راپۆرتی/ جەمال سەرگەتی
لەناو بینای پیشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە تاسڵوجە، یەكەمین پیشانگەی بیناسازی بە ئامادەبوونی زیاتر لە 120 كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەڕێوەچوو، لە پیشانگەکەدا چەندین كۆمپانیای بواری بیناسازی بە نمایشکردنی بەرهەمەکانیان بەشداربوون، ئامادەبووانی پیشانگەكە بە گرنگیەوە باسیان لە كردنەوەی ئەو جۆرە پیشانگەیانە دەکرد، چونكە بە وتەی ئەوان دەتوانرێت لەو رێگەیەوە و بە بانگهێشتكردنی كۆمپانیا بیانییەكان ئەو كەرتە بەرەوپێش ببرێت.
لە 7 وڵاتەوە بەشدارییان كردووە
سروشت سازانی، لێپرسراوی راگەیاندنی پیشانگەی بیناسازی وتی، یەكەم پیشانگەی بیناسازییە لە شاری سلێمانی، تیایدا زیاتر لە 120 كۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كە لە 7 وڵاتەوە بەشدارییان كردووە بەرهەمەکانیان نمایشکردووە و یەكەمین پیشانگەیە تایبەتە بە كەرتی بیناسازی بە سەرجەم بوارەكانیەوە .
وتیشی، لەناو وڵاتە بەشدارەکاندا بەرهەمەکانی ئێران و توركیا بە پلەی یەكەم و دوای ئەوانیش كوەیت و چین و بەریتانیا و هەروەها كۆمپانیاكانی خوار و ناوەڕاستی عیراق و مالیزیا دێن، بەپێی پێویست كەلوپەلی بیناسازییان هێناوەتە ناو پیشانگەكە.
سازانی باسی لەوەشکرد، کردنەوەی ئەم پیشانگەیە گرنگی خۆی هەبوو لەبەرئەوەی لە دوای بڕیار و گۆڕانكارییەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت کەرتی بیناسازی لە شاری سلێمانی گۆڕانكاری فراوانی بەخۆیەوە بینیوە و كار ئاسانی زیاتر كراوە تاوەكو كۆمپانیاكانی تری بواری وەبەرهێنان و بەتایبەت بیناسازی كاربكەن.
سروشت سازانی لێپرسراوی راگەیاندنی پیشانگەی بیناسازی وتی، كار دەكەین ساڵی داهاتوو بە شێوەیەكی باشتر ئەم پیشانگەیە بكەینەوە زۆرترین كۆمپانیاكانی بواری بیناسازی بهێنینە شاری سلێمانی و بەشداریان پێبكەین تاوەكو ئەوانیش زیاتر لەناو پارێزگای سلێمانی كاری وەبەرهێنان بکەن.
خاوەن كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان لە بواری بیناسازیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كارئاسانی باش كراوە و دەستكراوەتر كراون تاوەكو بەشێوەیەكی باشتر كاری بیناسازی بکەن و دەستیان هەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا.
چەندین گرێبەستی نوێ کراوە
شیرین موحسین، خاوەنی یەكێك لە كۆمپانیاكانی بواری بیناسازی بەشداربووی پیشانگەكە وتی ، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە كاری وەبەرهێنان دەكەین لەبواری بیناسازیدا، بەشداری ئەم پیشانگەیەمان كردووە تا بتوانین لەگەڵ كۆمپانیاكانی تردا كاری ئاڵوگۆڕ بكەین و ئەو بەرهەمانەی لە پارێزگای سلێمانی دروست دەكرێت هاوشێوەی وڵاتان، هەناردەی وڵاتانی بكەین، هەر لەم پیشانگەیەدا چەندین گرێبەستی نوێ کراوە تا كەرەستە بیناسازییەكان كە لە سلێمانی دروست دەكرێن هەناردەی وڵاتان بكرێن، چونكە ئەو كەرەستانەی لە سلێمانی دروست دەكرێن كوالێتیەكی زۆر باشیان هەیە، هیچ كەمتر نین لەوانەی لە وڵاتان هاوردە دەكرێت.
هاوردە و هەناردەكردن خێراتر بووە
وتیشی، كاری بەرهەمهێنان و دروستكردنی بیناسازی دەكەین لە سلێمانی لە پاش بەدواداچوونەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت، دەتوانین بڵێن گۆڕانكاری زۆرباش روویداوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوردە و هەناردەكردن باشتر و خێراتر بووە.
شیرین موحسین هیواشی خواست ساڵی داهاتوو پیشانگەی بیناسازی بەشێوەیەكی باشتر بکرێت، كۆمپانیا و وەبەرهێنی بواری بیناسازی زیاتر بەشداری پیشانگەكە بكەن.
یاسین مەحمود سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگەیاند، پیشانگەی بیناسازی یەكێكە لە كارە گرنگەكانی سلێمانی تێیدا چەندین كۆمپانیای وەبەرهێن لە بواری بیناسازیدا كاردەكەن، لە چەندین وڵاتەوە كۆمپانیا هاتووەتە سلێمانی كار دەكەن بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بكەن سلێمانی زیاتر ئاوەدان بكەنەوە.
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیادیکردووە
وتیشی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان ئەم ساڵ تاوەكو ئێستا لەچاو ساڵی پار زۆر زیادی كردووە، پێشبینیش دەكەین رێژەكە تاوەكو كۆتایی ساڵ بەرزبێتەوە، پێویستیشە كاری زیاتر بكرێت تاوەكو ئەم جۆرە پیشانگەیانە گرنگی زیاتریان پێ بدرێت ئاستی ئاڵوگۆری بازرگانی و وەبەرهێنان لە سلێمانی زیاتر بكەین.
یاسین مەحمود ئەوەشی وت، لە دوای بریار و بەدواداچوونەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت گۆڕانكاری زۆرباش لە بواری وەبەرهێنان و هاوردە و هەناردن كاران روویداوە، گۆڕانكاری زۆر باش دروستبووە، ئەوەش بۆ ئێمەی وەبەرهێنەر و بازرگان زۆر گرنگە.