پەرلەمانتارانی عیراق: سەرۆك بافڵ كارایی بە جموجوڵە سیاسییەكان لە بەغدا دەبەخشێت

09:07 - 2022-10-11
عیراق
476 جار خوێندراوەتەوە

لەم چەند مانگەی دواییدا گۆڕەپانی سیاسیی عیراق، جموجوڵی زیاتری بەخۆوە بینیوە لەپێناوی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو قەیرانەی رووبەڕووی بۆتەوە، هەروەها لەپێناوی كردنەوەی ئەو چەقبەستووییەی لە پرۆسەی سیاسیدا دروستبووە، لەم چوارچێوەیەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كۆبوونەوەی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان، گوڕوتین و تەوژمێكی لە پرۆسەی سیاسیدا دروستكردووە، ماڵی (مام جەلال)یش لە بەغدا بۆتە ناوەندی كۆكردنەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان بە جیاوازیی بیروبۆچوونەكانیانەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ هەریەك لە فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبـی و موسەننا سامەڕائی سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم و رەییان كلدانی ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی بابلیون و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیبـی ئەهلی حەق، كۆبوونەوەی كردووە، نوێترین پێشهاتە سیاسییەكان و یەكخستنی هەوڵەكان لەپێناوی چارەسەری كێشەكان و گەیشتن بە رێكەوتنی نیشتمانی، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكان بووە.

رۆڵی كارای سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كوردستان و عیراقدا
دەربارەی دەرئەنجامی كۆبوونەوەكان و دوایین پێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، ئەسوان كلدانی پەرلەمانتاری عیراق لە بزوتنەوەی بابلیون، تایبەت بە ماڵپەڕی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (PUKMEDIA) رایگەیاند: «سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی كارا لە لێكتێگەیشتنی نێوان حزبە كوردستانییەكان و گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی زیاتر لەگەڵ حزب و هێزە سیاسییە عیراقییەكاندا دەبینێت». وتیشی: لە كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی رابردوودا، باس لە چارەسەری زۆربەی كێشەكان كراوە و لەماوەی چەند رۆژی داهاتووشدا بارودۆخەكە یەكلایی دەبێتەوە، دوای رێكەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار، هێزە شیعییەكانیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا كاندیدی سەرۆك وەزیران رادەسپێرن.

كەسایەتییەكی لێهاتوو و چالاكە
لای خۆیەوە، فارس ئەلفارس پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەزم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبارەی رۆڵی سەرۆك بافڵ، دەڵێت: «بافڵ تاڵەبانی كەسایەتییەكی لێهاتوو و خاوەن كاریگەرییە، هەموو كوتلە پەرلەمانییەكانی عیراق هیوادارین كورد لەنێوان خۆیاندا لەسەر پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمار بگەنە رێكەوتن، ئەمەش دەبێتە سەرەتای جووڵەیەكی ئەرێنی و تەندروست بە ئاڕاستەی پێكهێنانی حكومەت و دواتریش دەروازەیەك دەكرێتەوە بۆ كۆمەڵێك چاكسازی، لەوانە: یاسای هەڵبژاردن و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و یاسای بودجە، كە تائێستا بڕیاری لێنەدراوە و ژمارەیەك سێكتەری گرنگی لەسەر بەندە و خواستی هاووڵاتیانە». ئاماژەی بەوەشكرد كە كورد ژمارەیەك سەركردەی سیاسیی پێگەیشتوو و كاریگەر و بەتوانای هەیە، «ئێمە بەردەوام لەگەڵ گەڕانەوەی كوردین بۆ پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا، بەئامانجی بنیاتنانی پڕۆژە و دنیابینییەك، كە لە خزمەت خەڵكی كوردستاندا بێت».

تەواوكاری هەنگاوەكانی  سەرۆك مام جەلال-ە
هەروەها، سۆزان مەنسور وتەبێژی فراکسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلێدوانێكیدا بۆ (PUKMEDIA) لەبارەی هەنگاوەكانی سەرۆك بافڵ، دەڵێت: «لە سەردانەكانی بۆ بەغدا، سەرۆك بافڵ، رۆڵ و كاریگەری دروستكردووە، هەنگاوەكانی بە تەواوكاری رۆڵی سەرۆك مام جەلال دەزانین لە كۆكردنەوەی هێز و لایەنە جیاواز و ركابەرەكانی پرۆسەی سیاسیی عیراقدا» هەروەها دەڵێت: «وەك فراکسیۆنی یەكێتی، بەردەوام لەگەڵ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنداین و ئامانجمان كۆكردنەوەی لایەنە جیاوازەكانە لەسەر مێزی گفتوگۆ، ئەوەی لە رابردووشدا روویدا وانەیەكی قورس بوو بۆ هەموان، كە جگە لە گفتوگۆ هیچ دەرچەیەكی دیكە بۆ چارەسەری كێشەكان لەعیراقدا نییە.

پێكهێنانی حكومەت نزیكە
هەر لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقەوە، فازڵ دلێمی لە هاوپەیمانیی عەزم بۆ (PUKMEDIA) رایگەیاند: دوای ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكاندا روویاندا، بارودۆخی سیاسی لە عیراقدا بەرەو یەكلابوونەوە دەچێت، پێشبینی دەكەین لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا هەنگاوەكان بە ئاڕاستەی پێكهێنانی حكومەت دەبێت لەڕێگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان