کاریگەریی کێشەکانی خێزان لەسەر پەروەردەی منداڵ

10:11 - 2022-10-10
ڕاپۆرت
6376 جار خوێندراوەتەوە
هەموو کردەیەکی دایک و باوک کاریگەریی لەسەر منداڵ هەیە

راپۆرتی: هاوژین عەبدولواحید

خێزان یەکێکە لە دامەزراوە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە، لەکۆمەڵێ تاک پێکهاتووە کە بەیەکەوە دەژین و پەیوەندی خوێن هەیە لەنێوانیان و ئەرکی دەستەبەرکردنی ئارامییە لەڕووی دەروونییەوە بۆ ئەندامەکانی لەپێناوی فەراهەمکردنی خۆشبەختیدا، بەڵام زۆر کات دەبینین لەناو خێزاندا گیروگرفت دێنەپێش بۆیە گرنگە دایکان و باوکان بتوانن بەڕێگایەکی راست ئەو کێشانە چارەسەر بکەن و نەهێڵن کاریگەریی خراپ دروست بکات لەسەر منداڵ.
 دەپرسین کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەناو خێزاندا  کاریگەری هەیە لەسەر دەروونی منداڵ؟

بەکارهێنانی زمانی زبر لەنێوان دایک و باوک، منداڵ ئاشنا دەکات بەکۆمەڵێک وشەی ناشیرین

منداڵ تەنها لاسایی ناکاتەوە
هەر بۆ ئەم مەبەستە دکتۆر محەمەد ناسر پسپۆڕی دەروونزانی لە وەڵامی چەند پرسیارێکدا وتی:  لە دەروونناسیدا بابەتێکمان هەیە بەناوی سێگۆشەی خێزان کە فرۆید باسی لێوە دەکات و دەڵێت: هەموو کردەیەکی دایک و باوک کاریگەریی هەیە لەسەر منداڵ و هی منداڵیش لەسەر دایک و باوکی، بۆیە ئێمە نابێ بەشێوەیەکی سادە بیر بکەینەوە منداڵ بەس لاسایی دەکاتەوە، بەڵکو منداڵ خەریکە بینایەکی عەقڵی دروستدەکات لە تەنیشت بینای دایک و باوکی، وەک دوو دراوسێ کە یەکیان خانوو دروست دەکات ئەویتر سەیر دەکات تا بزانێ تاچەند بەدڵێتی و لاسایی دەکاتەوە یاخود چەند گۆڕانکاری لە نەخشەکەیدا دەکات و بیرۆکەی نوێی لەسەر دادەڕێژێت.
بۆیە هەڵەیە وابیربکەینەوە منداڵ تەنها خەریکی لاسایی کردنەوەیە، بەڵکو هەمیشە خەریکی هەڵسەنگاندنی عەقڵی دایک و باوکێتی بۆ هەموو ئەو هەڵسوکەوتانە  تا بزانێت چەند ئەو شتانەی دایک و باوکی دەیکات وەریبگرێت و پەسەندی بکات، بۆ نموونە زۆرکات بینیومانە ئەوەی دایک دەیکات شەرت نییە منداڵیش ئەوە دووبارە بکاتەوە هەندێکجار دایک حەزی لە چێشتلێنان و کاری ماڵەوە هەیە، بەڵام کچەکەی پێچەوانەی ئەوە و حەز بەو کردەیەی دایکی ناکات.
هەروەها وتیشی، منداڵ بەهۆی کێشە خێزانییەکانەوە تووشی چەندان نەخۆشی و گیروگرفتی دەروونی دەبێت.

گرفتە خێزانییەکان و کاریگەریی لەسەر منداڵ
 توێژینەوەکان سەلماندوویانە، لەکاتی گرفتە خێزانییەکاندا کاریگەرییەکی نێگەتیڤ دروست دەبێت لەسەر دەروونی منداڵ رەنگە کەسایەتی دژە کۆمەڵگە و  سنووردار و میزاجی لێ دەربچێت، یاخود تووشی  خەمۆکی و قەلەقی و سایکۆسۆماتی، شیزۆفینیا ببێت و ببێتە هۆی تێکچوونی هۆرمۆنەکانی لەشی، قژ هەڵوەرینی، تێکچوونی پێستی و دەرکەوتنی زیپکە لەسەر روخساری و چەندان کاریگەری خراپی تر.
منداڵی دەروون دروست لەخێزانی تەندروستەوە بەرهەمدێت، خێزانێکی رۆشنبیر رێگە نادات  منداڵەکانی تێکەڵی کێشەیەک بن که پەیوەندی بەوانەوە نییە، گرنگییەکی زۆر دەدات بە سەلامەتی سایکۆلۆژی منداڵەکانی کە کۆمەڵێک رێکاری  جوانیش بەکاردەهێنێت بۆ روبەڕوبوونەی ئەو گرفت و پێشهاتانە.

بەشداریپێکردنی منداڵ
منداڵ بەپێی  قۆناغەکانی ژیانی و تەمەنی دەتوانێت بەشداری  پێبکرێت و پرسی پێبکرێت بۆ ئەوەی هەست بەبوونی خۆی بکات کە ئەویش تاکێکی ئەکتیڤە لەناو خێزاندا، بەڵام ئەگەر لە تەمەنی بچووک  7-8 ساڵان بۆچوونی وەربگیرێ بەڕای تۆ ئەم تابلۆیە لە کوێ هەڵواسین و لە تەمەنی 11-12 ساڵی دەتوانین بەشداری پێبکەین لەو بابەتانەی کە زۆر هەستیار نییه وەک لەبارەی کڕینی ئۆتۆمبێل یان گواستنەوەی ماڵ، بەڵام پێویست ناکات بەهیچ شێوەیەک منداڵ تێکەڵی کێشەی نێوان ژن و پیاو بێت و بەشداری لە کێشەکانی نێوانیاندا بکات.
بەکارهێنانی زمانی زبر لەنێوان دایک و باوک لەلای منداڵ خراپە، چونکە ئەو منداڵە ئاشنا دەبێت بە کۆمەڵێ وشەی ناشیرین.
زەماوەندکردن لە تەمەنی پێگەیشتوویی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەتوانین بڵێین کێشەکان کەمتر دەکاتەوه، وەک لە زەماوەندی پێشوەخته، لەکاتێکدا کچ و کوڕ تەمەنیان 16-17ساڵە زەماوەند دەکەن و دەبنه خاوەنی منداڵ لەکاتێکدا هێشتا خۆیان پەروەردە و  پێگەیشتوویی هزرییان تەواو نییە و لەو تەمەنەدا هێشتا خۆیان  پێویستیان بە چاودێری پەروەردەیی ماوە چۆن بتوانن منداڵێک پەروەرده بکەن؟ بۆیه بەم شێوەیە تەنها دۆخەکە سەختتر دەبێت و بە ئەستەم رەنگە بتوانن کۆنترۆڵی بکەن.

گرنگی خۆشەویستی لەناو خێزاندا
هاوکات پرۆفیسۆر د. کاوە عەلی پسپۆڕ لەبواری دەروونزانی لەبارەی گرنگی خۆشەویستی پێویست لەناو خێزاندا وتی: سه‌رجه‌م بۆچوونه‌ زانستییه‌کان له‌بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵان ئاماژه‌ به‌ کاریگه‌ریی کێشه‌ خێزانییه‌کان ده‌که‌ن له‌سه‌ر منداڵان، له‌ چوارچێوه‌ی قوتابخانه‌ی شیکاری ده‌روونی هه‌ریه‌ک له‌ زانا کارین هۆرنای و ئه‌رفرێد ئه‌دله‌ر ئاماژه‌ به‌و کاریگه‌رییە ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش واده‌کات منداڵ ته‌ندروستی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ده‌ست بدات و ببێت به‌ که‌سێکی گۆشه‌گیر یان شه‌ڕانگێز، هەروەها جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان بوونی کێشه‌ی خێزانی له‌گه‌ڵ پێنه‌دانی خۆشه‌ویستی پێویست به‌ منداڵان، ئه‌گه‌ر منداڵ هه‌ست بکات له‌ناو خێزاندا خۆشه‌ویست نییه‌ ئه‌وه‌ بێگومان هه‌وڵده‌دات له‌ ده‌ره‌وه‌ی خێزان ئه‌و که‌لێنه‌ پڕ بکاته‌وه‌.
لە هەمانکاتدا بۆ درێژەدان بەهەمان تەوەر مامۆستا بەکر سدیق توێژەری کۆمەڵایەتی لەبارەی کاریگەریی کێشە خێزانییەکان  لەسەر داهاتووی منداڵ و ستراتیژی خێزانی سەرکەوتوو، وتی: کێشەی خێزانی کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر منداڵ، بەپێی بۆچوونی دەروونزانەکان منداڵ ئەوەندەی بە رەفتار و هەڵسوکەوتی دایک و باوکی کاریگەرە کەمتر قسە و ئامۆژگارییەکان کاری لێدەکات، چونکە منداڵ زۆر بەوردی تێبینی هەڵسوکەوت و کردارەکانیان دەکات و زۆر باشیش هەست بە بارگرژی ناو خێزان دەکات، تا ئەمە کاردەکاتە سەر هەڵسوکەوتی رۆژانە و ئایندەی بۆیە ئەو ماڵانەی کە هەمیشه کێشەی تێدایە منداڵەکانیان نا تەندروستترن لەڕووی پەروەردەی دەروونییەوە، بۆیە باشتر وایە هەوڵ بۆ ئەوە بدەین منداڵ بخەینەوه جیهانی خۆی کە پڕیەتی  لە جووڵە و یاری و کۆمەڵێ شتی جوانی تر و دوور بخرێتەوە لە کێشەکانی ناو خێزان.

ستراتیژی خێزانی سەرکەوتوو
هاوکات ستراتیژی خێزانێکی سەرکەوتووش دەگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی پێش دەسپێکی زەماوەند کاتێک کوڕ و کچێک دەیانەوێ زەماوەند بکەن پێویستە لەسەریان زۆرباش بیر بکەنەوە ئایا کێ دەکەن بە دایکی منداڵەکانیان یاخود باوک، بۆیە دەکرێت زەماوەند لەنێوان نێر و مێیەک رووبدات، بەڵام شەرت نییه هەموو نێرو مێیەک ببن بە دایک و باوکێکی بەرپرسیار بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، چونکە ئەرکی دایک و باوک زۆر لەوە گەورەتر و پیرۆزترە کە ئێمە کورتی بکەینەوە لە جووتبوونی دوو کەس و تێرکردنی غەریزەیەک یاخود تەنها وەچە خستنەوە، بۆیە یەکێکه لە گرانترین و قورسترین ئەرک لەسەر شانی دایک و باوک پەروەردەیە بۆ سەردەمێکی وەکو ئەمڕۆ تاوەکو بتوانین منداڵێکی باش  پەروەردە بکەین هەم لەڕووی کۆمەڵایەتی، دەروونی، جەستەیی و رۆشنبیرییەوە بۆ دەستەبەرکردنی خێزانیکی تۆکمەو کۆمەڵگەیەکی تەندروست.

بابەتە پەیوەندیدارەکان