خوێندكارێك لە هەولێر: هاوكارییەكانی سەرۆک بافڵ جێگای ستایشن

11:46 - 2022-09-22
ڕاپۆرت
534 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر / رەوەست نەوزاد

 لە ساڵی رابردووەوە و پاش چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ خوێندکارانی ناڕازی، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنی جێبەجێکردنی داخوازییەکانی پێدان و هەر لەو چوارچێوەیەدا بەبڕی زیاتر لە 13 ملیار دینار چەندین پێداویستی جۆراو جۆری گەیاندە خوێندکاران، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی خوێندکارانی بە سەرمایەی نیشتمانیی ناوبرد، خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە پارێزگای هەولێریش داواکارن سەرۆکی هەموو حزبەکان هاوشێوەی سەرۆک بافڵ قسەکانیان بە کردار جێبەجێ بکەن.

داواكارییەكانیانی جێبەجێکرد
هەڤاڵ عەبدولڕەحمان چالاكوانێكی بواری پەروەردە و خوێندكاری زانكۆیە لە شاری هەولێر دەڵێت: لە ساڵی رابردوودا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی خەمخۆری راستەقینەی خوێندكاران بوو توانی رۆڵێكی باشی هەبێت چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ خوێندكاران کرد و وەک بەڵێنی پێدان و داواكارییەكانیانی جێبەجێ کرد بە نۆژەنكردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان و بە مەركەزیكردنی گازی بەشە ناوخۆییەكان و دروستكردنی پەیمانگای كۆمپیوتەر لە خانەقین و دروستكردنی بەشە ناوخۆیی لە چەند شوێنێكی ترو دابینكردنی پێداویستییەکان بۆیان، هەروەها لە ژێر فشاری بەڕێزیان بوو دەرماڵەی خوێندكاران دووبارە دابینكرا ئەوەش جێگای شانازیە.
وتیشی: خوێندكارانی هەولێریش لەناو بەشە ناوخۆییەكان كەموكوڕی زۆریان هەیە، ئێستا پێداویستی بەشە ناوخۆییەكانی سلێمانی لەگەڵ ئەوانەی هەولێر جیاوازن و باشترن، ئەوانەی هەولێر كەموكوڕی زۆریان تێدایە بیناو كەلوپەلەكان كۆنن جێگایەكی لەبار نییە بۆ توێژی خوێندكاران، دەبوو لە دهۆك و هەولێر و شوێنەكانی تریش حزب و لایەنە سیاسییەكان هاوکاری بەشە ناوخۆییەکان بکەن و داواکارییەکانی خوێندکاران جێبەجێ بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەك خوێندكارانی هەولێر داوا دەكەین سەرۆك بافڵ چۆن لە كۆیە و هەڵەبجە و سلێمانی و گەرمیان و خانەقین كێشەكانی خوێندكارانی چارەسەركرد، بەتایبەتی كە ئێستا وەرزی سەرما بەڕێوەیە هیوادارین هاوكاری خوێندكارانی هەولێریش بێت، چونكە جگە لە بەڕێزیان هیچ كەسێكی تر شك نابەین و تائێستا کەس ئامادە نەبووە هاوکاریمان بکات.

خوێندكاران سەرمایەی نیشتمانی و نەتەوەیین
دانا لوقمان خوێندكاری كۆلێژی زانستە سیاسیەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین وتی: هەوڵ و هاوكارییەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی جێگای ستایش و دڵخۆشین بۆ ئێمەی خوێندكاران كە گڕ و تینێكی بەهێزیدا بەئێمە بۆ ئەوەی ببینە نەوەیەكی پڕشنگدار و پڕ ئەزموون بۆ دواڕۆژ، جێگای خۆشحاڵیشە  سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ خوێندكاران كۆدەبێتەوە و گوێڕایەڵی خەم و داواكارییەكانیان دەبێت بەڕاستی ئەمە ئەزمونێكی نوێیە لە كوردستان كە خوێندكاران بتوانن لەگەڵ سەركردەیەكی سیاسی دابنیشن و خەم و ئازارەكان و گلەیی خۆیان بە سەركردەیەك بگەیەنن.
باسی لەوەشكرد، ئەم كۆبونەوانەی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی كە چەند رۆژێكی خایاند لەگەڵ خوێندكاران سەلمێنەری ئەو راستیەن لەلای یەكێتیی خوێندكاران سەرمایەی نیشتمانی و نەتەوەیین، بۆیە هیوادارین هاوشێوەی هەوڵەكانی بەڕێزیان سەرۆکی حزبەکانی تریش لەگەڵ خوێندكاران دابنیشن و گوێڕایەڵی داواكاری و ئازارەكانیان بن، چونكە بەهۆی گرانییەوە خوێندکاران لە دۆخێکی نا هەمواردان.
هاوکات رێباز عزەدین خوێندكاری بەشی یاسا لە هەولێر وتی، دەستخۆشی لە سەرۆك بافڵ دەكەین لە ماوەیەكی كەمدا توانی لەگەڵ خوێندكارانی سنووری سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی ئەم سنوورە دابنیشێت و گوێیان لێبگرێت و كێشەكانیشان چارەسەر بكات وەكو دابینكردنی دەرماڵە و خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆییەكان كە خۆی دەبینێتەوە لە نۆژەنكردنەوەیان و دروستكردنی باڵەخانەی نوێ لە زانکۆکان بەتایبەتی لە ئیدارە سەربەخۆكان كە پێویستیەكی زۆریان پێی هەبوو بەڕاستی ئەم كارە شتێكی تازە و گرنگ بوو بۆ هەرێمی كوردستان و سەرجەم عیراقیش سەرۆكی حزبێكی گەورە بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ ئەو توێژە دابنیشێت و كێشەكانیان لە ماوەیەكی نزیكدا چارەسەر بكات.

باڵەخانەكانی پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە
وتیشی: بۆ ئەم كارانە ئێمە وەكو خوێندكارانی هەولێر دەستخۆشی لە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی دەكەین و ئومێدیش دەكەین بەرپرسانی هەولێر و دهۆكیش چاوی لێبكەن بۆ یارمەتیدانی خوێندكاران و بەشە ناوخۆییەكان لەبەرئەوەی كێشەی گەورەیان هەیە لە رووی خزمەتگوزاری و باڵەخانەكانی پێویستیان بەنۆژەنكردنەوەی زۆر هەیە، هاوکات هەوڵە بەردەوامەكانی ئەو بوو  توانی دەرماڵەی خوێندكاران كە بڕابوو بگەڕێنێتەوە، داواش دەكەین لە رێگای تیمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە حكومەت هەوڵی زیادکردنی بڕی دەرماڵەی خوێندکاران بدرێت.
هەر لەوبارەیەوە ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە هەموو بەرپرسانی هەرێم چاو لە سەرۆكی یەكێتیی بكەن و خزمەتکردنی خوێندکاران بکەنە کەلتوور.
وتیشی، لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ پۆلێك لە خوێندكاران كۆبوونەتەوە بۆ ئاگاداربوونی زیاتر لە رەوشی خوێندکاران و ژینگەی خوێندن و زانینی کەموکوڕییەکانیان و جێبەجێکردنی داخوازییەکانیان.

هاوکارییەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ خوێندکاران

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان