هەورامان، وەرزی تەكاندنی گوێزە

01:13 - 2022-10-09
ژینگە
758 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: جەمال سەرگەتی 

ساڵانە لەدوای 15 مانگی نۆ لە ناوچەی هەورامان دەست دەكرێت بە تەكاندنی گوێز، گەرچی ئەم ساڵ بەرهەمی گوێزی ئەو ناوچەیە كەمە، بەڵام بە وتەی خاوەن باخ و شەنیەرەكان بێت بەرهەمی گوێز زۆر باشە، بەڵام ئاماژ بۆ ئەوە دەكەن بەشێكی زۆری دار گوێزەكان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون.
ناوچەی هەورامان بە گوێز بەناوبانگە، ئەویش بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیا و فێنكی ئاو و هەواكەیەتی، ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار گوێز لەو ناوچەیە دەبرێتە بازاڕەكانی كوردستان و ساغ دەكرێتەوە.

بەرهەمی گوێز کەمە
ئاریان وەهاب شەنیەرە(ئەو كەسەی دەچێتە سەر دارگوێزەكان و گوێزەكان دەتەكێنێت) وتی: ئێمە وەك شەنیەر ساڵانە لە دوای 15-9 وە دەست دەكەین بە تەكاندنی گوێز لە ناوچەكە  و رۆژانە لەدوای سەعات 6-وە دەست دەكەین بە كاركردن و دەچینە سەر دارگوێزەكان ، گوێزەكان بە دارێكی درێژ لێ‌دەكەینەوە ، ئەو كارەش هەرچەندە قورسە و مەترسی لەسەر ژیانمان هەیە، بەڵام بەو شێوەیە نەبێت ناتوانرێت لێ‌ بكرێنەوە، لە چەند ساڵی رابردوو تەنیا لە ناوچەی هەورامان زیاتر لە 5 كەس لەسەر دار گوێزەكان كەوتوونەتە خوارەوە و گیانیان لە دەست داوە.
ئاریانی شەنیەر دەڵێت: ئەمساڵ بەرهەمی گوێز زۆر كەمە لە چاو ساڵانی رابردوو، چونكە ساڵانی رابردوو تەنها لە یەك باخی گوێزدا زیاتر لە 70 هەزار گوێزمان دەتەكاند، بەڵام ئەمساڵ تەنها لە یەك باخدا 1 بۆ 2 هەزار گوێز دەتەكێنین، هەروەها ساڵانی رابردوو باخی وا هەبووە بە چەند شەنیەرێك توانراوە گوێزەكانی بتەكێندرێت، بەڵام ئەمساڵ یەك شەنیەر دەتوانێت سەرجەم باخەكانی ناوچەی هەورامان بتەكێنێت.

خاوەن باخ
ئەرشەد كەریم تەمەنی 61 ساڵە شارەدێی تەوێڵەیە لە ناوچەی هەورامان خاوەنی باخە گوێزە، ئەو دەستی كردووە بە لێكردنەوەی گوێزەكانی ناو باخەكەی وتی: ئێمە ئەم باخەمان لە باو و باپیرانەوە بۆ ماوەتەوە، ساڵانە خزمەتی باخەكەمان دەكەین و زۆر ماندوو دەبین تاوەكو بتوانین بەرهەمی باشمان هەبێت .
ئەو دەڵێت: ئێستا كاتی لێكردنەوەی گوێزەكانە، ئێمەش لە بەیانییەكی زووەوە هاتووین گوێزەكانی ناو باخەكە دەتەكێنین، شەنیەرمان هێناوە گوێزەكان دەتەكێنێت و ئێمە لە خوارەوە كۆی دەكەینەوە، هەڵیدەگرین  تاوەكو توێكڵەكەی لێ‌ بكەینەوە دواتر دەیخەینە بەر خۆ بۆ ئەوەی وشك بێتەوە، پاشان دەیبەینە بازاڕ دەیفرۆشین.
ئەرشەد وتیشی: هەندێك كەس حەز دەكەن بە تەڕی گوێز بكڕن و بیخۆن، هەندێكیشان گوێزەكان بە وشكی دەكڕن و لەگەڵ نانی بەیانی دەیخۆن، چەندین سوودی هەیە بەتایبەت گوێزی هەورامان كە گوێزێكی سرووشتییە و هەروەها چەورییەكی باشی هەیە بۆ جەستەی مرۆڤ بەسوودە.

نەخۆشی شێرپەنجەی دارگوێزەکان
ئەو خاوەن باخە لەبارەی نەخۆشكەوتنی دار گوێزەكانی دەڵێت: ماوەی چەند ساڵێكە دار گوێزەكانی ناوچەی هەورامان تووشی نەخۆشی بوون كە بە نەخۆشی شێرپەنجە ناو دەبرێت، ئەو نەخۆشییە دار گوێزەكان لە قەدەوە  وشك دەكات، ئەمساڵیش ئەو نەخۆشیە زۆر بڵاو بووتەوە دەتوانم بڵێم لەسەدا 70 دار گوێزەكان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، ئەوەش وایكردووە بەرهەمی گوێز روو لە كەمی بكات، بەجۆرێك ساڵانی رابردوو تەنها لە باخەكەی مندا 90 بۆ 100 هەزار گوێزمان دەتەكاند، بەڵام ئەمساڵ هەرلەم باخەدا 10 بۆ 15 هەزار گوێزمان هەیە، بەڵام گوێزەكەشی زۆر باش و جوانە.
 ئەو پیاوە داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەکات، كار بكەن بۆ چارەسەركردنی  ئەو نەخۆشییەی ئێستا دارگوێزەكانی ناوچەكەی گرتووەتەوە، وەك خۆشی دەڵێت: چەند جارێك لیژنەیەك لە كشتوكاڵی هەڵەبجەوە هاتوون، بەڵام نەتوانراوە ئەو نەخۆشییە چارەسەر بكەن، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵ، بێنە سەرخەت كار بكەن تاوەكو چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی دارگوێزەكان بكەن.
ئەو خاوەن باخە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، نرخی گوێز ئەمساڵ بەهۆی كەمییەوە بەرز بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەش چەندین جۆر گوێزی وڵاتان هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، ئەوەش وایكردووە بازاڕی گوێزی ناوچەی هەورامان کەمبێتەوە .

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان