بە ئەنقەست گەمارۆی سیاسیی هەندێك ناوچە دەدرێت

״دەتوانرێت هەر 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشبكرێت״

08:08 - 2022-03-31
ئابووری
1062 جار خوێندراوەتەوە
نۆرەگرتنی خانەنشینان بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان

لاپەڕەی ئابووری

پەرلەمانتارێكی یەكێتی رایدەگەیەنێت: داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم زیاتر لە 934 ملیار دینارە و كەسیش ئاگاداری داهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل نییە و بە ئەنقەست مووچە دابەش ناكرێت.
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، كاروان گەزنەیی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: بە وتەی سەرۆكی حكومەت، رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت، بەوپێیە بێت داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم زیاتر لە 934 ملیار دینارە و داهاتی ناوخۆیش زیاتر لە 300 ملیار دینارە، بۆیە حكومەت دەتوانێت بە زیادەوە مووچە دابەش بكات.

وردەکاریی داهاتی نەوت
دەشڵێت: «هیچ كەسێك تەنانەت وەزیری داراییش، ئاگاداری داهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل نییە و داهاتی بەشێك لە دەروازەكان دەچێتە گیرفانی حزبەوە».
كاروان گەزنەیی كە هاوكات ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانە لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی: «لە دوایین وتاریدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات كە رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن، بەوپێیە مانگانە هەرێمی كوردستان بڕی 15 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لەو بڕە، 470 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەبازاڕ دەكرێت كە داهاتەكەی دەكاتە 51 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار، ئەگەر بێتو بەقسەی خۆیان (41 %)ی داهاتی نەوت بۆ حكومەت بمێنێتەوە، ئەوا دەكاتە 21 ملیۆن و 197 هەزار دۆلار لە یەك رۆژدا، واتە مانگانە 635 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار داهاتی نەوتی هەرێمە كە دەكاتە 934 ملیار و 787 ملیۆن دینار، ئەمە لەكاتێكدا مووچەی فەرمانبەران تەنیا 900 ملیار دیناری پێویستە، بۆیە بە ئاسانی دەتوانرێت هەر 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشبكرێت».
راشیگەیاند: نامەیەكم ئاراستەی وەزیری دارایی كردووە سەبارەت بەوەی چەند دەروازەی سنووری لە هەرێم هەیە و چەندیان حكومین و چەندیان ناحكومین، لە وەڵامدا وەزیری پەیوەندیدار دانی بەوەدانا كە پێنج دەروازەی رەسمی لە هەرێم هەیە و نزیكەی 20 دەروازەی ناڕەسمیش لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتن، وەك دەروازەی (وەلید).

بە ئەنقەست گەمارۆی سیاسی  هەندێك ناوچە دەدات
وتیشی: «دەروازە لە سیدەكان هەیە كە شەو و رۆژ مەڕ و ماڵاتی لێ داخڵ دەكرێت و پارەكەی بۆ گیرفانی چەند كەسێكە و ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم».
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەشدەكات: رۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوت لە سوریاوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، كەس نازانێت چی بەسەر دێت، هاوكات بەپێی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم كە مانگانە زیاتر لە تریلیۆنێك و 200 ملیار دینارە، حكومەت دەتوانێت دەرگای دامەزراندن بكاتەوە و مووچە دابەش بكات و كێشەی پلەبەرزكردنەوەش چارەسەر بكات.

״كێشەی سامانی سروشتیمان نییە״
زانیاری دیكەی ئاشكرا كردو وتی: «تەحەدای وەزیری دارایی و وەزارەتەكەی دەكەم كە بزانن داهاتی رۆژانەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل چەندە، ئێستا دەروازەی حاجی ئۆمەرانیشی هاتۆتەسەر و لە چەند رۆژی رابردوودا وتیان چێشتخانەی دەروازەی حاجی ئۆمەران گڕی گرتووە و داتاكانی سووتاوە، بۆ ئەوەی داهاتەكەی دیزە بە دەرخۆنە بكەن و بڵێن دیار نییە».
ئاشكراشیكرد: بە هیچ شێوەیەك كێشەی داهات لە هەرێم نییە و تەنیا كێشەی سیاسییە و حكومەتی هەرێم نایەوێت مووچە لە كاتی خۆیدا دابەش بكات و بە ئەنقەست دەیەوێت گەمارۆی سیاسی هەندێك ناوچە بدات، بە تایبەتی سنووری سلێمانی.
سەبارەت بە سامانی سروشتی كوردستانیش، وتی: «كێشەی سامانی سروشتیمان نییە لە هەرێم، بەڵكو كێشەی عەقڵێكی تەندروست و حكومڕانییەكی سەلیم و رەشیدمان هەیە، بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەم سامانانە بدات، ئەگەر بیانەوێت غازیش بەشێوەی نەوت بنێرن بۆ دەرەوەی هەرێم، دڵنیابن رێگەنادەین، سەرۆكی حكومەت دەڵێت پێویستە غازەکەمان بنێرینە دەرەوەی هەرێم و بیفرۆشین، لەکاتێکدا مووچەخۆرانمان لەسەرەی مووچەدا گیان لە دەست دەدەن.

هۆکاری قەیرانی بەنزین
لە بارەی داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانییەوە، ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئاشكرایكرد: ماوەیەک لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتیی بانكی گشتیی هەرێم - لقی سلێمانی رایگەیاند کە لە ماوەی ساڵێكدا تریلۆنێك و 107 ملیار دیناریان ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، کە مانگانە دەكاتە بڕی 92 ملیار دینار، «پێم ناڵێن داهاتی دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و سیدەكان و وەلید و خاڵە سنوورییەكانی دیكە چەند بووە؟»
سەبارەت بە كێشەی بەنزین، راشیگەیاند: بەپێی بەدواداچوونەكانمان حكومەتی هەرێم رۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوت دەدات بە پاڵێوگەی كار و ملیۆنێک لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام یەك لیتر نانێنرێت بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان و لەبەر بەرژەوەندیی كۆمپانیای كار، حكومەت رێگە نادات بەنزین داخڵی هەرێمی كوردستان بێت، ئەمەیە كێشەی بەنزینی لە هەرێمی كوردستان دروست كردووە.

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان