رێكخراوێكی ژینگەپارێز لە هەوڵی سەوزكردنی كەركوكدایە

10:05 - 2022-09-20
ڕاپۆرت
460 جار خوێندراوەتەوە
#هەڵمەتێکی نەمام چاندن لە گەڕەکێکی شاری کەرکوک

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

هەندێكجار رێكخراوەكانی ژینگە پارێزی چاندن‌و سەوزكردنی شاری كەركوك لە ئەستۆ دەگرن، پڕۆژەكەیان کاتییە و بەردەوام نابێت، بۆیە سەوزكردنەوەكەشیان بەرەو پووكانەوە دەچێت و هیچ شوێنەوارێكی نامێنێت، ئەو رێكخراوانە كارێكی باش دەکەن و ئامادەی دەكەن بۆ لایەنە حكومییەكان، بەڵام پارێزگا و شارەوانی كەمتەرخەمن لە ئاودان و سەوزهێشتنەوەی شارەكە.
رێكخراوی ژینگەیی زۆر لە كەركوك هەن، بەڵام لەماوەی ئەم چوار ساڵەی دوایدا رێكخراوێكی وەكو كۆكار توانیویەتی لەسەر ئاستی پارێزگاكە کارێكی باش پێشکەش بە شارەکە بکات و هەڵمەتێکی نەمام چاندنیان لە گەڕەك و كۆڵانەكانی كەركوك،  دەستپێکردووە.

خەڵكێكی زۆر خۆیان ناونووس كردووە
ئیسماعیل مەجید بەڕێوەبەری رێكخراوی كۆكاری ناحكومی راگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا رێكخراوی (كۆكار) كە رێكخراوێكی سەربەخۆ و بێ لایەنە سەوزكردن و چاندنی 30 هەزار نەمامی لەچەند گەڕەكێكی جۆراو جۆری كەركوكدا دەستپێکردووە بەمەبەستی سەوزكردنی شارەكە، خۆشبەختانە خەڵكێكی دیاریكراویش وەك خۆبەخش كاریانكردووە لە هەڵكەندن و چاندنی نەمامەكاندا بە سەرپەرشتی چەند ئەندامێكی رێكخراوەكە، هەروەها خەڵكێكی زۆر لە دانیشتوانی كەركوك وەكو خۆبەش نەمامەكان وەردەگرن و لەگەڕەك و كۆڵانەكان و قەزاو ناحیەكان دەیڕوێنن.
وتیشی: رێكخراوەكەیان لە ساڵی 2017ەوە دامەزراوە و مۆڵەتیشیان هەیە و نەمامگەیەكی تایبەتیان بۆ دامەزراندووە، لەنێوان ساڵانی 2019 تا 2021، نزیكەی 47 هەزار نەمامیان چاندووە، ساڵی 2019 دە هەزار نەمام، ساڵی 2020 چواردە هەزار نەمام، ساڵی 2021 بیست هەزار، بۆ ئەمساڵیش 30 هەزار نەمامی دابەشكردووە بۆ چاندن، بەپێی رێژەكانیش بێت ساڵ لەدوای ساڵ زیادی كردووە و شوێنی زیاتریان بە نەمام رواندووە، ئامانج لەم كارەش ئەوەیە تا ساڵی 2030 بیگەیەنینە یەك ملیۆن نەمام.

بانگەوازەكانیان بەردەوامە
چەند مانگێك پێش دەسپێكردنی چاندنی نەمام لە كوچە و كۆڵانەكانی كەركوك بانگەواز و ریكلامكردن دەستپێدەکات بۆ ئەو كەسانەی خۆبەخشكار دەكەن لەگەڵ رێكخراوی كۆكاری ناحكومی یان دەیانەوێ نەمام وەربگرن و لە شوێنەكانی خۆیان بیڕوێنن، كارتێكی تایبەتیان پێدەدرێت، هەموو ئەوانەی خۆبەشانە كاردەكەن لە رۆژێكی دیاریكراودا كاردەكەن بۆ سەوزكردنی گەڕەك و كۆڵانەكانی شاری كەركوك.
ئەركەكانی هاووڵاتی
نەخشین عەلی، دانیشتوی گەڕەكی دەروازەی شاری كەركوكە، لەسەر چاندنی ئەو نەمامانەی چەند رۆژێك لەمەوبەر روێنرا، وتی: كارێكی پیرۆزە، بەڵام خەڵكی زۆر لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نیین بەرامبەر پاراستنی ئەم نەمامانە، وەكو پێویست لەلایەن هاووڵاتیانەوە سەرپەرشتی ناكرێت.

هەڵسەنگاندن بکرێت
خاتوو شكۆفە محەمەد، ئەندامی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز دەڵێت: رێژەی سەوزایی 2%ی تێپەڕ ناكات، ئەمەش ئاستێکی ترسناكە، ئەگەر چارەسەرێكی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەنجامێکی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە.
وتیشی: ئەم كارەی رێكخراوی كۆكاری ناحكومی دەبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت لەچوار چێوەی ئەم چەند ساڵەی كاریانكردووە لە رواندنی ژمارەی نەمامەكان، ئایا چەندێكی لێ سەوزبوون؟ چەندێكی لەناوچووە؟، ئایا چەندێك توانیویەتی رێژەی سەوزایی لە كەركوك بەرز بكاتەوە؟، ئایا توانیویەتی بەپێی ئەو رێنمایانە کاربکات ژینگە پارێزان بانگەوازی بۆ دەكەن؟.

شارەوانیش هاوكاریان دەبێت
فەرەیدون عادل زەنگەنە سەرۆكی شارەوانی كەركوك، رایگەیاند: شارەوانی لە گەلێك كات و شوێنی دیاریكراودا بەدەم گەلێك رێكخراوی نا حكومی و حكومی و ژینگە پارێزدا هاتوون و لە كارەكانیاندا دەستمان گرتوون، هەندێك لەم رێكخراوانە  خۆیان بەردەوام نەبوون یان لە نیوەی رێگەدا كۆڵیانداوە، بەڵام رێكخراوی ناحكومی كۆكار ئەركی پیرۆزی خۆی بەجێهێناوە، ئەركە لەسەر شارەوانی و هاووڵاتی و ژینگە پارێزان دەستی هاوكاریان بۆ درێژبكەن بۆ ئەوەی پڕۆژەكەیان لە هەموو ساڵێکدا بەردەوام بێت.
وتیشی: لە كەركوك سەدو 84 باخچە هەیە، بەڵام شارەوانی كەركوك وەكو پێویست فەرمانبەر و كارگوزاری پێویستی نییە بۆ كار راییكردنی باخچەكان ئەمەش گەورەترین گرفتی بۆ دروستكردوین، چونكە هەر باخچەیەك یان پاركێك دروستكرا سەرەتا دەبێت سەرجەم پێداویستیەكانی بۆ دابین بكرێت ‌و هەر شوێنێكیش خزمەت نەكرا بەتایبەتی باخچە و پارك هاووڵاتیان سەردانی ناكەن.

بە هاوکاری رێکخراوەکان باخچەکان دەبوژێنیەوە
باسی لەوەشکرد: وەك سەرۆكی شارەوانی كەركوك پێشنیاری دروستكردنی چەند ناوچەیەكی گەشتیاریم خستووتەڕوو ئەگەر جێبەجێكرا، شارەوانی دەتوانێت بە باشترین شێوە سەرپەرشتی بكات، چونكە دەسەڵاتی شارەوانی كەركوك تەنها لەناو شارە و بەپێی پێویست توانیومانە باخچەكان نۆژەن بكەینەوە و درەختی تێدا بچێنین، لە كەركوك تەنها شەش پارك بۆ حەوانەی دانیشتوانی شارەكە هەیە و لەو ژمارەیەش سێ دانەیان بەپێی خواستی هاووڵاتیان نییە، چونكە بەپێی پێویست خزمەت نەكراوە و هۆكارەكەشی بەغدایە بودجەی پێویستمان بۆ دابین ناكات بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێویست خزمەتی سەوزایی ناو شاری كەركوك بكەین. بۆیە داوا دەكەم هەر رێكخراوێكی ناحكومی ژینگە پارێز ئەگەر دەستی یارمەتیمان بۆ درێژ بكات دووبارە دەتوانین باخچەكان ببوژێنینەوە.  

#كەركوك #رێكخراوەكانی ژینگە پارێزی

بابەتە پەیوەندیدارەکان