بوومەلەرزە سەرسوڕهێنەرەكەی مەكسیك

10:15 - 2022-09-21
جیهان
598 جار خوێندراوەتەوە

ئا / ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
19ی ئەم مانگە، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر وڵاتی مەكسیكی هەژاند، رووداوەكەش بە «سەرسوڕهێنەر» ناودەبرێت.
لەوبارەیەوە ئاژانسەكانی هەواڵ لەو وڵاتە، بڵاویانكردۆتەوە كە بوومەلەرزەیەكی بەهێز خۆرئاوای مەكسیكی هەژاندووە، بەهێزیی بوومەلەرزەكە بەشێوەیەك بووە كە لە دووریی هەزاران میلەوە هەستی پێكراوە.
پسپۆڕانی چاودێریی بوومەلەرزە، «ئەم رووداوە بە سەیر و سەرسوڕهێنەر ناودەبەن»، بەوەی بوومەلەرزەكەی رۆژی دووشەممە هاوكاتە لەگەڵ دوو بوومەلەرزەدا لە هەمان شوێن و كاتدا، كە یەكێكیان ساڵی 1985 بە گوڕی 8.1 پلەی رێختەر بووە و بۆتەهۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار كەس، هەروەها بوومەلەرزەی دووەمیان ساڵی 2017 روویداوە و بەهۆیەوە 369 كەس گیانلەدەستداوە، كە ئەمەیان گوڕەكەی 7.1 پلەی رێختەر بووە.
ئاژانسی نیشتمانی بۆ چاودێریی بوومەلەرزەش، ئەوەی خستۆتەڕوو كە بەهێزیی بوومەلەرزەكەی رۆژی 19ی مانگ 7.4 پلە بووە. بەڵام پەیمانگەی ئەمریكی بۆ رووپێوی جیۆلۆجی، ژمارەیەكی دیكەی تۆماركردووە كە بەهێزیی بوومەلەرزەكە 7.6 پلەیە.
ناوەندی بوومەلەرزەكەش دیاریكراوە، كە دوورییەكەی 59 كیلۆمەترە لە باشووری كوالكومان لە ویلایەتی میشواكان لەسەر كەناراوەكانی زەریای هادی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان