دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی راگەیەنرا

09:01 - 2022-09-29
ڕاپۆرت
681 جار خوێندراوەتەوە

ئەسرین محەمەد

دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی دامەزراوەیەكی سەربەخۆی قازانج نەویست و بێلایەنە، بنكەی سەرەكی دامەزراوەكە لە سلێمانییە و دەتوانێت لە سەرجەم شارەكانی دیكەی عیراق و دەرەوەی وڵاتیش بنكە بكاتەوە، یەكەمین چالاكییشی مەراسیمی یادكردنەوەی پێنجەمین ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال دەبێت، كە بڕیارە لە هەولێر بەڕێوەبچێت.
دوێنێ، باڵیۆز د.محەمەد سابیر، كردنەوەی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی راگەیاند و وتی: دامەزراوەكە بۆ دۆكیۆمێنت و پاراستنی ئەرشیفەكانی سەرۆك مام جەلال-ە.

ناساندن و پاراستن و  ئەرشیفكردنی ژیان و خەباتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە مەكتەبی راگەیاندن، باڵیۆز د.محەمەد سابیر بەڕێوەبەری دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، رایگەیاند: شەش مانگ كار لەسەر دامەزراندنی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی كراوە و مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بۆ وەرگیراوە و كاردەكات بۆ ناساندن و پاراستن و ئەرشیفكردنی ژیان و خەباتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی.
پەیڕەوی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە 20 مادە پێكهاتووە و وێنەیەكی سەرۆك جەلال تاڵەبانی كراوەتە لۆگۆی رێكخراوەكە و بە هەرسێ زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) لەژێریدا نووسراوە (دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، هەروەها كورتكراوەكەشی (PJTF)ە.

ئامانجەكانی دامەزراوەی  سەرۆك جەلال تاڵەبانی
د.محەمەد سابیر، وتی: ئامانجەكانی دامەزراوەكە بریتین لە پاراستن و كۆكردنەوەی ئەرشیفی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، وەك ئەرشیفێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، پەرەپێدانی بواری رووناكبیریی و توێژینەوەی ئەكادیمی لەسەر فیكر و ژیان و سیاسەتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، هەروەها گەشەپێدانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان و یەكسانی جێندەری لە كۆمەڵگەی كوردستان و عیراقدا، لەگەڵ گەشەپێدانی بەها مرۆییەكان لە بواری جێندەری و كەلتوری پێكەوەژیان، وتیشی: دامەزراوەكە ئامانجێتی گەشە بە چۆنایەتی نووسینی توێژینەوەی ئەكادیمی بدات لەسەر رێباز و ئەندێشەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و بڵاوكراوەكانی و كاریش دەكات بۆ دابینكردنی خوێندنی ساڵانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
بەڕێوەبەری دامەزراوەكە باسی لەوەشكرد، كە دیاریكردنی رۆژی ژیانئاوایی سەرۆك جەلال تاڵەبانی 3/10 وەك بۆنەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی تاك لە كۆمەڵی كوردستان و عیراق، ئامانجێكی دیكەی دامەزراوەكەیە.

پەیكەری ناوخۆیی  رێكخراوەیی دامەزراوەكە
پەیكەری ناوخۆیی رێكخراوەیی دامەزراوەكە پێكدێت لە دەستەی دامەزرێنەر كە حەوت كەسە و دەستەی راوێژكاری كە بەپێی پێویست دەستەی دامەزرێنەر دیارییان دەكات، دەستەی كارگێڕییش سەرۆك و جێگری سەرۆك و بەڕێوەبەرەكانی كارگێڕی، دارایی، پڕۆژەكان، پەیوەندیی و یاسایی لەخۆدەگرێت.
د.محەمەد سابیر بەڕێوەبەری دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، سەرچاوەی دارایی دامەزراوەكەی ئاشكراكرد و وتی: لەبەرئەوەی دامەزراوەكە نوێیە، سەرەتا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوكاریی دەكات، دواتر هەوڵدەدەین بۆ كۆكردنەوەی سەرچاوەی دارایی بۆ دامەزراوەكە لەڕێگەی ئەو كۆمەك و دیاری و مینحانەی كە لەلایەن كەسان و كەرتی تایبەت و لایەنانی ناوخۆ و بیانییەوە پێشكەشی دەكرێن، سەرچاوەیەكی تریان، پشكی دامەزراوەكانە كە لە بودجەی تەرخانكراوی حكومەتی هەرێم و عیراق دەبێت بۆ پشتگیریی پڕۆژەكانی رێكخراوەكان، سەرچاوەیەكی دیكەش، هەر دەستكەوتێكە كە دامەزراوەكە لەڕێگەی وەبەرهێنەكانی خۆی و قازانجی چالاكییەكانییەوە بەدەستیدەهێنێت.

ناوەندەكانی دامەزراوەی  سەرۆك جەلال تاڵەبانی
دامەزراوەكە سێ ناوەندی دەبێت یەكەمیان موزەخانەیەكە لەسەر مەزاری مام جەلال، هەر شتێك تایبەت بێت بە مام جەلال لە تەواوی تەمەنیدا لەو موزەخانەیەدا دادەنرێت. ناوەندی دووەمیان كتێبخانەیە، تەواوی كتێبـی كتێبخانەكانی مام جەلال-ی تێدا دادەنرێت و هەموو هاووڵاتیان دەتوانن لێی سوودمەندببن. هەرچی ناوەندی سێیەمیشە چاپەمەنی و ئەرشیفە، كاری دۆكیومێنتكردنی سەرجەم ئەو شتانەیە كە لەسەر مام جەلال نووسراون یان خۆی تۆماری كردوون بە نووسین بێت یان ڤیدیۆ یان دەنگ.

یوسف زۆزانی: ویستێكی زۆرمان هەیە دامەزراوەكە بكەینە دامەزراوەیەكی ئەكادیمی
هەروەها، یوسف زۆزانی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، رایگەیاند: كارەكانی ئەم دامەزراوەیە جێگیرنابێت و بەپێی كات بەرەوپێش دەبرێن، هەر پێشنیازێك كە پێمان دەگات بۆ بەرەوپێشبردنی كارەكان دەیكەین، ویستێكی زۆریشمان هەیە كە بیكەینە دامەزراوەیەكی ئەكادیمی بۆ ئەوەی سەرجەم زانكۆكان بۆ توێژینەوە سوودی لێببینن.

خاتوو كافیە سلێمان: هەر كەسێك ئەرشیفێكی هەڤاڵ مام جەلال-ی لەلا هەیە رادەستی دامەزراوەكەی بكات
هەروەها، خاتوو كافیە سلێمان ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، ئەوەی خستەڕوو كە سەرۆك مام جەلال لە هزر و بڕوای خۆی بە مافی مرۆڤ پشتگیریی ژنانی دەكرد و كاری لەسەر مافەكانیان دەكرد و هانی دەدان بۆ بەرەوپێشچوون «لە هەموو سەردەمێكدا جووڵانەوەی ژن هەبووە بە كۆمەڵە و رێكخراو و هەموو جۆرەكانییەوە. سەرۆك مام جەلال هەڵوێستی جددی هەبووە و هەموو كات پێیدەوتین ئەگەر ئێوە خۆتان رزگارنەكەن كەس رزگارتان ناكات، ئەوەش هاندانێكی بەردەوام بوو بۆ ئێمەی ژن».
داواشیكرد هەر كەسێك ئەرشیفێكی هەڤاڵ مام جەلال-ی لەلا هەیە رادەستی دامەزراوەكەی بكات، كە لە دامەزراوەكەدا بە پارێزراوی دەمێنێتەوە.

#دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان