لە كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ ئەحمەد ئەمجەد عەلی باڵیۆزی پاكستان، رێكەوتن لەسەر «كردنەوەی خوێندنگەیەكی تایبەت بە میوانداری و خزمەتگوزاریی گەشتیاری لە سلێمانی».
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، لەسەر ئەوە رێکەوتن كە پسپۆڕانی پاكستانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم كاربكەن بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی سیستمی بانكی لە هەرێمی كوردستان و بەشێك لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی پڕۆژەی خزمەتی حكومەتی هەرێم كرا، كە قوباد تاڵەبانی خۆی سەرپەرشتی دەكات و لەمبارەیەشەوە لێكتێگەیشتن كرا «پاكستان هاوكاریی حكومەتی هەرێم بكات بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی خزمەت، كە هەنگاوێكی بنەڕەتییە بۆ دروستكردنی حكومەتی ئەلیكترۆنی لە كوردستان و كەمكردنەوەی رۆتین».
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا باس لە پرۆسەی سیاسیی عیراق كرا و تیایدا باڵیۆزی پاكستان پیرۆزبایی كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی د.لەتیف رەشید بە سەرۆك كۆماری عیراق و هیوای خواست قۆناغێكی نوێی سیاسی لە عیراق دەستپێبكات و حكومەتی داهاتووی عیراق بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی هەموو خەڵكی عیراقدا بێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی چۆنێتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی پاكستان كرا و هەردوولا خواستی خۆیان دەربڕی كە پێكەوە كاربكەن لە هەموو بوارەكاندا و پەیوەندییەكانی نێوانیان بەهێزتر بكەن.