قوباد تاڵەبانی: ئەڵمانیا رۆڵی گرنگی هەیە لە هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێم

09:05 - 2022-10-11
کوردستان
725 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مارتن یێگە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق، ستایشی رۆڵی راوێژكارە ئەڵمانییەكانی كرد لە هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاكسازی لە دامەزراوەكانی حكومەتدا.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ بەڕێوەچوو و تیایدا كڵاوس شتخایشە كونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەیبوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە كونسوڵی نوێی ئەڵمانیا كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونییەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركەكەیدا.
لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ ستایشی رۆڵی راوێژكارە ئەڵمانییەكان، داوایكرد پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا لە هەموو روویەكەوە و بەتایبەتیش لەڕووی بازرگانییەوە بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و ئامادەیی حكومەتی هەرێمیشی دووپاتكردەوە بۆ كارئاسانیكردن بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەڵمانییەكان كە لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن.
لەم چوارچێوەیەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا رایگەیاند: وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاوكارییەكانی و لەنزیكەوە كاردەكەن لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی سیاسیی عیراق كرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە كورد بە یەكگرتوویی بەشداربێت لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراقدا بۆ ئەوەی باشتر بتوانرێت داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت.

# قوباد تاڵە‌بانی #ئەڵمانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان