نەیجیریا خەریكە دەبێتە وڵاتی لافاوە ترسناكەكان، بەپێی هەواڵەكانی رۆیتەرز «لە كۆی 36 ویلایەت، 29 ویلایەتەكەی دیكە ئەمساڵ رووبەڕووی لافاوی چڕ دەبنەوە، هەر بەهۆی ئەو زنجیرە لافاوەوە كە لە سێ رۆژی رابردوودا لەو وڵاتەدا روویانداوە، محەمەد بوخاری سەرۆكی نەیجیریا رایگەیاندووە: لە ویلایەتی ئەنامبرا، بەهۆی لافاوەوە یەختێك وەرگەڕا و بووەهۆی گیانلەدەستدانی 76 كەس و 60 كەسیش بێسەروشوێنن.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی نەیجیریاش، كە لە زاری بەرپرسانی دەستەی هاوكاریی نەیجیریاوە وەرگیراوە، لە لافاو و زریانەكانی ویلایەتی كاتسینای باكووری ئەو وڵاتەدا، 24 كەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەك بەهۆی ترسی لافاوەوە نزیكەی 18 هەزار هاووڵاتی لە زێدی خۆیان گوازراونەتەوە.
لە لێدوانێكیشدا عومەر محەمەد سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری بەپەلە لە ویلایەتی كاتسینای باكووری نەیجیریا، رایگەیاندووە: لافاو و زریانەكەی كاتسینا نزیكەی 16 هەزار و 625 شوێنی لە 34 ناوچەدا وێرانكردووە و (6.6) كیلۆمەتر چوارگۆشە زەویی كشتوكاڵی داپۆشیوە. دڵنیاییشی داوە كە وەك حكومەتی ویلایەتی كاتسینا بەزووترین كات یارمەتیی پێویست دەگەیەنێتە ئەو كەسانەی زیانیان بەركەوتووە.
حكومەتی نەیجیریا لە 29 ویلایەت و لە پایتەختی فیدراڵیی نەیجیریا ئاگاداری بڵاوكردۆتەوە و مەترسیی ئەوەی خستۆتەڕوو كە ئەمساڵ زۆرترین لافاوی مەترسیدار روودەدات.