قوباد تاڵەبانی: ئاسانکاری دەکەین بۆ ئەو گەنجانەی دەیانەوێت ببنە خاوەنی کار و بزنسی خۆیان

03:11 - 2022-10-04
کوردستان
798 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا(USAID) رایگەیاند، حکومەتی ھەرێم ئاسانکاری تەواو دەکات بۆ ئەو گەنجانەی کە بیرۆکە و پڕۆژەیان ھەیە و دەیانەوێت ببنە خاوەنی کار و بزنسی خۆیان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە 4ی ئۆکتۆبەری 2022 لە ھەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا ئێرڤ ھیکس کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا  ئامادەیبوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی ھاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکای کرد بۆ ھەرێمی کوردستان بەتایبەتیش لەڕووی ناردنی راوێژکار بۆ یارمەتیدانی حکومەتی ھەرێم لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ریفۆرم و چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا.
جێگری سەرۆک وەزیران داواشی کرد لە ھاوکارییەکانیان بەردەوام بن، بەتایبەتیش ھاوکاری گەنجانی خاوەن بیرۆکە و پڕۆژە بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا راشیگەیاند، حکومەتی ھەرێم لەڕێگەی کەمکردنەوەی رۆتین و چاکسازییەکان و ھەموارکردنەوەی یاسا و رێنماییەکانەوە زەمینەیەکی باشی ئامادەکردوە تا گەنجان ببنە خاوەنی کار و بزنسی خۆیان و بەھەموو تواناشمانەوە پشتگیریان دەکەین و ھەوڵیش دەدەین بازاڕی پێویستیان بۆ بدۆزینەوە.
لە لایەن خۆیانەوە شاندەکەی (USAID) پشتگیری خۆیان دەربڕی بۆ ھاوکاریکردنی گەنجانی کوردستان و جەختیان کردەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کاری ھاوبەش لەنێوان حکومەتی ھەرێم و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان