دۆشاکەت بناسە!

11:13 - 2022-09-28
کەلتور
540 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

هەموو مرۆڤێک دەبێ «دۆشا»ی خۆی بناسێت. دۆشا یانی جۆری لەش، لە پزیشکی «ئایورڤیدا»دا مرۆڤ لەسەر بنەمای ریزبەندی پێنج رەگەزەکە جۆرەکەی دیاریی دەکرێ، ئەوەی کە لە پزیشکی ئایورڤیدادا زۆر جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامانە ئەو زانیارییە دروست و وردانەن  لە بارەی جەستەی مرۆڤ و شێوازی چارەسەریی کێشەکانی جەستەوە هەیەتی. سێ دۆشای سەرەکیی هەیە، یەکەم: ڤاتا کە رەگەزی سەرەکیی تێیدا هەوایە، ئەم دۆشایە رەقەڵەن. دووەم: دۆشای پیتا کە رەگەزی ئاگرە و لە روویی جەستەییەوە مامناوەندن و لەسەروو ئەژنۆیانەوە تا سینگیان قەڵەو دەبن، سێیەم: دۆشای کاڤا کە رەگەزی زاڵ تێیدا خاکە و بە شێوەیەکی  گشتی قەڵەو دەبن، واتە لە تەوقی سەرەوە تا نووکی پەنجەکانی پێیانەوە قەڵەو دەبن.

هەوا و دۆشاکان
هەوای سارد و وشک بە باوە دۆشای ڤاتا ناهاوسەنگ دەکا. هەوای گەرم و شێدار دۆشای پیتا ناهاوسەنگ دەکا. هەوای سارد و بارانی یان بەرفی دۆشای کاڤا ناهاوسەنگ دەکا.

گێاگوڵی هاوسەنگ کردنەوە
چایی جینسینگ و شیرین بەیان (بنەبەلەک) ڤاتا هاوسەنگ دەکاتەوە. ئالوڤێرا و کامفری (بە عەرەبی: شاغە) و زەعفەران پیتا هاوسەنگ دەکاتەوە. چایی زەنجبیل و هەنگوین کاڤا هاوسەنگ دەکاتەوە.

دۆشای کاتەکان لە 24 کاتژمێردا
کاتژمێر شەشی بەیانی تا ١٠ی بەیانی کاڤا (هەستان لەخەو و دەست بە جوڵە کردن و وەرزش کردن و ئاوخواردنەوە و هیچ نەخواردن). کاتژمێر دەی بەیانی تا ٢ی پاشنیوەڕۆ پیتا (خواردنی نانی بەیانی میوە، خواردنی نانی نیوەڕۆ، باشترین کات بۆ خواردن). کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ تا شەشی ئێوارە ڤاتا (باشترین کات بۆ وەرگرتن و فێربوون).
کاتژمێر شەشی ئێوارە تا دەی شەو کاڤا (بەرە بەرە هێمن بوونەوە و ئامادەبوون بۆ خەو، هیچ نەخواردن، وەرزشی قورس نەکردن و چایی و قاوە و کحول نەخواردنەوە). کاتژمێر دەی شەو تا دووی بەرەبەیانی پیتا (خەوتن). کاتژمێر دووی بەرەبەیانی تا شەشی بەیانی ڤاتا (بەرە بەرە هەستان لەخەو، خۆشۆردن، تێڕامان، راهێنانەکانی وەک تراتاکا و نیتی و مانترا).

دۆشای وەرزەکان بە گوێرەی دۆشاکان سێ وەرزمان هەیە
 وەرزی کاڤا لە سەرەتای مانگی رەشەمێ تا کۆتایی مانگی جۆزەردان(٤ مانگ). وەرزی پیتا لەسەرەتای مانگی پووشپەڕەوە تا کۆتایی مانگی رەزبەر (٤مانگ. وەرزی ڤاتا لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە تا کۆتایی مانگی رێبەندان. (٤ مانگ). هەرکەس بە گوێرەی ئەم بنەمایانە هەڵسوکەوت بکا، هەروەها کار و چالاکی بکا، لەشساغ و بەخەوەر و سەرکەوتوو دەبێ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان