ئا: ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
روسیا شێوازی هێرشەكانی بۆ سەر ئۆكرانیا گۆڕیوە و ئێستا زیاتر بۆردومانی شارەكانی ئۆكرانیا و بەتایبەتی كیێڤ دەكات، سەرۆكی ئۆكرانیاش ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی رایگەیاندووە: پێویستە جیهان لەم بارەیەوە بێنە دەنگ.
دوای ئەوەی روسیا لە هەندێك ناوچەی ئۆكرانیادا بەشێكی هێزەكانی پاشەكشێ پێكرد، وادیارە روسیا بە بەدەستهێنانی چوار هەرێمی ئۆكرانی كە دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە ئۆكرانیا و چوونەسەر روسیا داوە، رازییە، بۆیە هەر زوو ڤلادیمێر پوتین، ئیمزای لەسەر جیابوونەوەی ئەو چوار هەرێمە كرد.
كشانەوەی بەشێكی هێزەكانی روسیا بە مانای كۆتایی جەنگ نییە، لە ماوەكانی رابردوودا روسیا بە چڕی هەندێك ناوچەی لە كیێڤ و دەوروبەری بۆردومان كرد.
باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا
بە وتەی ئۆکرانییەکان یەكێك لەو شوێنانەی كە روسیا لە شاری كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیادا كردوێتیە ئامانج، باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا بووە، شارەزایان و شرۆڤەکارانیش پێیانوایە بۆردومان کردنی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا پەیامی لەپشتەوەیە.
گەورەترین پرد لە شاری كیێڤ
سەرۆکی روسیا لە لێدوانێكیدا لەكاتی بۆردومانەكانی شاری كیێڤدا وتی: ئۆكرانیا پڕبووە لە بیانی، ئەم قسەیەی پوتین هێما بوو بۆ ئەو خۆرئاواییانەی كە یارمەتی ئۆكرانیا دەدەن و وەك وەفد سەردانی كیێڤ دەكەن.
هەروەها لەیەکێک لە هێرشەکاندا گەورەترین پردی ئەو شارە وێران بووە.
دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان
دوای ئەوەی كە روسیا نزیكەی 75 موشەكی ئاراستەی كیێڤ كرد، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی رایگەیاند: روسیا بە موشەكی جۆربەجۆر هێرش دەكاتە سەر شاری كیێڤ و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانی پایتەخت و ئێمە وەك ئۆكرانییەكان لە گەڵ دۆخێکی سەختدا مامەڵە دەکەین.
ئەم هێرشانەی روسیا بە جۆرێك لە جۆرەكان وەڵامە بۆ خۆرئاواییەكان كە یارمەتییە سەربازییەكانیان بۆ ئۆكرانیا ناتوانێت كۆتایی بە هێرش و بۆردومانەكانی روسیا بهێنێت.
كەرتی كارەبا
بۆردومانەكەی روسیا بۆ كیێڤ و چەند شارێكی دیكە، بۆتە هۆی پچڕانی كارەبا لە زۆرێك لە شارەكاندا، سەرەڕای تاریكی و خراپی دۆخەكەش، داوا لە هاووڵاتیان كراوە لە ژێرزەمینەكانیاندا بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە.