ئا: ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
لە دوای كشانەوەی بەشێكی هێزەكانی روسیا لە هەندێك لە ناوچەكانی ئۆكرانیا و كیێڤ، زۆرێكی میدیا جیهانییەكان پێیانوایە لەگەڵ جەنگی روسیا و ئۆكرانیا، نەخشەیەكی نوێی سیاسی لە جیهاندا بەڕێوە دەچێت. ئەم نەخشە سیاسییە كۆمەكی بە هەندێك وڵات كردووە بتوانێت لە گۆشەگیریی و پەڕگیرییەوە بێتە دەرەوە و هەنگاوی گەورە بهاوێژێت و خۆڕاتەکاندنێکی گەورە بکەن. لە لایەکی تریشەوە پوتین داوای چەکهەڵگرتن لە هاووڵاتیانی روسیا دەکات.
چین، لوتكەی شەنگهایی و تایوان
ئێستا چین یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بە جیاوازییەكی زۆرەوە لە چاو ساڵانی رابردوودا خاوەن پێگەیەكی گەورەیە و خۆی وەک خاوەن پڕۆژە و ئەجێندایەکی نوێ دەبینێت بۆ ئابووری جیهان و مامەڵەیەکی سەربەخۆیانە لەگەڵ زۆرێکی وڵاتانی جیهان دەکات.
رۆژنامەی بەناوبانگی ئەڵمانی «هاندێلسبلات» لە راپۆرتێكی ورد و پڕ زانیاریدا دەڵێت : دیداری سەرۆكی چین «شی جین پینگ» لە لوتكەی شەنگهایدا، هەمووی ناردنی پەیامە بۆ نەیارەكانی چین كە ئەو سیاسەتێكی سەربەخۆی هەیە و ئاماژەیە بۆ پشتیوانی چین لە سیاسەتەكانی مۆسكۆ.
لە بەرامبەردا رەنگە سەردانەكەی نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بۆ تایوان یەكێكی دیكە بێت لەو هۆكارانەی كە چین بە شێوەیەكی روون بە ئاڕاستەی روسیادا هەنگاو بنێت.
ئێران و رێكەوتننامەی ئەتۆمی
خولی هەشتەمی دانوستانەكانی ڤییەنا بۆ كاراكردنەوەی رێكەوتنی ئەتۆمی بەردەوامە، ئەمەش دەرفەتێكی نوێی هێناوەتە پێش بۆ كرانەوەی زیاتری ئێران. دوای ئەوەی وڵاتانی كۆمەڵەی حەوت بڕیاری دانانی سنوورێكیان بۆ نرخی نەوتی روسی داناوە، رەنگە سەركەوتن لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەدا وابكات ئێران بچێتە دۆخێكی نوێوە لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوادا.
بۆ هەر کرانەوەیەکی ئێران لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوادا، تەنها شتێک رێگر بێت ئەوەیە، ئایا روسیا و چین دەهێڵن ئێران بەو قورسییەی وزەوە بچێتە ناو ئەوروپاوە و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوان؟ لە كاتێكدا لە دوای ساڵی 2011 و دەركەوتنی رووداوەكانی سوریاوە، ئەم سێ وڵاتە راستەوخۆ مامەڵەی بازرگانی ئەمنی و سەربازی و ئابوورییان پێكەوە هەیە و بەشێك بوون لە مانەوەی و بەرگری لە سیستمی سیاسی لە سوریادا.
توركیا، بازرگانی و ئامانجی دیكە
توركیا دەیەوێت بە دوو شێوە سوود لە ئەو نەخشە سیاسییە ببینێت كە ئێستا جەنگی روسیا و ئۆكرانیا هێناویەتە گۆڕێ و دەستكاری پێگەی ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسی زۆرێكی وڵاتانی كردووە. سەرەتا لە رێگەی بازرگانییەوە دەیەوێت هەر گەنم و دانەوێڵەیەكی ئۆكرانی كە هەناردەی دەرەوە دەكرێت بەشێكی بچێتە خزمەت ئابووری توركیاوە، جا ئیدی بەهۆی رێگا دەریاییەكانەوە بێت یان لە رێگەی هۆیەكانی گواستنەوە و بەندەرەكانەوە بێت.
جەنگی روسیا و ئۆکرانیا وایكرد سوید بیر لە بابەتی ئەندامبوون لە ناتۆ بكاتەوە، بەمەش دەرفەتێکی گرنگ کەوتە دەستی تورکیا و نەك هەر لە بابەتی بازرگانی بەڵكو تورکیا لە پرسی ئەندامبوونی سویدیشدا لە ناتۆ سوودمەند ببێت. توركیا لە رێگەی رەتكردنەوەی سویدەوە توانی قورسایی خۆی بخاتەسەر سوید بۆ رادەستكردنەوەی ئەو كەسانەی كە توركیا بە بیانووی ئەندامێتی یان لایەنگیرییان بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان داوای كردبوون لە سوید، بەمەش یان دەبێت سوید داواکەی تورکیا رەت بکاتەوەو نەچێتە ناو ناتۆوە، یان دەبێت سودمەندی ئەو رێکەوتننامەیە بێت کە لەگەڵ تورکیادا ئیمزای کردووە بۆ رادەستکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە تورکیا لە سویدی داوا دەکات.
نەخشەی تەندروستی جیهان
نوێنەری رێکخراوی فاو لە باکووری ئەفریقا و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست عەبدولحەکیم واعر رایگەیاندووە: لە چەند ساڵی رابردوودا جیھان رووبەڕووی ئاڵنگاری فرەلایەن بۆتەوە و لێکەوتەی مەترسیدارییان بۆسەر ئاسایشی خۆراکی چەندین وڵات ھەبووە.
وتوشیەتی: جەنگی روسیا و ئۆکرانیا کاریگەریی لەسەر ئاسایشی خۆراکی زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی وەک عیراق و لوبنان و یەمەن ھەبووە و بۆتەھۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمبوونەوەی کاڵاکان.
پوتین داوای چەکهەڵگرتن دەکات
لە پاش ئەو شکستە گەورانەی کە لە هەفتەی رابردوودا رووبەڕووی سوپای روسیا بوەوە بە تایبەتی لە ناوچەکانی باکوور و خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا، کە نزیکەی هەشت هەزار کیلۆمەتر زەویان لە سوپای روسیا سەندۆتەوە. ئەمەش لە جیهاندا بە شکستی گەورەی روسیا دانرا. دوێنێ فلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا داوای چەک هەڵگرتن لە بەشێکی هاووڵاتیانی روسیا کرد.
کەناڵی ئار تی روسیا لە هەواڵێکدا رایگەیاند: پێشتر سوپای روسیا داوایکردبوو کە ئەوانەی توانای چەک هەڵگرتیان هەیە، دووبارە بگەڕێنەوە ناو ریزەکانی سوپای روسیا، چونکە جەنگەکە لەسەر سنووری ئۆکرانیا زۆر توند بۆتەوە.
دیارە ئەم بڕیاڕە هەموو هاووڵاتیانی روسیا ناگرێتەوە، بەڵکو وەکو میدیاکانی روسیا بڵاویانکردەوە، تەنها بەشێکی هاووڵاتیان دەگرێتەوە کە تەمەنیان بە کەڵکی ئەوە دێت دووبارە بچنەوە ریزەکانی سوپا.
پوتین لە وتارێکیدا بۆ گەلی روسیا رایگەیاند: ئەمڕۆ ئێمە رووبەڕووی سوپای ئۆکرانیا و ماکینەیەکی گەورەی ناتۆ دەبینەوە، هەربۆیە پێویستە بڕیاڕ بددەین کە بەرگریی خاک و نیشتمان و سەروەریمان بکەین.
هەر لە وتەکەیدا بۆ گەلی روسیا، پوتین رایگەیاند: خۆرئاوا دەیەوێت روسیا وێران بکات.
وتیشی: ئێمە ئامادەین بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە خاک و هاووڵاتیانی روسیا بکەین.
چاودێرانی سیاسیش ئەم بڕیاڕە وەکو دەرەنجامی ئەو شكستە دەبینن کە لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی سوپای مۆسکۆ بۆتەوە.
سەرچاوە: ئاژانسەكان