خۆراک، ململانێ و قەیرانێکی درێژخایەنە

10:08 - 2022-10-10
ئابووری
512 جار خوێندراوەتەوە
لەگەڵ هەڵکشانی قەیرانەکاندا بڕی بەرهەمهێنانیش کەم دەبێتەوە

فەیسەڵ عەلی

زۆرجار دەگوترێ ئابووری کارێکی خەمۆکییە، جگە لە قەیران گفتوگۆی هیچ شتێکیتر ناکات، تەنها پێشبینی (دەگمەن)ی دەکات، تەنانەت کاتێک ئابووری لە بوژانەوەدایە، ئابووریناسان باس لە نا دڵنیاییبوون دەکەن، بێگومان ئەوە زۆرجار راستە، ئابووری هەوڵی زانستێک بێت، پێشبینی هەبێت و لەسەر بنچینەی خراپترین ئەگەرەکان وێنای ئایندە بکێشێت، ئەمەی لە پێناو بەهێزکردنی تواناکان و پاراستنی سەرمایە و وەبەرهێنان و کەمکردنەوەی مەترسییەکان، یان لە پێناو فەراهەمکردنی ئەوەی پێویستە بۆ خۆ بەدوورگرتن لە خراپترین سیناریۆکانی رووداوەکان، سود بەخش دەبێت.
ئەم حاڵەتە لە دڵەڕاوکێی درێژخایەنی راپۆرتە ئابوورییەکان، کە بە روونی لە راپۆرتی سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە بەدیار دەکەوێت، سەبارەت بە یەکێک لە خراپترین قەیرانەکانی خۆراک، هۆشداری بە تەواوی دەوڵەتانی جیهان دەدات، هەرچەندە نرخی خۆراکیش لەم چەند مانگەی دوواییدا رووی لە پاشەکشێ کردووە. لەبەر ئەوە دەتوانرێ بگوترێ، کە وشەی «ئێستا» کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە هەناویدا دڵەڕاوکێیەکی درێژخایەنی هەڵگرتووە و لە زۆربەی راپۆرتەکاندا بوونی هەیە، کە جۆرێک لە هاندان بۆ خێراکردنی تێدایە، تا پێداویستییەکانی پشتیوانیکردن و خۆپارێزی ئابووری دەستەبەر بکرێن.

بەرەنجامی رووداوە کەڵەکەبووەکانە
لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ دان بەوەدا بنرێت، کە ئەو رەوشی خۆراکەی جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بەرئەنجامی ئەم ساتەی ئێستا نییە، بەڵکو بەرئەنجامی زۆر رووداوە، کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوواییدا رووبەڕووی تەواوی دەوڵەتانی جیهان بۆتەوە. یەکێک لە گەورە ئابووریناسانی ناو رێکخراوی «فاو» باس لەوە دەکات، کە زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی رووبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە، لە بنچینەدا بە دەست ململانێی ناوخۆییەوە ناڵاندوویانە، ململانێی ناوخۆیی هۆکاری سەرەکی قەیرانی خۆراکە، لە ساڵی 2016 وە ئەم ململانێیە، بە هۆکاری (72٪) زیادبوونی نەمانی ئاسایشی خۆراک دادەنرێت، بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەهای هاوردەی خۆراکی 62 دەوڵەتی جیهان بە نزیکەی (25.4) ملیار دۆلار زیادی کردووە، ئەمەیش بە گەورەترینی جیهان بەراورد بە پێداویستییەکانی تری دەوڵەتان دادەنرێت، ئەمە کاریگەریی لەسەر (1.7) ملیار کەس دروست دەکات، ململانێکان وا لە دەوڵەتان دەکات بەرامبەر بە چارەسەرکردنی تەرازووی پێدانیان لاواز بن، ئەمەیش راپۆرتی سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە دووپاتی دەکاتەوە، لەوەی کە 48 دەوڵەت هەن، کە بەهۆی قەیرانی ئێستای خۆراکەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، ئەویش بەهۆی لاسەنگیی تەرازووی پێدانیانەوە بووە. 

نەهامەتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت
لاسەنگیی تەرازووی پێدان، واتە دەوڵەتان ناتوانن بڕی کاڵا و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ هەناردەکردن بەرهەمبهێنن، تا بە داهاتەکەی خۆراکی پێویست هاوردە بکەن، یان پێداویستییەکانیان لە پەیینی کیمیاوی و پێداویستیی تری کشتوکاڵی دابین بکەن، لەبەر ئەوەی هەر گۆڕانکارییەکی لەناکاوی نرخی خۆراک و پەیین، بە مانای زیادبوونێکی نوێی بەهای هاوردە دێت، بەدوایشیدا بەردەوامبوونی نەهامەتییەکان دێت. مەزندەکانی سندوقی نەختینە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەو دەوڵەتانە بۆ بودجەی گشتییان، پێویستیان بە پێنج بۆ حەوت ملیار دۆلاری زیادە دەبێت، تا بتوانن کاریگەریی توندی قەیرانەکە لەسەر خێزانەکان سوک بکەن.
نەمانی ئاسایشی خۆراک، بە خێرایی زیاد دەکات و لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان بڵاوە. خەڵکی دەوڵەتە زۆر هەژارەکان، بەتایبەتیش ئەوانەی کە هێشتا لە ژێر کاریگەریی پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییە یەک لەدوای یەکەکانی ململانێکاندان، لە رووی نرخ و گەیشتنی خۆراک و پەیین و گۆڕانکارییە لەناکاوەکانی کەشوهەواوە رزگاریان نەبووە. هێشتا وەڵامێکی فراوانی مرۆییانەیان لەسەر ئاستی فراوان وەرنەگرتووە، تا لە کاتی گونجاودا یارمەتی کشتوکاڵی پێشکەش بکەن و ببێتە رزگارکەری گیانی زۆر خەڵک بێت، ئەمەیش وایکردووە رەوشی چەندین دەوڵەت بەرەو خراپتر ببات.

پەیین کێشە بۆ جوتیاران دروست دەکات
جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرایین – کە جۆرێکە لە ململانێ – کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە، چونکە هەناردەی دوو گەورە هەناردەکاری سەرەکیی دانەوێڵەی راگرت. نزیکە پەنجا دەوڵەت بە رێژەی (50٪) پشت بە دانەوێڵەی ئەو دوو دەوڵەتە دەبەستن، هەروەها روسیا بە گەورەترین هەناردەکاری نایترۆجین و دووەم هەناردەی پۆتاسیۆم و سێیەم هەناردەی فسفۆر لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، کاتێک روسیا هەناردەکردنی پەیینی راگرت، جوتیارانی دووچاری کێشەی گەورە کردەوە. 
لەگەڵ روونی ئەو رۆڵەی ململانێکان لە ئاڵۆزکردنی قەیرانەکانی خۆراکدا دەیگێڕێت، راپۆرتەکەی سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە، نرخی وزە و بەرزبوونی نرخی خۆراک بەیەکەوە گرێ دەدات، ئەو بەرزبوونەی نرخی وزە کە جیهان بەخۆیەوە دەیبینێت، بەشێکی بۆ ئەو ململانێیەی کە چەندین ناوچەی جیهاندا هەیە، دەگەڕێتەوە.

دەیەوێ برسێتی و قەڵەوی پێکەوە چارەسەر بکات
وێڕای ئەو ململانێیانەی لە جیهاندا هەن، کێشەیەکی درێژخایەن لەگەڵ زنجیرەی گەیاندنیش هەیە، کە لەگەڵ قەیرانی تەندروستی دەستی پێکرد و بە ئێستایشەوە بەردەوامی هەیە. زیاتر لە 20 دەوڵەت لە کۆتایی تەموزی رابردووەوە، کۆتوبەندی لەسەر هەناردەکردنەکانی داناوە، کە برنج و گەنم و رۆنی زەیتی تێدان، هەروەها ئەمریکا بەڵگەیەکی جیاواز سەبارەت بە ئاسایشی خۆرک دەخاتەڕوو. بەوەی (10٪) دانیشتوانی ئەمریکا رووبەڕووی نەمانی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە، لە هەمان کاتدا (40٪) پێگەیشتووان و نزیکەی (20٪) منداڵانی ئەمریکا بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، پرسەکە بە رەوتێکی جیاواز دێت، دابەشکردنی نەگونجاوی خۆراک و بەشە خۆراک، کێشەی لە دەوڵەتە پێشکەتوو دەوڵەمەندەکانی وەک ئەمریکاش دروست کردووە، کە کۆشكی سپی رایگەیاند، کە ئەوان هەڵمەتێکیان بۆ لەناوبردنی برسێتی و قەڵەوی بە یەکەوە دەستپێکردووە، بۆ ئەمەیش هەشت ملیار دۆلاریان تەرخانکردووە.
لە کۆتاییدا، دەبێت پارێزگاری لە بەردەوام گەیاندنی خۆراک بکرێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە گوشاری ئابووری و جیۆستراتیجی لە زیادبووندایە، دەبێ بڕیاربەدەستدانی سیاسی، هەنگاوەکانیان بە ئاراستەی دابینکردنی لانیکەمی یارمەتی خۆراک بەبێ دابڕان بۆ هاوڵاتیانی زۆربەی دەوڵەتانی جیهان بنێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان