مام جەلال چەپکەگوڵی ناو سیاسەت

09:27 - 2022-10-06
ڕاپۆرت
797 جار خوێندراوەتەوە
سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مام جەلال چارەسەری هەموو کێشە سیاسیەکان دەکات

ئا: سدیق جەعفەر

رامانی مام
کتێبی رامانی مام، لە ساڵی 2017 لە لایەن رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)وە چاپ بووە. ئەم کتێبە بریتییە لە چاوپێکەوتنی تایبەتی  سەرۆک  مام جەلال لەگەڵ مامۆستا عومەر شێخ مووس، کە لە نێوان ساڵانی 1988 – 1990 لەگەڵیدا  کردوویەتی. گرنگی ئەم دیدارە  لەوەدایە کە لە گەرمەی دوای قۆناغەکانی ئەنفالەکان  و بەهێزبوونەوەی رژێمی سەدام حسێن و سیاسەتی گەلەکۆمەکێی ئیقلیمیدا سەرۆک مام جەلال وەکو رابەرێكی بە ورە و دووربین، باس لە مەسەلەی کورد لە عیراق دەکات، لەکاتێکدا لەو کاتەدا نائومێدییەکی زۆر بەسەر خەڵکیدا زاڵ بووە. 
لەم دیدارەدا سەرۆک مام جەلال باسی ئەزموونی تایبەتی خۆی دەکات چۆن تێکەڵی ژیانی سیاسی بووە و پاشان قۆناغ بە قۆناغ چۆن بەشدارییکردووە لە خەباتی رزگارییخوازی کورد. هەروەها تیشك دەخاتە سەر مەسەلەی نەتەوە، دەوڵەتی کوردستان، مەسەلەی زمان و دیالێکتە کوردییەکان، پاشان وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە کە کورد بە نەتەوە دانانێن. جگە لەمانە باس لە  کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تری سیاسی و فیکری دەکات.  جێگەی ئاماژەیە ئەم کتێبە لە 112 لاپەڕەی قەبارە مام ناوەند پێکهاتووە. 

مام جەلال لووتکەی گەورەیی
کتێبی مام جەلال لووتکەی گەورەیی لە نووسین و ئامادەکردنی  مامۆستا مومتاز حەیدەرییە، کتێبەکە لە ساڵی 2017  لە هەولێر چاپ کراوە. ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵێک نامە و وتاری  مومتاز حەیدەری کە لە بارەی ژیان و خەبات و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال نووسیوێتی. جگە لەوەش کۆمەڵێک وێنەی تایبەتی لە خۆدەگرێت کە نووسەر لەگەڵ سەرۆک مام جەلال گرتوویەتی. ئەم کتێبە لە 95 لاپەڕەی قەبارە مام ناوەند پێکهاتووە.

فیدراڵی یەکگرتن و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
کتێبی فیدراڵی یەکگرتن و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بریتییە لە کۆمەڵێک وتاری سەرۆک مام جەلال کە بە زمانی عەرەبی نووسیوێتی و جەوهەر کرمانج کردوویەتی بە کوردی. ئەم کتێبە بریتییە لە زنجیرەیەک وتاری سەرۆک مام جەلال  کە لە رۆژنامە جیاجیاکاندا بڵاوکراونەتەوە و پەیوەندییان بە مەسەلە سیاسییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بە تایبەتی لە پاش روخانی رژێمی سەدام حسێن. لەو بابەتە گرنگانەی کە لە وتارەکاندا هاتووە، مەسەلەی فیدراڵیەت چییە و کورد چ جۆرێک فیدراڵییەتی دەوێت و بەرامبەرەکانی کورد چۆن لەم مەسەلەیە  دەڕوانن. هەروەها مەسەلەی پاکتاوکردنی نەژادی  کە رژێمی سەدام  هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە بە شێوەیەکی نا مرۆڤانە و پێچەوانەی هەموو دابونەریت و ئایین و یاسا نێودەوڵەتییەکان دژی کورد پەیڕەوی کردووە. بە تایبەتی لە سنووری  نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق، کە ئێستا بە ناوچە جێ ناکۆکەکان دەناسرێت. جگە لەوەش سەرۆک مام جەلال بە وردی باسی رەوشی پارێزگای کەرکوک و گرنگی ئاشتیی برایەتی نێوان پێکهاتەکان دەکات بەتایبەتی ئاشووریی و تورکومان. 
ئەم کتێبە لە 134 لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێکهاتووە و ساڵی 2004 لە لایەن شارەوانی سلێمانییەوە چاپ کراوە. 

گفتوگۆیەکی جیددی لەگەڵ ״صبحی عبدالحمید״ و هاوڕێکانی 
کتێبی گفتوگۆیەکی جیددی لەگەڵ «صبحی عبدالحمید» و هاوڕێکانی، بریتییە لە زنجیرەیەک وتاری سیاسی گرنگ، کە  سەرۆک مام جەلال نووسیوێتی و جەوهەر کرمانج کردوویەتی بە کوردی.  سەرۆک مام جەلال بە وردی قسە لەسەر وتارێکی  «صبحی عبدالحمید» دەکات کە لە رۆژنامەی  « الصباح» دا بڵاویکردبۆوە و دژی فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە. 
صبحی عبدالحمید یەکێک بووە لە ئەفسەرە ئازادیخوازەکانی عیراق و سەر بە ناسرییەکان بوو، هەرچەندە ئەویش پێشتر دژی رژێمی سەدام حسێن بووە و رووبەروی راونان  و هەوڵی تیرۆریش بۆتەوە، بەڵام دواتر هەڵوێستی بەرامبەر بە رژێمی سەدام گۆڕاوە و بەشێوەیەکی پۆزەتیف وەسفی رژێمی کردووە. 
سەرۆک مام جەلال بە زمانێکی ئەدەبی و جوان وەڵامی تۆمەتەکانی  «صبحی عبدالحمید» دەداتەوە، کە دژی فیدراڵیەتە بۆ گەلی کورد لە عیراق. هەروەها سەرۆک مام جەلال باس لە مێژووی کورد دەکات لە عیراق و چۆنێتی دروستبوونی دەوڵەتی عیراق.  ئەم کتێبە لە 108 لاپەڕە پێکهاتووە و لەلایەن جەوهەر کرمانج کراوەتە کوردیی و  لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە ساڵی 2004  چاپ کراوە. 

مام جەلال
کتێبی مام جەلال نامیلکەیەکە ساڵی 2012 چاپکراوە و 75 لاپەڕەیە، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تورکیا ناسی. ئەم نامیلکەیە کۆمەڵێک وتار لە خۆدەگرێت کە لەلایەن چەند رۆژنامەنووسێکی تورکییە نووسراوە، ئەوکاتەی کە سەرۆک مام  جەلال نەخۆش دەکەوێت. ئەو رۆژنامەنووسانە لە دیدی خۆیانەوە باس لە پێگەی  سەرۆک مام جەلال دەکەن بەتایبەتی لە مەیدانی سیاسی عیراقیی و کوردستانیی و ناوچەکەدا. 

مام جەلال چەپکە گوڵم پێ جوانترە لە  تاقە گوڵ
کتێبی مام جەلال چەپکە گوڵم پێ جوانترە لە تاقە گوڵ، بریتییە لە دیدارێکی تایبەت کە هاوار مستەفا خان لەگەڵ سەرۆک مام جەلال سازیکردووە. ئەم کتێبە لە 150 لاپەڕەی قەبارە مام ناوەند  پێکدێت. ئەم دیدارە ساڵی 1998 بۆ یادی 100 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی لە لایەن هاوار مستەفا خان بۆ کەناڵی خاک ئامادەکراوە. لەم دیدارە تایبەتەدا سەرۆک مام جەلال باسی ئەزموون خۆی لە بواری رۆژنامەگەری کوردیی و کاری رۆژنامەنووسیی دەکات. هەروەها باسی کێشە و گرفتەکانی رۆژنامەگەری کوردی، ئازادی رۆژنامەگەریی و بیروڕا و گرنگییەکانی بۆ سەر کۆمەڵگە دەردەخات.  هەروەها باسی کاری رۆژنامەگەری کوردی دەکات لە ساڵەکانی خەباتی شاخ و شار، هەروەها رۆژنامەگەری لەمڕۆماندا. پاشان باسی ئەزموونی خۆی دەکات لە رۆژنامەی خەبات، رێبازی نوێ، شەرارە.  جێگەی ئاماژەیە ئەم کتێبە سێ جار چاپکراوە و چاپی یەکەم  لە ساڵی 2004 چاپکراوە و ساڵی 2018 دوایین چاپ کراوە. 

کۆجیتۆی جەلال تالەبانی
کۆجیتۆی جەلال تالەبانی، بریتییە لە قەسیدەیەکی درێژی سەلاح جەلال  کە بۆ سەرۆک مام جەلالی نووسیوە.  سەلاح جەلال هەوڵیداوە بە شێوازێکی تایبەتی خۆی وەسفی خەبات و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال بکات. جێگەی ئاماژەیە ئەم شیعرە پێشتر لە رۆژنامەی کوردستانی نوێدا لە 3/10/2018 دا بە چوار لاپەڕە لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکراوەتەوە و پاشانیش لە هەمان ساڵدا وەکو دیوانێکی شێعری بڵاوکراوەتەوە. 

#یادی مام

بابەتە پەیوەندیدارەکان