«ئه‌وه شتێكی باشه كه‌سێك له وڵاتی خۆیدا هه‌ست به ئاسووده‌یی بكات، به‌ڵام هونه‌رێكی ئه‌وه‌نده گه‌وره نییه. باشتر ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ له هه‌موو جێگایه‌كی جیهاندا هه‌ست به ئاسووده‌یی بكات. به‌ڵام ته‌نیا ئه‌و مرۆڤه كامڵه كه له هیچ جێگایه‌ك هه‌ست نه‌كات له ماڵی خۆیدایه.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
كارلۆس فۆینتس، نووسه‌ری ناوداری مه‌كسیكی كه ساڵی (2012) له ته‌مه‌نی (83) ساڵیدا له نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له مه‌كسیكۆسیتی ماڵئاوایی له ژیان كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌و خه‌مه گه‌ورانه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌ی هه‌بوو، خۆی به یه‌كێك داده‌نا كه جیهان نیشتمانی ئه‌وه.
كارلۆس فۆینتس له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه‌لتوره‌كانیش وه‌كو مرۆڤه‌كان وان، به‌و مانایه‌ی هیچ كه‌لتورێك له‌ناو خۆیدا له دایك نابێت و ته‌نیا له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌لتوره‌كانی دیكه‌دا له دایك ده‌بێت و گه‌شه ده‌كات.
ناوی كارلۆس فۆینتس له‌لای خوێنه‌ری هۆشیار ئاشنایه و رۆمانه‌كانی بۆ زۆربه‌ی زمانه‌كانی دنیا ته‌رجه‌مه‌كراون. له‌وانه‌ش بۆ زمانی فارسی.
نووسه‌ری له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان
ئه‌وه‌ی كه فۆینتس جیهانی به نیشتمانی خۆی ده‌زانی له‌وانه‌یه له‌به‌رئه‌وه بێت كه له خێزانێكی دیپلۆمات له دایك بووه و له‌م وڵاته‌وه ده‌چوو بۆ ئه‌و وڵات. له بینچینه‌دا فۆینتس سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دایك و باوكی مه‌كسیكی بوو، له خاكی مه‌كسیكدا له دایك نه‌بووه و له په‌نه‌ما چاوی به جیهان هه‌ڵهێناوه. پاشان فۆینتسیش وه‌كو باوكی چووه ناو دنیای دیپلۆماسییه‌وه و وه‌كو نوێنه‌ری مه‌كسیك له‌م وڵاته‌وه ده‌چوو بۆ ئه‌و وڵات، به‌ڵام ناكرێت هه‌موو تێگه‌یشتنێكی ئه‌م نووسه‌ره به هه‌لومه‌رجی خێزانی یان ئیش و كارییه‌وه ببه‌سترێته‌وه.
فۆینتس له گفتۆگۆیه‌كدا سه‌باره‌ت به هه‌ستی بۆ مه‌كسیك ده‌ڵێت: «من هه‌رگیز خۆم به نووسه‌رێكی ناسیونالیست نازانم، له ئه‌ده‌بدا باوه‌ڕم به ناسیونالیزم هه‌ر نییه، به تایبه‌تی له‌م رۆژگاره‌دا كه ئه‌ده‌ب بووه به مه‌سه‌له‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی.»
فۆینتس له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی گه‌وره‌ی وه‌كو گابریل گارسیا ماركیزی كۆڵۆمبیایی و ماریۆ بارگاس یۆسای پیرۆیی به نووسه‌ره گه‌وره‌كانی ئه‌ده‌بی ئه‌مریكای لاتین له قه‌ڵه‌م ده‌درێن كه بایه‌خیان به مه‌سه‌له‌ی ناسنامه‌ی سه‌ربه‌خۆی ئه‌مریكای لاتین داوه و سه‌رنجی جیهانیان به‌لای ئه‌م ناوچه‌یه‌دا راكێشاوه. به‌ڵام فۆینتس له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو، كه‌س كتێبه‌كانی ماركیز ناخوێنێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆڵۆمبیایین: «سوودوه‌رگرتنی به‌شێك له خه‌یاڵ و زمانی هه‌ر ده‌قێك له سه‌رچاوه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌گه‌رچی بابه‌تێكه قابیلی قبووڵه، به‌ڵام به ره‌گه‌زێكی چاره‌نووسساز له قه‌ڵه‌م نادرێت.»
ئه‌م نووسه‌ره مناڵی و مێردمناڵیی له شاره جیاوازه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌مریكای ناوه‌ڕاست و ئه‌مریكای لاتین به‌سه‌ر بردووه و له زانكۆكانی مه‌كسیك و سویسرا ده‌رسی مافی خوێندووه. له واشه‌نتۆن هه‌ر به‌و مناڵییه بوو به نووسه‌ر: «من له حه‌وت ساڵیدا ده‌ستم به نووسین كرد ... یه‌ك له دوای یه‌ك كاغه‌زم ره‌ش ده‌كرده‌وه.»
فۆینتس له پایته‌ختی ئه‌مریكا بۆ خۆی، له دنیای مناڵیدا، مانگی گۆڤارێكی ده‌نووسی كه هه‌موو نووسین و وێنه‌كانیشی هی خۆی بوو: «گۆڤاره‌كانم له ژێر ده‌رگای ئه‌پارتمانه‌كانی بینای شوێنی دانیشتنمانه‌وه ئاودیو ده‌كرد. پاشان، داوام له دانیشتوانی ئه‌پارتمانه‌كان ده‌كرد كه گۆڤاره‌كانیان خوێنده‌وه، بۆم بگه‌ڕێننه‌وه. پێم وایه هیچ كه‌سێك ئه‌و عه‌زێته‌ی نه‌ده‌كێشا بیانخوێنێته‌وه.»
له سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا كارلۆسی ته‌مه‌ن مناڵ به كاره‌كته‌ری «هێنری فۆندا»ی رۆمانی «هێشووه‌كانی تووڕه‌یی» جۆن شتاین بێگ ئاشنابوو كه رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه له ساڵانی قه‌یرانی ئابووری ئه‌مریكادا رووده‌ده‌ن.
وێڕای ئه‌وه‌ی فۆینتس هه‌ر له مناڵییه‌وه له خێزانێكی سه‌قامگیر و شاریدا ده‌ژیا، ئاشنای قه‌یران و ده‌رد و ئازاری خه‌ڵك ببوو. هه‌روه‌ها كاتێك له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا چوو بۆ شیلی، به‌رهه‌مه‌كانی «گابریلا مه‌ستراڵ و پابلۆ نیرۆدا»ی خوێنده‌وه و بۆ هه‌میشه له چه‌مكی «یه‌كێتیی ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت» تێگه‌یشت.
له ئه‌رجه‌نتینیش، له جێگایه‌كدا كه به‌هۆی «فاشیزمی رژێمی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه» ناچێته پۆلی خوێندنه‌وه، بۆرخیس ده‌ناسێت: «بۆرخیس وانه‌یه‌كی خێرا و گه‌وره‌ی فێركردم كه ئه‌مه‌یه: تازه‌یی رابردوو، ره‌گه‌زێكی بنه‌ڕه‌تییه بۆ ئه‌ده‌بی من.»
كاتێك گه‌ڕایه‌وه بۆ مه‌كسیك، ئه‌و نیشتمانه‌ی تیایدا له دایك نه‌ببوو، له خوێندنگایه‌كی فه‌ره‌نسی خوێندی و پاشان چووه زانكۆی مه‌كسیكۆسیتی.
نووسین، بۆ ئاشكراكردنی نه‌گوتراوه‌كان
له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی بیستدا، كاتێك خوێندكاری زانكۆی جنێف بوو، ده‌ستی به نووسین كرد. كورته‌چیرۆكه‌كانی سه‌ره‌تای كه له ئه‌فسانه‌وه‌ی ئیلهامیان وه‌رگرتووه، له قاڵبی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكدا به ناونیشانی «رۆژانی كه‌رنه‌ڤاڵ» له ساڵی 1954 دا بڵاوكرایه‌وه.
هاوزه‌مان له جنێفیش له رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كار ئاماده‌گی هه‌بوو، له هه‌مان شار، سینه‌مای «لویس بونویل»ی كه‌شف كرد. پاشان له «كواوتلا» كه یه‌كێكه له شاره‌كانی مه‌كسیك، له كاتی وێنه‌گرتنی فیلمی «نازارین»دا بۆ یه‌كه‌مجار چاوی به «بونویل» كه‌وت.
«ریتا ماسێدۆ» هونه‌رمه‌ندی مه‌كسیكی كه له‌م فیلمه‌دا رۆڵی ده‌بینی، ژنی یه‌كه‌می فۆینتس بوو. فۆینتس له وتارێكدا له لۆس ئه‌نجلس تایمزدا به ناونیشانی «هاوڕێم لویس بونویل» دۆستایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ بونویل باس كردووه.
له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی بیستدا، له‌گه‌ڵ نووسه‌رێكی تر و «ئۆكتاڤیۆ پاز»دا، گۆڤارێكی ئه‌ده‌بیان ده‌ركرد، فۆینتس دوای چاپكردنی كتێبی یه‌كه‌می زۆر زوو ده‌ستی به بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمانه‌كانی كرد. یه‌كه‌م رۆمانی به ناونیشانی «له‌و شوێنه‌دا كه هه‌وا پاكه« ساڵی «1958» بڵاوكرده‌وه، كه تیایدا ره‌خنه له كۆمه‌ڵگای مه‌كسیك ده‌گرێت. هه‌روه‌ها له شه‌سته‌كان هه‌تا هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیست به رۆمانه‌كانی دیكه‌ی زۆر زوو ناوبانگی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستهێنا: «گۆرانی كوێره‌كان، 1964»، «پێست گۆڕین، 1967»، «سه‌رزه‌مینی ئێمه، 1975»، «سێر هیدرا، 1978»، «گریانگۆی پیر، 1985» به باشترین رۆمانه‌كانی كارلۆس فۆینتس له قه‌ڵه‌م ده‌درێن.
فۆینتس رۆمانه‌كانی سه‌ره‌تای به شێوازی ریالیستی نووسی، به‌ڵام زۆر زوو شێوازی نووسینی خۆی گۆڕی و به شێوازی تایبه‌تی خۆی دەینووسی. ئه‌م رۆماننووسه باوه‌ڕی وابوو: «رۆمان بۆ ئه‌وه‌یه مرۆڤ هه‌رچی نازانێت، هه‌رچی نه‌گوتراوه تیایدا كه‌شف بكات.»
فۆینتس سه‌ره‌ڕای وتاری سیاسی، ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیشی ده‌نووسی له‌و نێوانه‌دا ده‌توانین ئاماژه بۆ كتێبی «رۆمانی نوێی ئه‌مریكای لاتین» بكه‌ین كه ساڵی «1969»بڵاوبۆوه. هه‌روه‌ها كتێبی «خۆم له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا» شرۆڤه‌ی بیروبۆچوونه‌كانی ئه‌وه سه‌باره‌ت به نووسه‌رانێكی وه‌كو میلان كۆندێرا.
نووسه‌ر گوته‌بێژی خه‌ڵك نییه
فۆینتس له گفتوگۆیه‌كدا له سه‌ره‌تای ساڵی «1990» دا ده‌رباره‌ی گه‌وره‌ترین خه‌می ده‌ڵێت: « به‌لای منه‌وه گرنگترین شت به‌رده‌وامیی كه‌لتوری دنیای ئیسپانیایی-ئه‌مریكاییه. هیوادارم ئه‌م كه‌لتوره ئێمه به نموونه‌یه‌كی گه‌شه‌كردوو بگه‌یه‌نێت كه ئیتر ته‌نیا كۆپی نموونه‌كانی دیكه‌ی جیهان نه‌بێت.» فۆینتس بۆ نموونه شۆڕشی كوبای به شكستی كۆپی نموونه‌ی كۆمۆنیستی سۆڤیه‌ت ده‌زانی و خوازیاری تێپه‌ڕاندنی نموونه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بوو: «ده‌بێت شتێك بدۆزینه‌وه كه به‌ڕاستی كه‌لتوری ئێمه نیشان بدات، ئه‌وه‌ی كردوومانه، خۆمان چین، ئه‌وه بین كه ده‌مانه‌وێت.»
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فۆینتس نووسه‌ر و دیپلۆمات بوو، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو نووسه‌ر «گوته‌بێژی» خه‌ڵك نییه و نابێت به نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وان له كاروباری سیاسی‌دا به‌شداری بكات. ده‌یگوت ئه‌گه‌ر شتێكی ئاوا له كۆمه‌ڵگا گه‌شه نه‌كردووه‌كاندا رووده‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه ئه‌وه‌نده لاوازن كه «له غیابی په‌رله‌ماندا، نووسه‌ر زمانحاڵی خه‌ڵكه.»
هه‌ر بۆیه دژی خۆ كاندیدكردنی ماریۆ بارگاس یۆسا بوو له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی پیرۆدا و گوتی: «به شكستی یۆسا له هه‌ڵبژاردندا خۆشحاڵ بووم، چونكه هه‌ستم ده‌كرد هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت ببێته سه‌رۆك كۆماری پیرۆ، به‌ڵام ته‌نیا یۆسا ده‌توانێت رۆمانی جوان بنووسێت.»
هه‌روه‌ها فۆینتس سه‌ره‌ڕای نووسینی ده‌یان كتێبی سیاسی، كۆمه‌ڵه وتار، كۆمه‌ڵه‌چیرۆك، رۆمان و شانۆگه‌ری، هه‌رگیز مه‌به‌ستی نه‌بوو ته‌نیا به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی بگێڕێته‌وه. ته‌نانه‌ت رقیشی له نووسینی ژیاننامه‌ی خۆی بوو: «نووسینی ژیاننامه وه‌كو هه‌ڵكه‌ندنی وشه وایه له‌سه‌ر به‌ردی گۆڕه‌كه‌ت.»
سه‌رچاوه: cafecatharsis.ir