابووریی و سیاسی، مەترسی ئەوە هەیە کە لە ئەنجامی ئەو دۆخە ئابوورییەی بەرۆکی زلهێزەکان و کڕیارانی وزەی گرتۆتەوە لە ئەوروپا و خۆرئاوا بەگشتی، جارێکی دیکە زلهێزە ئابوورییەکان بەرگەی قەیرانێکی دیکەی ئابووریی وەک ئەوەی ساڵانی 2008 – 2010 نەگرن، بۆیە بەدووری نازانن قەیرانە ناوخۆییەکانیان هەناردەی دەرەوەی خۆیان بکەن وەک ئەوەی قەیرانەکەی دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەیان هەناردە کرد بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بە ناوی بڵاوکردنەوەی دیموکراسی و گۆڕینی رژێمە سیاسییەکانەوە دەستیانگرت بەسەر پارە و سامانی نهێنی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەی رژێمەکانیان رووخێنرا و قەرەبووی گرفتە ئابوورییەکانی خۆیان پێکردەوە، بۆیە ئەو مەترسییە لەلایەن شارەزایانەوە بەدوور نازانرێت، بەتایبەتی کە زۆرێک لە فەرمانڕەواکانی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەرچی خاوەنی نەوت و وزەن و دەتوانن پێداویستییەکانی بازاڕی ئەوروپا و خۆرئاوا لە وزە و نەوت پڕبکەنەوە کە بەهۆی سزاکانی سەر مۆسکۆوە تووشیان بووە، بەڵام نایانەوێت یان ناوێرن بچنە ناو گەمەی ئەو زلهێزانەوە و مەترسییەکانی نادیدەگرتنی رۆڵی روسیا دەزانن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە تاچەندی تر ئەو فەرمانڕەوا خۆرهەڵاتییانە دەتوانن خۆیان لەبەر گوشاری خۆرئاوادا بگرن و رۆڵی روسیا فەرامۆش دەکەن، ئەی ئەگەر فەرامۆشیان کرد هەڵوێستی روسیا و هاوپەیمانەکانی دەرهەق بەو وڵاتانە چی دەبێت؟