گلەیی جوتیارانی كەركوك لە خراپی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان

10:01 - 2022-10-12
ڕاپۆرت
574 جار خوێندراوەتەوە
#بەروبوومی جوتیاران

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

چەند ساڵێكە بەرهەمە خۆماڵییەكانی جوتیاران بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، هەندێك ساڵ جوتیاران لە لادێكانی كەركوكدا مایە پووچ دەردەچن ‌و زەرەرێکی زۆر دەکەن ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ گەلێك هۆكاری جۆراوجۆر، لەوانە هۆكاری سیاسی، ئابووری، ژینگەیی و كۆمەڵێك هۆكاری تر.
بەرهەمی هەنجیر و قەیسی و هەرمێ و ترێ و سێوی گوندەکانی کەرکوک بەوە ناوبانگیان دەركردووە كە تام و بۆن و رەنگی بەتایبەتیان هەیە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار وەك پێویست ئاوڕی لە جوتیاران  نەداوەتەوە تا هانی جوتیاران بدات بۆ زۆرکردنی بڕی بەرهەم و نەتوانراوە لەڕووی ئابووریشەوە گرنگی پێبدرێت. هەنجیر و قەیسی لە هەموو بەرهەمەكانی تری ناوچەکە زیاتر ناوبانگی دەركردووە، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ رێژەی بەرهەمهێنانی كەمدەبێتەوە و پەتاو نەخۆشییە مێرووییەكانیش تەنگیان بەو بەروبوومانە هەڵچنیوە و بەرهەمەكان كرچوكاڵ دەردەچن.

لافاو بەرهەمی ئەمساڵی بەفیڕۆدا
سەعید خاڵەبازیانی سەرقاڵی كاری جوتیارییە لە گوندی خاڵەبازیانی سەر بە شاری كەركوك وتی: نزیكەی پانزە ساڵە خەریكی بەرهەمهێنانی هەنجیر و قەیسیم، بەڵام بەداخەوە ساڵ لە دوای ساڵ بەرهەم كەمدەبێتەوە و رێژەیەكی بەرچاویش تووشی نەخۆشی و ئافاتی كشتوكاڵی دەبێتەوە، كە هەندێكیان بە كەڵكی وشك كردنەوەش نایەن.
وتیشی: بێئاوی یەكێكە لەو هۆكارە گرنگانەی لەمساڵدا تەنگی بە بەرهەمی جوتیاران هەڵچنیوە، لە پاڵ ئەوەشدا نەبوونی دەستی كاری شارەزا لەو پیشەیەدا ئەوەندەی تر ئیشەكەی قورس كردووە، هەروەها ئەمساڵ بەهۆی روودانی لافاو لە چەمی زەنگەنە رێژەیەكی زۆری داری هەنجیر و قەیسی لەناوبرد، ئەمەش بوو بەهۆی لە دەستدانی بەرهەمێكی زۆری چەند ساڵەمان.
باسی لەوەشكرد، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و ئافاتە كشتوكاڵییەكان هۆكاری سەرەكین لە كەمكردنەوەی بەرهەمە هاوینەییەكان و لەناوچوونیان.

بەرهەمی خراپ و بێهێز
عەلی جومعە یەكێكی ترە لەو جوتیارانەی لە ناحیەی قەرەهەنجیری سەر بەشاری كەركوك سەرقاڵی كاری جوتیارییە و دەڵێت: ماوەی چەند ساڵێكە جوتیارم و زیاتر بەرهەمەکانی سەوزە و بیبەر دەچێنم، لە هەندێک ساڵدا رێژەیەكی بەرچاو بەرهەم دەهێنم، بەڵام هەندێك ساڵ بەتایبەتی لەو ساڵانەی پلەكانی گەرما بەرزن و ئاو كەمە رێژەكە بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت كە جۆری بەرهەمەكەش خراپ و بێهێز دەبێت و بە كەڵكی فرۆشتنیش نایەت لە بازاڕدا، بۆیە بە ناچاری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان دەدەینە ئاژەڵ و هەموو رەنج و ماندوبوونمان بەفیڕۆ دەچێت.

كەمئاوی تەنگی پێهەڵچنیوین
عومەر چیمەنی لە گوندی چیمەنی شەهیدانە و جوتیارە وتی: لەم گوندەی ئێمەدا هەموو ساڵێك بەرهەمێكی زۆری هاوینە و زستانە دەكرێت، چونكە زەوییەكەی زۆر بەپیتە بۆ بەروبوومەكانی سەوزەی هاوینە و زستانە لەگەڵ میوە جۆرە بەجۆرەكانی هاوینەدا، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ ئاو وەكو پێویست نەبوو زۆربەی بیرو كانیاوەكانمان وشكی كرد، بۆیە بۆ بەدەستهێنانی ئاو زەحمەتی زۆر دەكێشین، ئەمساڵ لەبەر بێئاوی بەشێكی زۆری بەهەمەكانمان وشكی كردووە بۆ نموونە ئەمساڵ بیبەرێكی زۆرم كردبوو، بەڵام نەمتوانی بەردەوام بم لەبەرئەوەی لە نیوەی ماوەی بەرهەمهێنانەكەیدا ئاوی بیرەكەم بە تەواوەتی وشكی كرد و لە تەنیا رۆژێكدا بۆ ماوەی 10 دەقیقە ئاوم لێوەرگرتووە و ئەوەش بەشی بەرهەم هێنانەكەی نەدەكرد.

کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار
زوهێر محەمەد بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك رایگەیاند: فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك گەلێك بەرنامە و پڕۆژەی هەبوو بۆ بوژاندنەوەی كشتوكاڵ و بەدەستهێنانی ئاو بۆ لادێكانی دەوروبەری كەركوك، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بەشێكی زۆری هەنگاوەكانمان و بودجەی فەرمانگەكەمان لەو بوارەدا خەرجكرد، بۆیە كەمتەرخەمییەكی زۆر لەلایەن پارێزگا و فەرمانگەكەمانەوە بەرچاو كەوت، ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری زەوییە كشتوكاڵییەكان بێبەرهەم بن و هێنانی بەروبوومی بێگانە بەتایبەتی لە وڵاتانی ئێران و توركیاوە ئەوەندەی تر جوتیارانی لە زەوییەكانیانی بێزار كرد بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومەکانیان و ئەوەش رەنگدانەوەیەكی نەرێنی هەبوو لەسەر ئاستی پارێزگاكە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك: روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا وایکرد ئەو پڕۆژانەمان پێ جێبەجێ نەکرێت کە بۆ جوتیاران هەمانبوو ئەوەش زیانی بە بەروبومە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە

وتیشی: لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا سیاسەتی عیراق بەرامبەر بەبازرگانی و بەروبوومە كشتوكاڵییەكان لە نێوان پارێزگاكانی عیراق و جیاوازیكردن لەنێوانیاندا ئەوەندی تر جوتیارانی لەكاری كشتوكاڵی سارد كردەوە. 

#كەركوك #جوتیاران

بابەتە پەیوەندیدارەکان