فنلەندا لە داواكاریی بە ئەندامبوونی لە ناتۆ پاشگەزدەبێتەوە

07:51 - 2022-03-31
ڕاپۆرت
590 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ دیاری سابیر

هەرچەندە فنلەندا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی ئەوروپا كە دەیویست ببێتە ئەندامی پەیمانی باكووری ئەتڵەس (ناتۆ)، بەڵام لە ترسی تووڕەبوونی روسیا ‌و دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئۆكرانیا، لەو داواكاییەی پاشگەزدەبێتەوە.

زۆربەی فنلەندییەكان لەگەڵ بە ئەندامبوونی وڵاتەكەیان بوون لە ناتۆ
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لە زاری ساولی نینیستۆ سەرۆكی فنلەنداوە بڵاویكردۆتەوە: ئەگەر داواكاریی لەو جۆرە پێشكەش بە ناتۆ بكەن، ئەوا رەنگە مۆسكۆ هێزێكی سەربازیی زۆر ‌و زەوەند بنێرێتە سەر خاكی فنلەندا، ئەوەش سەقامگیریی دۆخەكە دەشێوێنێت، یان رەنگە لەڕێی ئینتەرنێتەوە هێرش بكاتەسەر وڵاتەكەیان. 
لێدوانەكەی سەرۆكی فنلەندا دوای ئەوە دێت كە وێڕای هەڕەشەكانی مۆسكۆ، لە راپرسییەكدا كە ماوەیەك لەمەوبەر كرا، زۆربەی فنلەندییەكان لەگەڵ بە ئەندامبوونی وڵاتەكەیان بوون لە ناتۆ.
بەپێی راپرسییەكە، رێژەی %62ی فنلەندییەكان دەنگیاندا بۆ بەئەندابوونی وڵاتەكەیان لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی، لە كاتێكدا لە كاتی دەستپێكردنی شەڕی ئۆكرانیا لە 24ی شوباتی رابردوودا، رێژەی ئەوانەی لەگەڵ بە ئەندامبوونی فنلەندا بوون لە ناتۆ، تەنها %53 بوو.

لێكەوتەی سەربازیی مەترسیدار
هەر ئەو كاتەش مۆسكۆ هۆشداریدایە بەرپرسانی هێلسنكی ‌و ئۆباڵی وەڵامدانەی سەربازیی توندی لەلایەن روسیاوە، خستە ئەستۆیان.
ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، هۆشداریدایە هەریەك لە سوید و فنلەندا، لە لێكەوتەی سەربازیی مەترسیدار لە ئەگەری هەوڵدانیان بۆ بە ئەندامبوون لە ناتۆ. روونیشیكردەوە: نابێت فنلەندا ‌و سوید لەسەر حسابی زیانگەیاندن بە ئاسایشی وڵاتانی تر، ئاسایشی خۆیان بپارێزن.
جێی ئاماژەیە، فنلەندا ‌و روسیا زیاتر لە 1330 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#ناتۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان