ئەوروپا بۆ سەردەمی تاریکی دەگەڕێتەوە؟

11:46 - 2022-10-16
ژینگە
673 جار خوێندراوەتەوە
#لە مانگی ئەیلولەوە کاتەکانی رووناککردنی بورجی ئیڤڵ کەمکراوەتەوە

ئا: دڵان سامان

 بورجی ئیڤڵ شەوان تاریک دەکرێت و پایتەختی رووناکی لە کەشی پێش داهێنانی کارەبادا دەژی، هاوکات هۆشداری دەدرێت لەبارەی ئەوەی زستانێکی سەخت چاوەڕێی ئەوروپایە، دوای ئەو هاوینە وشک و گەرمەی پێیدا تێپەڕین و بەشێوەیەک زۆرێک لە ناوچە سەوزەکانی کرد بە بیابانی رووت، لەلایەک تێکچوونی ژینگە و گەرما و وشکە ساڵیی و زستانی سەخت چاوەڕێی کیشوەری پیر دەکات لەلایەکی دیکە جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و دروستبوونی قەیرانی وزە و گازی سروشتی و بەرزبوونەوەی نرخی گاز و قەیرانی کەمیی ئەو بارهەڵگرانەی گاز دەگوێزنەوە، ئەمانە هەمووی کۆمەڵە قەیرانێکن دەبێت ئەوروپا چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە و رووبەڕوویان بێتەوە.
هەندێک دەڵێن ئەوروپا خۆی هۆکار بووە بۆ ئەو قەیرانانە و ئێستا باجەکەی دەدات، پێشتریش سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن هۆشداری دا بە فەرەنسییەکان بەوەی چاوەڕێی «گۆڕانێکی گەورە» بن لەگەڵ «کۆتاییهاتنی فرە جۆریی» و هۆشداری لەبارەی وزەی کارەباوە.
لە بەریانیا-ش دوای کۆچی شاژنە ئیلزابێس و کەشوهەوای پرسە و خەم راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئابووری چۆتە قۆناغی سستبوونەوە و قەیرانی وزە و کەمبوونەوەی داواکاریی لەسەر کارەبا بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕادە بەدەری نرخەکەی دروست بووە.
لە راستیدا ئەو دۆخە قورسە تەنیا پاریس و لەندەنی نەگرتۆتەوە، بەڵکو خێوی تاریکیی و شەختە و سەرما لەگەڵ سەرەتای پایزدا باڵ بەسەر کیشوەری پیردا دەکێشێت و واچاوەڕوان دەکرێت ئەوەی دێت توندتر بێت بە هاتنی ترسناکترین زستان لە مێژووی ئەوروپادا لەو کاتەوەی کارەبا شەقامەکانی رووناک کردوونەتەوە بۆ زیاتر لە نیو سەدە.

هۆکارەکان زۆرن و تاریکی یەکە
هەرچەندە دەستپێکردنی جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد، بەڵام گۆڕانی ژینگە هۆکاری سەرەکییە لە پشت شەپۆلە توندەکانی کەشوهەوا کە چەندین ساڵە بەردەوامە و لەساڵی پارەوە ریتمەکەی بەهێزتر بووە بە شێوەیەک زۆرێک لە سەرۆکی وڵاتان و لە نێویاندا ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتیریش بە «ساڵی ژینگە» وەسفی کرد.
بەپێی وتەی زاناکانی ژینگە مەبەست لە گۆڕانی ژینگە ئەو گۆڕانکارییە درێژخایەنانەیە لە کەشوهەوا و بەرگەی گۆی زەویدا روودەدەن، لەوانە بەرزبوونەوەی توندی پلەکانی گەرما و زریان و باوبۆران کە دەبنە هۆی لافاوی وێرانکەر و زیادکردنیان بەشێوەیەکی خێرا و شەپۆلی گەرما و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو ئەنجامەکەشی بە هەموو پێوەرەکان کارەساتبارە بەرامبەر هەموو دیمەنەکانی ژیانی مرۆڤایەتی لەسەر گۆی زەوی، ئەوەش ترسناکترین نیشانەکانی گۆڕانی ژینگە و پەنگخواردنەوەی گەرمایە. 

کیشوەری ئەوروپا
کیشوەری ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا هاوینی رابردوو رووبەڕووی زریانی زۆر بۆوە بەشێوەیەک بووە هۆی وێرانکردنی چەندین ناوچە بە تایبەتی کەنار دەریاچەی «ئاهر» و دەریاچەکانی دیکە و بەو هۆیەوە زیانی گەورەی مرۆیی و ماددی لێکەوتەوە.
هەروەها زریان وڵاتانی بەلجیکا و سویسرا و هۆڵەنداشی گرتەوە، بەڵام خراپترینەکان لە ئەڵمانیا روویاندا، جگە لەوەی ئەم هاوینە ئەوروپا پلەکانی گەرمای بە شێوەیەک تێدا بەرزبۆوە نزیکەی 500 ساڵە گەرما و وشکەساڵیی وایان نەبینیووە، لەبەرامبەردا وا چاوەڕوان دەکرێت پایز و زستانێکی سارد و قورس چاوەڕێیان بکات و تاریکی ببێتە میوانیان.
لە راستیدا ئەوروپا بەشێک لە بەرپرسیارێتی تێکچوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوای لە ئەستۆیدایە، چونکە لەدوای دەستپێکردنی شۆڕشی پیشەسازییەوە بۆ زیاتر لە دوو سەدەیە ئەو شۆڕشە هۆکاری سەرەکییە بۆ خێراکردنی کرداری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی و دیاردەی قەتیسبوونی گەرما، بەڵام هۆکارێکی دیکە بۆ ئەم دۆخە بڕیاری زۆربەی وڵاتانی ئەو کیشوەرەیە بۆ گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی خەڵووز لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، دوای بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتی بەشێوەیەکی بەرچاو بەهۆی جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و هەوڵی وڵاتە ئەوروپییەکان بۆ بەکارنەهێنانی گازی روسیا.

قەیرانی وزە
ئەوروپا خۆی لەبەردەم سامناکترین ترسەکانیدا بینییەوە و هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی گازی روسیا، ئەم قەیرانە کاتێک دەستیپێکرد دوای ئەوەی روسیا بڕیاریدا رێژەی ئەو گازەی دەینێرێت بۆ ئەوروپا کەمبکاتەوە، بەوشێوەیە نرخی گاز بەرزبۆوە لەگەڵ مەترسیی ئەوەی لەسەرەتای پایز و زستاندا بە تەواوەتی ئەو گازە لە ئەوروپا ببڕێت و کیشوەری پیر پێکەوە هەڕەشەی سەرما و تاریکیی لەسەر بێت.
نرخی گاز لە یەکێتی ئەوروپا بە رێژەی 13 ٪ لەنێوان شەو رۆژێکدا بەرزبۆوە و لە ماوەی مانگێکدا 14 ئەوەندەی نرخی رابردووی بەرزبۆتەوە، بە پێی توێژینەوەیەکی زانکۆی یۆرک بێت ساڵی داهاتوو 58 ٪ بەریتانییەکان دووچاری هەژاری لە وزەدا دەبنەوە.
لە پاریسیش دوای ئەوەی رۆژی 24 ئابی ئەمساڵ ماکرۆن هۆشداری دایە فەرەنسییەکان بۆ گۆڕانی گەورە و دروستبوونی قەیران لە کەمیی وزەدا هەندێ رێوشوێن گیراونەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەکارهێنانی وزە لەو وڵاتە بەشێوەیەک رێژەی بەکارهێنانی کارەبا لە کۆمپانیا و ماڵەکان و دەسەڵاتی شارەوانییەکان بۆ 10 ٪ کەمکرایەوە، هەرچەندە فەرەنسا کەمتر پشت بە گازی روسیا دەبەستێت بە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەڵام کەمبوونەوە و لە کارخستنی بەشێکی زۆر لە کارخانە ئەتۆمییەکانی وڵاتی ناچار کردووە وزە لە دەرەوە هاوردە بکات ئەوەش فشاری لەسەر بازاڕی وزە زیادکردووە.
بورجی ئیڤڵ دیارترین و بەناوبانگترین سیماکانی پاریس لە ئێستادا لە سەعات 11:45 شەو بە کاتی ناوخۆیی رووناکییەکانی دەکوژێنرێتەوە بۆئەوەی ئاستی وزەی بەکارهاتوو بۆ 4٪ کەمبکرێتەوە، سەرۆکی شارەوانی پاریس روونیکردەوە لە 23 ئەیلولەوە رووناکی باڵەخانە گشتییەکان لە سەعات 10 شەودا دەکوژێنرێتەوە و پلەی گەرمیی مەلەوانگەکان لە 26 پلەوە بۆ 25 پلەی سەدیی کەمدەکرێنەوە، گەرمیی باڵەخانە گشتییەکانیش دەکرێنە 18 پلەی سەدیی.

هیچ دەنگێک لە سەروو قەیرانی وزەوە نییە
کیشوەری ئەوروپا یەکەم کیشوەر بوو وازی لە بەکارهێنانی خەڵووز هێنا بەو پێیە ئاستی پیسکردن و ژەهراویکردنی ژینگەی زۆرە کە دەبێتە هۆی قەتیسبوونی گەرما و تێکچوونی کەشوهەوا، بەڵام کاتێک نرخی گاز بەرزبۆوە و قەیرانی وزە دەستیپێکرد، تەنانەت چەندین مانگ پێش دەستپێکردنی جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هەندێ لە دەوڵەتانی ئەوروپا راستەوخۆ گەڕانەوە سەر بەکارهێنانی خەڵووز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەوەش ئاماژە بوو بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکان لە بیروباوەڕکان گرنگترن، ئەڵمانیا و بەریتانیا، نەمسا، ئیتالیا، فەرەنسا، چیک، بە کرداریی دەستیان کردۆتەوە بە بەکارهێنانی خەڵووز بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کەمیی گاز و وڵاتانی دیکەش بەڕێوەن بۆ گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی خەڵووز لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و زستان و بەتاڵیی بەشێک لە عەمبارەکانی گازی وڵاتەکانیان، هەروەها دەنگەکانی دژی بەکارهێنانی خەلووزن کز بوون لە ترسی سەرماو سۆڵەی زستان و کارلێکەکانی.
کێشەی کەمیی گاز و دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکە بۆ هاوردەکردنی گاز تەنیا کێشە نییە، چونکە دوو سەرچاوەی دیکە بۆ گازی سروشتی وڵاتە یەکگرتووەکان و قەتەرە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی داوا لەسەر گازی سروشتی لەلایەن کۆریای باشور و ژاپۆنەوە بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی ئەمساڵ روویتێکردن ئەوانیش لەگەڵ ئەوروپادا کەوتوونەتە کێبڕکێوە و ئەوەش بووەتە هۆی کەمیی بارهەڵگری گواستنەوەی گاز بۆ ئەو وڵاتانە جگە لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی لەبەرئەوەی سەرچاوەی گازەکە لە ئەوروپاوە دوورن و باجی زۆری دەخرێتە سەر.

کاتی بیروباوەڕ نییە!
جگە لە قەیرانی وزە و گۆڕانی ژینگە لە ئێستادا سیاسییەکانی ئەوروپا هەوڵی خستنی ناڕەزایی دەستکاریکردنی جیناتی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان دەدەن تاوەکو بەجۆرێک بەرهەمبهێنرێن بەرگەی گەرما و وشکەساڵیی و مێروو لە ژینگەی ئێستادا بگرن و بەرووبوومە کشتوکاڵییە دەستکاریکراوەکان بخەنە بازاڕەوە بۆ رووبەڕووبونەوەی کەمیی خۆراک و ترسی برسێتی.

هەوڵە ئەوروپییەکان
لە ئێستادا هەوڵە ئەوروپییەکان چڕکراونەتەوە بۆ زیادکردنی سزاکان لەسەر روسیا، بەڵام جیاوازی هەیە لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ روسیا و پشت بەستن بە گازی روسی و ئەگەر روسیا هەڕەشەکانی بۆ بڕینی تەواوەتی گاز جێبەجێ بکات ئەوە یەکەم وڵات کە زۆرترین زیانی بەردەکەوێت ئەڵمانیایە لە کاتێکدا فەرەنسا کەمتر زەرەر دەکات، بۆیە هەوڵ دەدرێت بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی روسیا بۆ هاوردەکردنی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا جگە لە بارهەڵگرەکانی گاز لە نێو دەریادا، ئەویش ئەو بۆری گازانەیە بە ئۆکرانیادا ناڕوات لەوانە بۆری گازی «یامال-ئەوروپا» بە روسیای سپی و پۆڵەندا-دا دەڕوات بۆ ئەڵمانیا، هێزی وزەی ئەو بۆری گازانەش 33 ملیار مەتر سێجایە واتا تەنیا شەش یەکی هەناردەی گازی سروشتی روسیایە بۆ ئەوروپا، ئەوەش بەشی ئەوە ناکات ئەڵمانیا پێش زستان عەمبارەکانی پڕ بکاتەوە.
دواجار ئەوروپییەکان لەپڕ خۆیان لەبەردەم رووبەڕووبونەوەی قەیرانێکی وزەدا بینیوەتەوە پێشتر گوێبیستی نەبوون و تەنیا لە وێنەی هەواڵەکانی وڵاتانی دیکەی دونیادا بینیویانە، بڕینی کارەبا بۆ کەمکردنەوەی فشار و پاشەکەوتکردنی کارەبا و رێنمایی بەکارهێنانی دەستەواژەی ئەوروپی نین، بەڵام گۆڕانی ژینگە و جەنگی روسیا- ئۆکرانیا کیشوەری پیریان لە مردن نزیک کردۆتەوە، ئەگەر بێت و سەرۆکەکانیان پێش هاتنی وەرزی زستان چارەسەری ئەو قەیرانانە نەکەن هیچ کەسێک نازانێت ژیان لەوێ چۆن دەبێت ئایا ئەوروپا بۆ سەردەمەکانی تاریکی دەگەڕێتەوە؟!     

سەرچاوە: عربی بوست

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان