هەڵبژاردنەکانی ئیتالیا و کاردانەوە جیهانییەکان

09:51 - 2022-10-02
ڕاپۆرت
433 جار خوێندراوەتەوە
سەرانی بەرەی راستڕەوی ئیتالیا

ئا: عەبدوڵڵا سدیق

هەفتەی پێشوو لە ئیتالیا  هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا و لە پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکان، پارتی» فراتیلی دی ئیتالیا، برایانی ئیتالیا» بە سەرۆکایەتی ژنە سیاسەتمەداری ئیتالیا « جۆرجیا مێلۆنی»  رێژەی 26 %ی  دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەم شێوەیەش بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان  . پارتەکەی مێلۆنی و هاوپەیمانەکانیشی، دەچنە قاڵبی هێزە راستڕەوەکانی ئەوروپا و  دژی کۆچەر و سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپان. لە پاش سەرکەوتنی راستڕەوەکان، کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە، ناوەندە ئەوروپییەکان بە ترس و دوودڵییەوە سەیری مێلۆنیی و سیاسەتەکانی دەکەن. بەڵام مۆسکۆ ئامادەیە هاوکاری لەگەڵ حکومەتە نوێکەی ئیتالیا بکات، هەریەک لە فەرەنسا و ئەمریکاش رایانگەیاند، کە  رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان دەگرن. 

سەرکەوتنی راستڕەوەکان
رۆژی یەکشەممە25/9  لە ئیتالیا هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا و هێزە راستڕەوەکانی ئیتالیا کە ئەوانیش پێکهاتبوون لە « فراتیلی دی ئیتالیا «برایانی ئیتالیا»، لە لیگا نۆرد»بەرەی باکوور»، فۆرسا ئیتالیا « بە سەرۆکایەتی سیلفیۆ بەرلسکۆنی، زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.  پارتەکەی جۆرجیا مێلۆنی رێژەی 26 % ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەمشێوەیەش بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان. لە پاش ئەوەیش لەلیگا رێژەی 9 % ی بەدەستهێنا و دوای ئەویش فۆرسا ئیتلیا رێژەی %8ی بەدەستهێنا.بەمشێوەیەش  هەر سێ هێزی راستڕەو دەگەنە دەسەڵات و بۆیەکەمجاریش ژنێک دەبێتە سەرۆک وەزیران.

یەکەم ژنی سەرۆک وەزیران
جۆرجیا مێلۆنی کە تەمەنی 45 ساڵە، پێش ئەوەی ببێتە سیاسەتمەدار، کۆمەڵێک کاری جیاوازی کردووە. هەڵگری بیرێکی ناسیۆنالیستی توندڕەوەو دژی کۆچەر و خەڵکی بێگانەیە. چەندینجاریش رایگەیاندووە کە بە بیری فاشیستی مۆسۆلینی سەرسامە.    لە هەمانکاتیشدا دژی یەکێتیی ئەوروپایە و بە « یەکێتیی سۆڤیەتی جاران» ی وەسف کردووە و دژی زۆرێک لە سیاسەتەکانی ئەم رێکخراوەیە کە ئیتالیا ئەندامی دامەزرێنەری بووە.  بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە سیاسەتی کۆڤید 19 و کۆچەرانەوە هەیە.  بەڵام لە هەمانکاتیشدا مێلۆنی دەبێتە یەکەمین ژن کە، لە مێژووی سیاسی ئیتالیادا  پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرێت. 

فەرەنسا رێز لە هەڵبژاردنەکان دەگرێت
لە پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکان لە تەواوی ئەوروپادا بە ترس و دوودڵییەوە پێشوازی لەم دەرەنجامە کرا، لە پاریس ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشكی ئەلیزێ رایگەیاند:  گەلی ئیتالیا بڕیارێکی سیاسیی و دیموکراسی خۆیان داوە، ئێمەش رێزی لێدەگرین. وتیشی: بە حوکمی ئەوەی ئێمە دراوسێ و هاوڕێی یەکترین، دەبێت لە پەیوەندیی و هاوکارییکردنی یەکتری بەردەوام بین»

هەستی ئەوروپیی بەردەوام بێت
هەرچەندە راوێژکاری ئەڵمانیا هێشتا قسەی نەکردووە، بەڵام ڤۆلڤگانگ پوشنەر جێگری  وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا لە بەرلین  بە میدیاکانی راگەیاند:  ئیتالیا وڵاتێکە کە هۆگرییەکی گەورەی هەیە بۆ ئەوروپا، هەروەها  هاووڵاتیانی ئیتالیاش، زۆر هەواداری ئەوروپان، پێشمان وایە کە ئەم هەستە بەردەوام دەبێت و ناگۆڕێت. 

ئەمریکا کار لەگەڵ حکومەتە نوێکە دەکات
لەلای خۆشیەوە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا  لە واڵی تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند: ئێمە دەمانەوێت کار لەگەڵ حکومەتە نوێکەی ئیتالیا بکەین، چونکە کۆمەڵێک ئامانجی هاوبەش کۆمان دەکاتەوە کە ئەوانیش بریتین لە : پشتگیرییکردن و هاوکارییکردنی ئۆکرانیایەکی ئازاد و  سەربەخۆ، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێز و گەشەسەندوو.

روسیا پێشوازی  لە حکومەتە نوێکە دەکات
لە یەکەمین کاردانەوەی روسیاش، دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کۆشكی کرێملین لە مۆسکۆ بە میدیاکانی راگەیاند: ئێمە پێشوازی لە هەر هێزێکی سیاسی دەکەین کە دەتوانێت ئەو رەوتە باوە تێپەڕێنێت کە مەیلی دژایەتیی و رق بەسەریدا زاڵە بەرامبەر بە روسیا. راشیگەیاند: ئێمە ئامادەین پەیوەندییەکی بەهێز و تۆکمە لەگەڵ حکومەتی نوێی ئیتالیا دروست بکەین.
هەرچەندە  زۆربەی رەوتە راستڕەوەکانی ئەوروپا دژی روسیا نین، بەڵام مێلۆنی لە چەندین بۆنەدا، دژایەتی خۆی بۆ روسیا نەشاردۆتەوە و هاوسۆزی خۆشی بۆ ئۆکرانییەکان راگەیاندووە. 

بەهێزبوونی  رەوتە راستڕەوەکانی ئەوروپا
لە پاش دەرکەوتنی دەرەنجامەکانی ئیتالیا و سەرکەوتنی بەرەی راستڕەوەکان، هەروەها بەهێزبوونی رەوتە راستڕەوەکان لە سوید و هەنگاریا و  پۆڵەندا، کە هەمووشیان دژی یەکێتیی ئەوروپان، ئەمەش جۆرە ترسێکی خستۆتە دڵی ناوەندە ئەوروپییەکانەوە.  پێشتر مێلۆنی یەکێتیی ئەوروپای بە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران شوبهاندبوو، هەرچەندە لە پاش هەڵبژاردنەکان، هەڵوێستی گۆڕا و  پابەندبوونی خۆی  بە یاساکانی یەکێتیی ئەوروپاوە راگەیاند. ئەمەش لەبەرئەوەی زیاتر ئیتالیا پێویستی بە یەکێتیی ئەوروپایە.

کێشە زۆرەکانی ئیتالیا
هەرچەندە ئیتالیا وڵاتێکی گەورەی ئەوروپایە و لە رووی پیشەسازییشەوە یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی جیهان و ئەندامی رێکخراوی گروپی حەوت دەوڵەتە پیشەشازییە گەورەکەی جیهانە، بەڵام ئێستا ئەم وڵاتە  کۆنەی ئەوروپا، رووبەڕووی کۆمەڵێک کیشەی گەورەی ئابووریی و سیاسیی  و تەندروستی بۆتەوە. ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەموو وڵاتانی تری ئەوروپا زیاتر   پەلاماری ئیتالیای دا و ئەمەش قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە و لە رووی مرۆیی و ئابوورییشەوە، زیانی زۆری پێگەیاند. لە رووی داراییەوە، ماوەی چەندین ساڵە ئابووری ئیتالیا کێشەی زۆری هەیە، حکومەت زۆر قەرزارە و  بڕی قەرزەکانی گەیشتۆتە 150 % ی داهاتی نیشتمانی، لە کاتێکدا بە پێی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا بێت، ئەم رێژەیە زۆرە و لەگەڵ یاسا و رێنماییەکانی یەکێتییەکە نایەتەوە.  ئەم قەرزە زۆرەش وایکردووە کە ساڵانە  حکومەتی ئیتالیا  نزیکەی 4 %ی داهاتی نیشتمانی بە سووی قەرزەکان بداتەوە. 
کێشەیەکی تری ئیتالیا، کۆچ و کۆچەرانن. ساڵانە هەزاران کۆچەر روو لە سنوورەکانی دەکەن، ئەمەش بۆتە کێشەیەکی گەورەی سیاسی  و ئابووریی و فەرهەنگی بۆ ئەم وڵاتە. یەکێک لە بەڵێنە گەورەکانی مێلۆنیی و بەرەی راستڕەوەکان، کەمکردنەوەی کۆچەرانن و زۆر دژی کۆچەرانن. 
هەموو ئەم کێشە گەوارەنەش بە هاوکاریی یەکێتیی ئەوروپا نەبێت، چارەسەر ناکرێن. 

سەرچاوە: دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانیا
بی بی سی عەرەبی

بابەتە پەیوەندیدارەکان