گۆشتی مەیمون دەخۆن

11:54 - 2022-10-16
ژینگە
691 جار خوێندراوەتەوە
#هۆزی هازدا-ی ئەفەریقی

ئا: بورهان ئەمین


لەئەشکەوتەکانی نزیک دەریاچەی ئەیاسی لە تەنزانیا ماوەی 10 هەزار ساڵ دەبێت هۆزی Hazda ی ئەفریقی بەسادەترین شێواز ژیان بەڕێ دەکەن و سەرچاوەی بژێویان  راوی ئاژەڵانی کێوی و خۆراکی سروشتی ناو شاخ و داخەکانە، ژمارەیان  1000 کەس زیاترە و بە زمانێکی تایبەتی خۆیان دەدوێن کە پێی دەڵێن» هازدانی» و تەنها خۆیان لەخۆیان تێ دەگەن، وشە و رستەکانی ئەو زمانەیان بریتیە لە تێکەڵەیەکی دەنگی ئاژەڵان و دەنگی رەشەباو باوبۆران و سروشت کە خۆیان هەرلەبنیاتەوە بۆخۆیان دروست کردووەو لە لورەلوری یەکدی تێدەگەن.

بڕیارەکانیان لای رای گشتیە
ئەو هۆزە کشتوکاڵ ناکەن و خەریکی راوی ئاژەڵی کێوی ناو چیاو دارستانەکانن بەتایبەتی مەیمونی جۆری « بابۆن» کە بە تیروکەوان راوی دەکەن و خۆشترین و بەلەزەتترین گۆشتە لایان، جگەلەوەش 30 جۆری تری ئاژەڵی کێوی دەگرن و لەگەڵ رووەکی سروشتی و بەری درەختەکان دەیخۆن، راوکردن کاری پیاوەکانیانە و ژنەکانیش خەریکی کاری ناو ماڵ و منداڵ و کۆکردنەوەی بەروبوومی رووەکە سروشتیەکانن، تەنها گەنجەکانیان راودەکەن و کە تەمەنیان دەگاتە کامڵی ئیدی وازی لێ دێنن و خەریکی ئیشوکاری تر دەبن، بەهۆی ئەوەی خواردنی تەندروست دەخۆن و زۆر دەجوڵێن بەرگری لەشیان بەهێزە و کەم وا روودەدات تووشی نەخۆشی ببن، دەستو قاچیان گەورە و لەشێکی قەبەو پێست پتەون و زۆربەشیان روخساریان لە یەکتر دەچێت، جلو بەرگەکانیان لە پێستی ئەو گیانلەبەرانە دروست دەکەن کە راویان دەکەن و دەیانخۆن، زۆربەی ئەندامانی لەشیان بە دەرەوەیە و هەر گروپێک لەناو کوخێکدا دەژین کە لە گەڵای درەخت و پوش و پەڵاش دروستی دەکەن، نە کوێخاو پادشاو بەگ و ئاغایان هەیە و نەسەرۆک، بەڵکو بۆ هەر بڕیار و راسپاردەیەک بۆ رای گشتی هەمویان دەگەڕێنەوە و بەیەکەوە گشتگیر بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن، ژن و پیاو مافیان وەک یەک وایەو کەس بۆی نییە زوڵم لە کەس بکات، هەر کاتێک غەدرێکیان بینی هەموو کۆدەبنەوە و بریار لەسەر سزادانی زاڵمەکە دەدەن.

رووبەڕووی بەریتانیا بوونەوە
بەر لە دووسەد ساڵ لەمەوبەر تیرەی هازدا بەرکەوتەیان لەگەڵ هیچ گەل و تیرەو نەتەوە و کۆمەڵگەیەکی تر نەبووە، کەسیش نەیدەوێرا لێیان نزیک بێتەوە، چونکە حەزیان بە چارەی خەڵکانی تر نەدەهات و پێیان وابوو بێگانە دەیانەوێت ژیانیان لێ تێک بدەن، بەڵام لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەم کاتێک بەریتانییەکان وڵاتی تەنزانیایان داگیرکرد بە هاوکاری دەسەڵاتی ئەو وڵاتە چوونە ناو سنوری خاکەکەیان و ئەوانیش بەتوندی رووبەڕوویان بوونەوە بە چەکە کلاسیکەکانیان ژمارەیەک پاسەوان و سەربازیان لێ کوشتن و لە ئەنجامی ئەمەدا ئەوانیش ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژرا و گورزێکی کوشندەیان بەرکەوت، کە گەیشتنە ناویان هەوڵێکی زۆریان لەگەڵدان تێکەڵی ژیانی کۆمەڵگەکە بن و بچنە ناو شارو لادێکان، بۆیە خاکێکی زۆریان لەو چیاوچۆڵە پێ بەجێهێشتن و ژمارەشیان300- 200   کەس کەمبۆوە، ئێستا ئەو هۆزە وەکو جاران لەسەر شێوازی مرۆڤی سەرەتایی و کلتوری بابوباپیرانیان دەژین و حکومەت دەسەڵاتی بەسەریانەوە نییە، ئەوەی بیەوێت سەردانیان بکات ئەبێت سەرەتا بچێتەسەر سنورەکەیان و لەوێ پێیان رابگەیەنێت و مەبەستی سەردانەکەی ئاشکرابکات و چەکی پێ نەبێت، ئەوانیش راوێژ دەکەن و دوای ماوەیەک ئاماژەیەکی دەدەنێ کە دەتوانێت یان نا.

سەرچاوە: The Sun، Nature

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان