نرخی به‌رزی وزه‌ بووه‌ هۆی گرانبوونی نان له‌ ئه‌وروپا

08:56 - 2022-10-06
ڕاپۆرت
772 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

شه‌ڕی ئۆكرانیا، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كاره‌باو هه‌ڵاوسانی ئابووری و بارودۆخی نائارامی جیهان به‌ گشتی وای كردووه‌ نرخی نان له‌ ئه‌وروپا به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بێته‌وه‌، گرنبوونی نان له‌ ئه‌وروپا گه‌یشتۆته‌ ئاستێك كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ نانه‌واخانه‌كان دوكانیان داخستووه‌، ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت نانه‌واخانه‌ی دیكه‌ش به‌ دوایاندا ده‌خرێت و مه‌ترسی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ له‌ دۆخێكی ئاڵۆزه‌وه‌ بچێته‌ ئاستی قه‌یران.
په‌یمانگای ئاماری ره‌سمی كۆمیسۆنی باڵای ئه‌وروپا كه‌ به‌ یۆرۆستات ناسراوه‌ رایگه‌یاند، نان له‌ ئه‌وروپا گران بوو، تا مانگی ئابی 2022 نرخی نان به‌ رێژه‌ی 18% هه‌ڵكشا، هه‌ڵبه‌ت به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی رابردوودا، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ نان خۆراكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ مرۆڤ.

فه‌ره‌نسا كه‌مترین گرانیی تێكه‌وتووه‌
ئه‌و په‌یمانگایه‌ كه‌ پسپۆڕه‌ له‌ دابین كردنی ئامارو داتای پێویست بۆ هه‌ر كێشه‌و بابه‌تێك، سه‌باره‌ت به‌ گرنبوونی نرخ نان له‌ ئه‌وروپا چه‌ند ئامارێكی نوێی بڵاو كرده‌وه‌و تیایدا هاتووه‌، نرخی نان له‌ مانگی ئابی 2021 به‌ به‌راورد به‌ ساڵی پێش خۆی به‌ رێژه‌ی 3% به‌رز بۆته‌وه‌، جیاوازییه‌كه‌ 
زۆر زۆره‌. 
ته‌نانه‌ت له‌ نێوان وڵاتانی ئه‌وروپاشدا جیاوازی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ناندا هه‌یه‌، فه‌ره‌نسا كه‌مترین به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نانی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، كه‌ 8% تێناپه‌ڕێت، به‌ڵام نرخی نان له‌ وڵاتانی ناوه‌ڕاست و خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا ئاگری گرتووه‌.
هه‌نگاریا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م دێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نرخی نان تیایدا به‌ رێژه‌ی 65.5% به‌رز بۆته‌وه‌، دوای ئه‌ویش وڵاتانی باڵتیك دێت، وه‌ك سلۆكیا، كرواتیا، پۆڵه‌ندا، بوڵگاریاو چیك، كه‌ نرخی نان تیایاندا به‌ رێژه‌ی 30% به‌رز بۆته‌وه‌، له‌ ئه‌ڵمانیا نرخی نان ته‌نیا 17.5% به‌رز بۆته‌وه‌. ئه‌و وڵاتانه‌ی ناوبران هه‌مان ئه‌و وڵاتانه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپان كه‌ به‌رزترین ئاستی هه‌ڵاوسانیان تێدایه‌و نرخی شمه‌ك تیایاندا به‌ گشتی به‌رزه‌، هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان زۆر پشتیان به‌ غازی روسیا به‌ستبوو، كاتێك روسیا به‌هۆی شه‌ڕی ئۆكرانیاوه‌ غازه‌كه‌ی گرته‌وه‌، ئه‌وان تێداچوون.

وشكه‌ساڵی و ئاگرو جه‌نگیش هۆكارن
دۆمینیك ئانراك سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی تایبه‌ت به‌ نانه‌واخانه‌كانی فه‌ره‌نسا، سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نان له‌ وڵاته‌كه‌یدا ده‌ڵێ: هۆكاری سه‌ره‌كی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كه‌ره‌سته‌ی خاوو وزه‌یه‌. ئانراك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، نرخی گه‌نم له‌ بازاڕه‌كانی جیهان له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا وه‌ك مووشه‌ك به‌رز بۆته‌وه‌، پێش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی روسیاو ئۆكرانیا ئاڵوگۆڕی كه‌ره‌سته‌ی خاوو له‌ نێوان كه‌نه‌داو ئه‌مریكاو روسیاو فه‌ره‌نسادا چه‌ند كێشه‌و قه‌یرانێكی به‌خۆوه‌ بینی، وه‌ك ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌نه‌داو وشكه‌ساڵی له‌ روسیا، ئه‌مه‌ش وای كرد نرخی یه‌ك تۆن گه‌نم به‌رز بێته‌وه‌ بۆ 280 یۆرۆ.
هه‌ر كه‌ دۆخه‌كه‌ هێور بۆوه‌و خه‌ریك بوو نرخی گه‌نم دابه‌زێت، جه‌نگی ئۆكرانیا ده‌ستی پێكردو كیێڤ بڕیاری دا هه‌نارده‌ی گه‌نم به‌ رێژه‌ی 12% كه‌م بكاته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ترسی هه‌بوو له‌ ناوخۆدا قه‌یران بۆ دروست ببێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئۆكرانیا وای كرد خواست له‌سه‌ر گه‌نم زیاد بكات، له‌ كاتێكدا خستنه‌ڕوو زۆر لاواز بوو، سه‌ره‌نجام نرخی یه‌ك تۆن گه‌نم فڕی و گه‌یشته‌ 460 یۆرۆ.
له‌ پاڵ گرانبوونی ناندا، نرخی هه‌ویرترش و شه‌كرو كه‌ره‌و هێلكه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌و كاغه‌زه‌ش كه‌ له‌ نانییه‌وه‌ ده‌پێچن به‌ رێژه‌ی 20% به‌رز بۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها كرێی كرێكار به‌ رێژه‌ی 30% بۆ 40% به‌رز بۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پشتی دۆخه‌كه‌ی شكاندو نرخی نانی به‌ یه‌كجاریی به‌رز كرده‌وه‌، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی وزه‌ بوو، كه‌ نزیكه‌ی سێ بۆ چوار هێنده‌ زیادی كردووه‌.

به‌ دڵێكی خه‌مباره‌وه‌ دایده‌خه‌ین
له‌ به‌لجیكاو ئه‌ڵمانیا هه‌ندێك له‌ نانه‌واخانه‌كان به‌رگه‌ی دۆخه‌كه‌یان نه‌گرت و به‌ ناچاری نانه‌واخانه‌كانیان داخست، یه‌كێك له‌وانه‌ نانه‌واخانه‌ی دۆبان سیر بلۆنچ بوو له‌ برۆكسل، كه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ دایخست و له‌ فه‌یسبووكه‌ی خۆیشیانه‌وه‌ نووسیبوویان: به‌ دڵێكی خه‌مباره‌وه‌ نانه‌واخانه‌كه‌مان داده‌خه‌ین.
دۆمینیك ئانراك له‌باره‌ی داخرانی نانه‌واخانه‌كانه‌وه‌ وتی: داخشتنی نانه‌واخانه‌كان له‌ به‌لجیكاو ئه‌ڵمانیاش هه‌نگاوێكی چاوه‌ڕوانكرا بوو، به‌ تایبه‌ت كه‌ نرخی كاره‌با 10 جار به‌رزبۆته‌وه‌و گه‌شتۆته‌ ئاستێك كه‌ خاوه‌نی نانه‌واخانه‌كان توانای ئه‌و بارگرانییه‌یان نییه‌.
به‌ڵام وه‌ك باس كرا فه‌ره‌نسا له‌ هه‌موو وڵاتێك كه‌متر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نانی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، دۆمینیك له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌ فه‌ره‌نسا نرخی كه‌متر گران بووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌لتووری فه‌ره‌نسییه‌كان وایه‌ كه‌ تا ئێستاش هه‌موو رژێك نانی خۆماڵی واته‌ باگێتی فه‌ره‌نسی ده‌كڕن، هه‌موو خێزانێك ده‌یكڕێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بڕیاری گرنكردن ئاسان نییه‌. 

سه‌رچاوه‌: سكای نیوز

#جەنگی روسیا و ئۆكرانیا # ئه‌وروپا

بابەتە پەیوەندیدارەکان