״دیالۆگی نیشتمانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشەكان״

09:26 - 2022-10-02
کوردستان
567 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی و وەفدێكی فەرەنسا، پێكەوە باسی دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی هەرێم و عیراق و ناوچەكەیان كرد و جەختیان لە گرنگی رەخساندنی دیالۆگی نیشتمانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشەكان كردەوە.
دوێنێ، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، پێشوازیكرد لە سیناتۆر كریستیان كامبۆن سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەكدارەكان لە ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا. 
لەو دیدارەدا كە لە مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك، لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئۆلیڤیێ دیكۆتینێ كونسوڵی فەرەنسا ئامادەیبوو، گفتوگۆكرا لەبارەی دوایین پەرەسەندنەكانی دۆخی عیراق و هەڕەشەكانی سەر پڕۆسەی سیاسی و هەوڵی لایەنەكان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی پێویست. لەوبارەیەوە، جەخت لەوەكرایەوە كە پێویستە لایەنە سیاسییەكان پەنابەرنەبەر دیالۆگی نیشتمانی و داڕشتنی سیاسەتێكی حوكمڕانی چاكساز لەپێناوی بەرژەوەندیی وڵاتدا. 
لەو چوارچێوەیەشدا ووردەكاریی هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە لەبەر رۆشنایی كاریگەرییە دەرەكییەكان گفتوگۆی لەبارەوە كرا، بەتایبەت بۆردومانەكانی ئەمدواییەی ئێران بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوایكرد: فەرەنسا رۆڵ ببینێت لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لەڕێی كەناڵە دیپلۆماسییەكانییەوە.
سەبارەت بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی چاكسازیی، وەفدی میوان دەستخۆشیان لە هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی كرد بۆ بەرەوپێشبردنی بواری حكومڕانی و چاكسازی لە سەرجەم جومگەكانی حكومەت و بەڕێوەبردندا، هاوكات پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتكردەوە.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان