بەداخەوە جارێکی تر ھێرشی مووشەکی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرایە سەر خاکی ھەرێمی کوردستان کە لە ئەنجامدا شەھید و برینداربوونی لێکەوتەوە. بەناوی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان بەتوندی ئیدانەو سەرکۆنەی ئەم ھێرشان دەکەین، پرسەو ھاوخەمی خۆمان بۆ قوربانیان و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
پێمان وایە ئەم جۆرە ھێرشانە بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان تاوانێکی گەورەیە، سەرەڕای پێشیلکردنی سەروەری وڵات، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە.
ھەر بۆیە پێویستە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانە دابنرێت و چیتر رێگە نەدرێت، سەروەری خاک و سنووری ھەرێم لە لایەن وڵاتانی دراوسێ پێشێل بکرێت و ئاسایشی ھەرێم تێک بدرێت، لە ھەمانکاتدا ئەرکی حکومەتی فیدراڵیشە بە پێی دەستوور دەبێ پارێزەری سەروەری سنوور و ئاسمانی خاكی ھەرێمی کوردستانبێت.
فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان
28/9/2022