پیشە دەستییەکان ماون؟

وەستا یونس 54 ساڵە چەقۆ دروست دەكات

11:56 - 2022-10-16
ژینگە
707 جار خوێندراوەتەوە
وەستا یونس لە منداڵییەوە کاری دەستی و دروستکردنی چەقۆ دەکات

راپۆرتی: جەمال سەرگەتی 

لە سلێمانی چەندین پیشە هەن كە تاوەكو ئێستاش وەك خۆیان ماونەتەوە، پیشەی دروستكردنی چەقۆ بە كوورە یەكێكە لەو پیشانەی هاوشێوەی كارە دەستیەكانی تر لە ساڵانی رابردوو هەبووە، تاوەكو ئێستاش ئەو پیشەیە لەم شارە ماوە .
وەستا یونس عەبدولخالق یەكێكە لەو كەسانەی هەر لە منداڵییەوە كاری دروستكردنی چەقۆ و تەور و چەندین كەرەستەی تری كردووە، ماوەی چەندین ساڵە لە شاری سلێمانی دوکانێكی داناوە و بە كوورە گەرمەكەی سەرقاڵی دروستكردنی چەقۆ و تەور و داس و  خاكەناز و چەندین كەرەستەی ترە.
لە منداڵییەوە ئەو کارەی کردووە
 وەستا یونس عەبدولخالق لە شارۆچكەی تەوێڵە لە ناوچەی هەورامان لە ساڵی 1951 لە دایكبووە هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ باوكی كاری كردووە و ئێستاش كە تەمەنی 73 ساڵە لە كارەكەی بەردەوامە، وەك خۆی دەڵێت بە تاقانەكەی سلێمانی ناوبانگی دەركردووە، چونكە تەنها ئەو بە كوورە چەقۆ دروست دەكات و نایەوێت ئەو پیشەیە لەناوبچێت.
وەستا یوسن رۆژانە لە سەعات 8 بەیانی دەچێتە دوکانەكەی و كوورەكەی گەرم دەكات دواتر دەست دەكات بە كاركردن، ئێستاش  بە ئامێری سادە و ساكار كەرەستەكان دروست دەكات، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، هاوڵاتیان ئێستاش خواستێكی زۆریان لەسەر ئەو كەرەستانە هەیە كە خۆی دروستی دەكات و بە ئامێری سادە دروست كراون، رۆژانەش خەڵكانێكی زۆر سەردانی دەكەن و داوا دەكەن چەقۆیان بۆ دروست بكات.
لەبارەی كارەكەیەوە ئەو وەستایە دەڵێت: ئەم كارەی ئێمە لە باو باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، چونكە ئەوان لە ناوچەی هەورامان ئەم كارەیان كردووە منیش هەر لە منداڵیەوە لەگەڵ باوكم دەستم كردووە بە كاركردن، پاش ئەوەی لەگەڵ باوكم كارم كرد بەهۆی لێ‌ هاتوویی خۆمەوە توانیم ببم بە وەستا و خۆم كەرەستەكان دروست بكەم تاوەكو ئێستاش بەردەوامم.

چۆنییەتی کارکردنی
وتیشی: پاش ئەوەی ئێمە لە ساڵی هەشتاكانەوە هاتینە سلێمانی، منیش دوکانێكم دانا و لە سلێمانی دەستم كرد بە كاركردن و تاوەكو ئێستاش بەردەوامم، وتووشمە تاوەكو خۆم بمێنم نایەڵم ئەم پیشەیە بفەوتێت و لە ئێستاشدا كوڕەكەمم  فێركردووە  ئەویش دەتوانێت كەرەستەكان دروست بكات بەتایبەت چەقۆ.

بەتایبەتی چەقۆ دروستدەکات
وەستا یونس باسی لەوەش کرد وەك خۆی چەقۆ بەتایبەت و تەور و داس و خاكەناز هەروەها چەندین كەرەستەی تر دروست دەكات، ئەو كەرەستانەش بە ئامێری سادە و ساكار دروست دەكات، بەڵام زۆر باشن و سوودی زۆریان لێ‌ وەر دەگیرێت، خواستێكی زۆریان لەسەرە.
وەستا یونس ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ساڵانی رابردوو چەندین وەستا هەبوون بە كورە كەرەستە سەرەتاییەكانیان دروست كردووە، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی ژیان هێنانی شمەك و كاڵا لە وڵاتانەوە وای كردووە كارە دەستییەكان لەناو بچن، چەندین دوکان هەبوون لە شاری سلێمانی كاری دروست كردنی چەقۆیان دەكرد، بەڵام ئێستا تەنها من ماوم، بە تاقانەكەی سلێمانی ناوبانگم دەركردووە.
وەستا یونس راشیگەیاند، لە ئێستادا چەندین جۆر چەقۆ لەناو بازارەكاندا هەیە، بەڵام كەسێك گەر چەقۆیەكی زۆر باشی بوێت سەردانی من دەكات، هەروەها رۆژانەش خەڵكانێكی زۆر سەردانم دەكەن و داوای دروست كردنی چەقۆ و تەور و داس و كەرەستەكانی ترم لێدەكەن .

داواکارییان لەسەرە
وەستا یونس گەر لەگەڵی دابنیشیت تێدەگەیت ئاوات بە رابردووی خۆیەوە دەكات و ئەو دەڵێت: ساڵانی رابردوو زۆر خۆشتر بوو لە ئێستا، چونكە بەس تەنها لە شارەدێی تەوێڵە لە ناوچەی هەورامان 20 بۆ 30 كەسی تێدا بوو بە كوورە كاریان دەكرد و چەقۆیان دروست دەكرد، بەڵام ئێستا تەنها من ماوم .

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان