10 هەڵەی باو لە دانوستانەكاندا

11:49 - 2022-09-27
ڕاپۆرت
578 جار خوێندراوەتەوە

لە فارسییەوە/ جەواد حەیدەری 

گرنگی دانوستان لەلای كەس شاراوە نییە، هەموو بەڕێوەبەرانی سەركەوتوو دەزانن كە بۆ گەیشتن بە پڕۆژەیەك یان بە دەستهێنانی رێكەوتنێك یان پۆلێنبەندی كارەكان بۆ ئەندامانی تیمی دانوستانكار پێویستی بە دانوستان هەیە. ئەگەر نەتوانی بەشێوەیەكی كاریگەر و سوودمەند دانوستان بكەیت ئەوە لە كارەكانتدا تووشی كێشە و گرفت دەبی، بۆ نموونە لەوانەیە كار و پیشە، متمانە یان رێزی خۆت لەلای ئەندامانی تیمی دانوستانكار لەدەست بدەیت و نەتوانی لەپێناوی چارەسەركردنی كێشەكان هەنگاو بنێیت.
لەم بابەتەدا دە هەڵەی باو لە دانوستانەكاندا خراونەتەڕوو بۆ ئەوەی تووشی ئەو هەڵانە نەبین. 

هەڵەی یەكەم: نەبوونی ئامادەكاری گونجاو
ئەگەر بە تەواوەتی بۆتان روون و ئاشكرا بێت كە لە دانوستانێكدا بەدوای چ ئامانجێكدان و دەتانەوێت چی بە دەستبهێنن، هەمدیسان پێویستیان بەوە هەیە كە پێشتر خۆتان بۆ دانوستان ئامادە بكەن و داخوازییەكان و ئەو شتانەی كە دەتانەوێت باسی لێوە بكەن، بە وردی دیسان دەبێت پێیدا بچنەوە. 
 كاتێك كە بە ئامادەییەوە دەچنە ناو دانوستانەوە، متمانە بەخۆبوونێكی زیاترتان دەبێت. ئەگەر بتوانن لەكاتی دانوستانەكاندا زانیاری و تێگەیشتنەكانی خۆتان سەبارەت بە بابەتەكە نیشانی لایەنی بەرامبەر بدەن، لایەنی بەرامبەر زیاتر ئێوە بە جدی وەردەگرێت.
 هەروەها بە ئامادەكاری گونجاو و شیاو، ئەگەری ئەوەی كە بابەتە خوازراوەكەت لە كاتی دانوستان لە بیر بچێتەوە، كەم دەبێتەوە. ئەم بابەتە گرنگێكی زۆری هەیە، چونكە ئەگەر بەشێك لە داخوازی و ئەو شتانەی كە جێی باسن لە بیرت بچێتەوە دانوستانەكە كۆتایی دێت و ئەگەر رێكەوتنێكیش بێتە ئاراوە، زۆر سەخت و دژوار دەبێت كە بتوانی داخوازییە لە بیركراوەكان دووبارە بخەیتەڕوو و لە رێكەوتنەكە بیگونجێنیت.
 ئەگەر بە نیازی كە دانوستانێكی گروپی بكەیت، دەبێت پێش دانوستانەكە لەگەڵ ئەندامانی تیمی دانوستانكار هەماهەنگی تەواوت كردبێت و دیاریت كردبێت كە هەر كام لە ئەندامانی تیمی دانوستانكار دەبێت چی بڵێن. دەبێت قسە و داواكارییەكان رێكبخەن و دیاری بكەن. لەگەڵ یەكتر سەبارەت بە ئەگەری داواكارییەكانی لایەنی بەرامبەریش، قسە و گفتوگۆ بكەن.
 تاوتوێی ئەوە بكەن كە بۆ گەیشتن بە رێكەوتن، دەبێت چۆن لەگەڵ هەلومەرجەكە ڕابێن، ئەو خاڵانەی كە پێویستە، لای خۆتان بنووسن و لەكاتی دانوستانەكان با پێتان بێت.

هەڵەی دووەم: پەیوەندی دروست نەكردن 
لەوانەیە حاڵەتێك بێتە ئاراوە كە ناچار بن بە بێ ویست و خۆ ئامادەكردنێك بچنە ناو گفتوگۆ و دانوستانەكانەوە و ئاگاداری داواكار و داخوازییەكانی لایەنی بەرامبەر نەبن. سەرەڕای ئەمە هەوڵ بدەن، دەرفەتی پەیوەندی و گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنی بەرامبەرتان بڕەخسێنن. گفتوگۆی كورتخایەن متمانە دروست دەكات، ئەو كارە بەرچاوڕوونییەكی زیاترتان دەداتێ سەبارەت بە ئامانج و ئاواتەكانتان و ترسەكانی لایەنی بەرامبەر سەبارەت بە دانوستان. لەوانەیە دانوستانێكی سەخت و پڕ مشتومڕ لەبەردەمتان دابێت، بە دروستكردنی پەیوەندییەكی باش لە نێوان خۆت و لایەنی بەرامبەر، ئەگەری ئەوەی كە بگەیت بە رێكەوتنێكی رەزامەند بێتە ئاراوە. 

هەڵەی سێهەم: ترس لە ڕەنجانی لایەنی بەرامبەر
 هەوڵدان بۆ گرەنتی گەیشتن بە باشترین رێكەوتن، لەوانەیە بۆ تۆ و تیمی دانوستانكارەكەت لەگەڵ دڵەڕاوكێ و دڵەخورپە بەرەوڕوو ببنەوە، پێدەچێت ترستان هەبێت كە نەبادا بە هەڵە قسەیەك بكەیت كە كۆبوونەوەیەكە بەر لەكاتی خۆی كۆتایی بێت، یان پتر لەڕادە پێداگری بكەن. لەوانەیە رەتكردنەوەی داخوازی بەرامبەرەكەت، تۆ تووشی شەرم و نیگەرانی بكات، بەتایبەتی ئەگەر شێوازی سەركردایەتییەكەی تۆ لەسەر بنەمای رەزامەندنی هەردوو لایەن بێت. دەتوانی ئەو بابەتە وەبیر خۆت بهێنیتەوە كە دانوستان لەگەڵ دەمەقاڵە جیاوازیی هەیە و ئەمەش وا دەكات كە هەستەكانی خۆت بخەیتە ژێر ركێڤی خۆت. بە پێچەوانەی دەمەقاڵە كە هەركام لەدوو لایەنەكە لەسەر رەتكردنەوە یان پەسەندكردنی شتێك قسە دەكەن، ئامانج لە دانوستان، گەیشتنە بە رێكەوتنێك بۆ هەر دوو لایەن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیەكەی هەر یەك لەدوو لایەنەكە داواكاری جیاوازیان هەیە، تۆ دەبێت لە ماوەی گفتوگۆكان ( وەك بەشێك لە پڕۆسەی دانوستان) ئامادەی ئەوە بیت كە چ كارێك دەكەن و چ كارێك جێبەجێ نەكەن.

هەڵەی چوارەم: گوێنەگرتن
بۆ ئەوەی دانوستانكارێكی باش بیت پێویستە بە باشی گوێ لە قسەكانی لایەنی بەرامبەر بگریت. ئەگەر پتر لەڕادە قسە بكەیت و مەجال بە بەرامبەرەكەت نەدەی قسەی خۆی بكات، گەیشتن بە رێكەوتن زۆر سەخت و دژوار دەبێت و لەوانەیە لایەنی بەرامبەر تووڕە و نیگەران بكەیت. ئەگەر لە هونەری گوێگرتن بە باشی بەهرەمەند بی، دەتوانی لە داخوازییەكانی لایەنی بەرامبەر تێبگەیت و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بناسیت و دیاری بكەیت و تێدەگەیت تا چ رادەیەك پێگەتان لەگەڵ یەكتر دژە یان یەك دەگرێتەوە. بۆ درككردنێكی راست و دروست لە ئەنگێزە و بەرژەوەندییەكانی لایەنی بەرامبەر، پێویستە لە تەكنیكی گوێگرتنی چالاكانە و هاوڕایانە كەڵك وەربگرن. 

هەڵەی پێنجەم: دیارینەكردنی باشترین بژاردەی جێگرەوە
دەستەواژەی « بتنا» ((BATNA)  كورتكراوە رستەی باشترین بژاردە جێگرەوەكان بۆ گەیشتن بە رێكەوتن لە دانوستان، لە كتێبی (Getting to Yes) نووسینی رۆجەر فیشەر و ویلیام یوری، وەرگیراوە.
ئەگەرچی ئامانجی سەرەكی لە دانوستان گەیشتن بە داخوازییەكانە، بەڵام دەەبێت لەبارەی باشترین بژاردەوە كە دەتوانێت جێگرەوەی بژاردەی یەكەم بێت، بڕیار بدەی. بەو كارە دەتوانی سەرنەكەوتن لە بەدەستهێنانی ویستی یەكەمی خۆت لە بیر بكەیت و گرنگی بە بژاردەی جێگرەوە بۆ گەیشتن بە رێكەوتن بدەیت. 
دەبێت بەر لە دانوستان بژاردەكانی خۆت هەڵبژار دەبێت و دڵنیا بیت كە لەوەی كە دەرگای دەرچوون و ئەنجامی باش لە روانگەی تۆوە چییە. هەبوونی بژاردە باشەكان یارمەتیت دەدات كە لە ماوەی دانوستانەكاندا هێزێكی زیاترت هەبێت بۆ مانۆڕ و بەشێوەیەك كە رێكەوتنێكی باشتر بكەیت كە پێشتر وێنات نەكردبێت و ئەمەش وا دەكات كە مافی هەڵبژاردنت زیاتر بێت. 

هەڵەی شەشەم: دووربینی پتر لەڕادە
  دەبێت سەبارەت بە دەستكەوتەكانی دانوستان، هەستیار و خۆپارێز و قایمكار بیت، بەڵام نەك بەو رادەیەی كە بەهۆی دووربینی پتر لەئەندازە و ترسان لە نەگەیشتن بە رێكەوتن، بڕیاری هەڵە بدەیت. بە واتایەكی دیكە، دەبێت هەست و كەفوكوڵی خۆت بخەیتە ژێر ركێڤی خۆت و وەك یارییەك سەیری دانوستان بكەیت و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو سووچ و قوژبنی كارەكان، بڕیار بدەیت. 
ئەگەر توانای ئەوەت هەبێت كە لە خێری دانوستان خۆش بیت و لە كاتێكی پێویستدا مێزی دانوستان چۆڵ بكەیت، دەتوانیت لە داهاتوودا پێگەیەكی بەهێزتر لە دانوستانەكاندا بە دەستبهێنیت، بەشێوەیەك كە لایەنی بەرامبەر ناچار بكەیت بۆ ئەوەی لەسەر مێزی دانوستان بمێنیتەوە و ئیمتیاز بدات، چونكە تێدەگات بۆ ئەوەی بگات بە ئەنجامی دانوستانەكان، دەبێت پێشنیازی باشتر بخاتە بەر دەستت. 
 
هەڵەی حەوتەم: سەپاندنی ئەوەی كە هەموو شت بۆ دانوستان نابێت 
یاریزانێكی ناوداری تۆپی پێ گرێبەستێكی ملیاری لەگەڵ یانەیەكی بەناوبانگ واژۆ دەكات و بەپێی گرێبەستەكە مووچە و ئیمتیازاتی یاریزانەكە بۆ ماوەی 4 ساڵ دیاریكراوە و دەبێت تا ماوەی دیاریكراو لە یانەكە بمێنێتەوە و هاوكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە سزاش لەبەرچاو گیراوە. بەڵام ئەو یاریزانە لە ماوەی وەرزەكەدا لەوانەیە ئەو ئامادەیی و فۆرمی یاریكردنەكەی لە دەست بدات، یان لەلایەن یانەی ڕكابەرەوە چرای سەوزی بۆ هەڵكرابێت بۆ ئەوەی بچێتە ئەو یانەیەوە. یاریزانەكە لەگەڵ یانەكەی خۆی لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان دادەنیشێت بۆ ئەوەی گرێبەستەكەی هەڵوەشێنێتەوە، بەشێوەیەك كە هەردوولا رازی بن. بەمشێوەیە یاریزانەكە لە یانەكەی جیا دەبێتەوە و وەرزی داهاتوو لە یانەیەكی نوێدا یاری دەكات و بەمشێوەیە یاریزانەكە دانوستانی كردووە و دانوستانەكەش دەستكەوتی هەبووە. ئەم نموونەیە دەریدەخات كە هیچ شتێك نییە كە نەکرێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئەگەر وای دابنێین كە هەموو شت بۆ ئەوە دەبێت دانوستانی لەسەر بكرێت، ئەوكات بژاردەیەكی زۆر دێتە ئاراوە و ئەگەری سەركەوتنیش زۆر دەبێت. كە وابوو دەكرێت لەسەر هەموو شتێك دانوستان بكرێت و هیچ شتێك نییە كە نەكرێت گفتوگۆ و دانوستانی لەسەر بكرێت. 

 هەڵەی هەشتەم: تەركیز خستنە سەر نرخ
 تەوەری سەرەكی لە دانوستان لە بواری كاركردن و پیشە، زۆربەی لەسەر بابەتی داراییە، بەڵام لە دانوستاندا ئەگەر تەنها تەركیز بخەنە سەر نرخ و بەها( كەمكردنەوەی نرخ یان زیادكردنی نرخ) ئەوە ئەو مەترسییە هەیە كە خۆت یان لایەنی بەرامبەر بخەیتە تەنگژەوە. هەڵبەتە نرخ بابەتێكی گرنگە، بەڵام ئەمە تەنها یەكێكە لە لایەنەكانی كڕین و فرۆشتن، چەندین حاڵەتی دیكە هەیە كە دەكرێت دانوستانی لەسەر بكرێت و بۆ نموونە خزمەتگوزارییە تایبەتەكان، دەكرێت گفتوگۆ و دانوستان بكرێت و هەلومەرجی مامەڵەكردنە بە رێگای جیا جیا باشتر بكەیت.  لەوانەیە هەموو ئەو شتانەی كە دەتویست بە دەستی نەهێنیت، بەڵام دەبێت بە ئەندازەی پێویست دەستكەوتت بەدەستهێنا بێت كە بایەخی پێبدەیت.  

هەڵەی نۆیەم: بە دوای بردنەوەدا بوون 
لە دانوستاندا ئەگەر بە هەر شێوەیەك تەنها بە دوای بردنەوەدا بیت، گەیشتن بە رێكەوتن زۆر سەخت و دژوار دەبێت، تەنانەت ئەگەر لە پێگەی هێزیشەوە چووبیتە ناو دانوستانەكەشەوە. كاریگەرترین جۆری دانوستان، ئەو دانوستانەیە كە هەردوولا بە خۆشی و بە دەستكەوتەوە، مێزی دانوستان چۆڵ بكەن.
بۆ گەیشتن بە رێكەوتن زۆر گرنگە كە چاوچنۆك نەبیت. كاتێك لایەنی بەرامبەر خوازیاری گەیشتن بە رێكەوتنە و هەلومەرج بۆ هەردوولا لەبارە، ئەگەر تۆ سەختگیر بیت پێدەچێت دانوستانەكانی داهاتوو بكەونە مەترسیەوە. بە واتایەكی دیكە دەبێت فێر بێت كە چ كاتێك، كاتی كۆتاییهێنانە بە دانوستان. 

هەڵەی دەیەم: ئۆلتیماتۆم پێدان
ئەگەر لە دانوستانە سەرەتاییەكان، دەستەواژەی» ئەمە دوایین و باشترین پێشنیازی ئێمەیە» بە كار بهێنیت، ئیتر دەرفەتێك بۆ درێژەدان بە دانوستان نامێنێتەوە. كاتێك وەها ئۆلتیماتۆمێك بەكاردەهێنیت، لایەنی بەرامبەر دەكەوێتە تەنگەژەوە و شانسی گەیشتن بە رێكەوتن تاڕادەیەكی زۆر كەمدەكاتەوە. ئەو ئاراستەیە هێرش و تێخوڕینی تێدەكەوێت. هەڵبەتە هەندێكجار پێویستە شێوازی ئۆلیتماتۆم بەكاربهێنیت، كاتێك كە لایەنی بەرامبەر هەوڵدەدات لاوازت بكات.
لەبیرتان بێت كە لەنێوان ئۆلیتماتۆم و دیاریكردنی كات، جیاوازی هەیە. دانوستانكارەكانی خاوەن ئەزموون بە شێوازی ساختە، زەمەنێك بۆ كۆتاییهێنان بە كات دیاری دەكەن و لەو رێگەیەوە دەیانەوێت لایەنی بەرامبەر ناچار بە بڕیاردان بكەن. خاڵی لاوازی ئەو شێوازە ئەوەیە كە سنووردانان و گوشاری زەمەنی دروست دەكات و خاڵی بەهێزیشی ئەوەیە كە لایەنەكان ناچار دەكات بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێك لەچوارچێوەیەكی زەمەنی دیاریكراو تەركیز بكەن و ئەمەش دەبێتە خۆی خێرایی پڕۆسەكە بۆ گەیشتن بە رێكەوتن.   

سەرچاوە/ سایتی « چطور»

بابەتە پەیوەندیدارەکان