ئا: عەبدوڵڵا سدیق
زیاتر لە 200 رۆژە جەنگ لە ئۆکرانیا بەردەوامە، لە وتەیەکیشدا بۆ گەلی ئۆکرانیا فلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند: زۆر سوپاسی سوپای ئۆکرانیا دەکەم، کە لە ماوەی رابردوودا سەدان شارو شارۆچکەی ئۆکرانیایان لەچنگی روسیا رزگار کردووە، دواجاریش شارەکانی بالاکیا و ئیزیوم و کوبیانسکیشی رزگار کرد، کە سێ ناوچەی ستراتیژی گرنگن. هەفتەی رابردوو لە هەرێمی باکووری خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا، سوپای روسیا رووبەڕووی شکستی گەورە بۆتەوە. هەندێک پسپۆڕی سەربازیش ئەمە بەسەرەتای شکستی گەورەی سوپای روسیا دادەنێن لە ئۆکرانیا، هەرچەندە میدیاکانی روسیا باس لە کشانەوەی تەکتیکی دەکەن. ئەم سەرکەوتنانەی دوایی سوپای ئۆکرانیا لە تەواوی جیهاندا بە شكستی روسیا دادەنرێت. بەڵام لەرووی ئابوورییەوە، ئۆکرانیا لە رەوشێکی زۆر خراپدایە. بەپێی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتیی و کۆمسیۆنی ئەوروپا بێت، بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەوەی جەنگ وێرانی کردووە، ئۆکرانیا پێویستی بە زیاتر 360ملیار دۆلارە.
شکستی گەورەی سوپای روسیا
لە سەرەتای جەنگەکەوە سوپای روسیا لە پێشڕەویدا بوو، بەڵام وردە وردە رووبەڕووی شكستی گەورە بۆوە بەتایبەتی لەم یەک دوو هەفتەیەی پێشوودا، ناوچەیەکی زۆری لەدەستداوە، لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی خارکێف کشاوەتەوە، ئەمەش بە شکستێکی گەورە بۆ روسیا دادەنرێت و ئۆکرانیاش بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خۆی دادەنێت. هەفتەی پێشوو لە بەیاننامەیەکدا سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند: لەم مانگەدا نزیکەی هەشت هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی ئۆکرانیایان لە دەستی سوپای روسیا رزگار کردووە. ئەمەش گەورەترین سەرکەوتنە بۆ سوپای ئۆکرانیا و لە سەرەتای جەنگەکەوە هەتا ئێستا، سوپای روسیا بەو رووبەرە فراوانە پاشەکشەی نەکردووە.
لە سنووری روسیا نزیک بوونەتەوە
لەلایەکی ترەوە جەنەڕاڵ زالجونی سەرۆکی گشتی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند: سوپاکەمان بەرەو خارکێف هەنگاو دەنێت، لە بەشی باشوور و خۆرهەڵاتی شارەکەشەوە، پێشکەوتنی گەورەمان تۆمار کردووە. هەروەها بەرەو باکووریش هەنگاو دەنێین. راشیگەیاند: ئێستا لە سنووری روسیا نزیک بووینەتەوە و تەنها 50 کیلۆمەتر لێیان دوورین.
زیلینسکی داوای چەکی زیاتر دەکات
لە درێژەی پەیامەکەیدا زیلنسکی رایگەیاند: ئەم زستانە، وەرزێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئێمە و ئەوروپاش، ئەگەر چەکی مۆدێرن و زیاترمان دەستبکەوێت، ئەوا بە تەواوەتی خاکی ئۆکرانیا لە چنگی داگیرکەران رزگار دەکەین. وتیشی: ئەم 90 رۆژەی داهاتوو، چارەنووسی ئۆکرانیا دیاری دەکات و بە تەواوەتی لە چنگی داگیرکەری روسیا رزگارمان دەبێت. لەهەمانکاتیشدا ئەم 90 رۆژەی داهاتوو لە هەموو ساڵانی تر گرنگترە بۆ بوونی یەکێتیی ئەوروپا. بەدڵنیاییەوە ئەم زستانە چارەنووسمان دیاریی دەکات.
پوتین هەڕەشە دەکات
رۆژی هەینی16/9 لەمیانی بەشداربوونی لە کۆبوونەوەی لوتکەی سەرانی رێکخراوی شەنگهای لە سەمەرقەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، فلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بە میدیاکانی راگەیاند: روسیا پەلەی نییە و نایەوێت بەم زووانە کۆتایی بە هەڵمەتە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا بهێنێت. وتیشی: سوپای روسیا بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە لە ئۆکرانیا جەنگ ناکات، هەڵمەتە سەربازییەکانیشمان بەپێی نەخشەی خۆی بەڕێوەدەچێت، بە هێواشی هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێین.
روسیا دژی دانوستان نییە
لەلایەکی ترەوە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند: روسیا دژی دانوستان نییە لەگەڵ ئۆکرانیا، بەڵام چەندە پڕۆسەی دانوستان دووربکەوێتەوە، هێندەش ئەگەری رێکەوتن و ئاشتیش دوور دەکەوێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە ماوەی چەند مانگێکە، پڕۆسەی دانوستان لە نێوان هەردوولادا راگیراوە.
شکستی ئابووریی ئۆکرانیا
هەرچەندە ئۆکرانیا لە ماوەی رابردوودا لەرووی سەربازییەوە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، بەڵام لە رووی ئابوورییەوە رووبەڕووی کێشەی گەورە بۆتەوە. ئەم جەنگە گورزێکی گەورەی لە ئابووری ئۆکرانیا داوە، چونکە بەشێکی زۆری ژێرخانی ئابووریی و کارگەکان وێران بوون، یان ناتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن بەهۆی جەنگەوە.
جێگەی ئاماژەیە لە نێوان ساڵانی 2016و 2021 ، ئابووریی ئۆکرانیا گەشەی باشی بە خۆوە بینی، بەڵام بەهۆی جەنگەوە هەموو کارو چالاکییەک وەستاوە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک بێت نزیکەی 40 % ی خەڵكی ئۆکرانیا بێکارن، هەروەها مووچەی کارمەندانی دەزگا حکومیی و ئەهلییەکانیش بە رێژەی 50 % ی کەمی کردووە.
بەپێی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی بێت، 5/1 ی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا لە هێڵی هەژاریدا دەژین. بەهۆی جەنگ و ئاوارەییەوە، رەوشی ژیانی خەڵكی زۆر خراپ بووە، لە زۆر شوێندا سەرچاوەی ئاو کارەبا و گاز و خۆراک و دەرمان دەستناکەوێت.
لەلایەکی ترەوە حکومەت بەتەواوەتی ناتوانێت باج لە هاووڵاتییان وەربگرێت تاوەکو خەرجییەکانی پێ دابنین بکات. هەروەها هەڵئاواسان بە رێژەی 37 % بەرزبۆتەوە. هەموو کەرەتە ئابوورییەکانی وڵاتیش، بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەکی کەوتووە، راستە لە مانگی ئابدا، کەمێک جووڵەی بازرگانی روویداو بەتایبەتی لەکەرتی کشتوکاڵیدا، پاشئەوەی روسیا و ئۆکرانیا رێکەوتن کە رێگە بدرێت ئۆکرانیا بەرهەمی دانەوێڵەی بە جیهان بفرۆشێت، بەتایبەتی وڵاتە هەژارەکان. بەڵام ئەم جووڵەیەش زۆر کەمە و ناتوانێت ئابووریی ئۆکرانیا هەڵبستێنێتەوە.
360 ملیار دۆلاری پێویستە
بەپێی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتیی و کۆمیسۆنی یەکێتیی ئەوروپا بێت، بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا، حکومەتی ئۆکرانیا پێویستی بە 360ملیار دۆلارە. هەر بەپێی ئەو راپۆرتە بێت، ئەم جەنگە زیانی نزیکەی 97 ملیار دۆلاری لە کەرتەکانی: خانووبەرە، رێگەوبان، کارگە و دەزگا ئابوورییەکان داوە. هەروەها نزیکەی 252 ملیار دۆلاریش، زیانی لە ئابووریی ئۆکرانیا داوە. هەر لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، ئۆکرانیا بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە 105 ملیار دۆلارە، بۆ ئاوەدانکردنەوەو نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە، نەخۆشخانە، رێگەوبان و کارگەکان. هەروەها بۆ دابینکردنی گاز و سەرچاوەی سروشتی بۆ ئەم زستانە.
سەرچاوە: کەنالی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانیا.
سایتی بی بی سی.