لە رێوڕەسمێكی شایستە و لە ئاستێكی باڵادا سەرۆك كۆمار دەستبەكاربوو

د.لەتیف رەشید: كاردەكەم بۆ پاراستنی دەستوور و سەروەریی عیراق و چارەسەركردنی كێشەكان

09:34 - 2022-10-18
ڕاپۆرت
694 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ 17ی ئۆكتۆبەری 2022 لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، رێوڕەسمێكی تایبەت و شایستە لە ئاستێكی باڵادا بۆ دەستبەكاربوونی د.لەتیف رەشید وەك سەرۆك كۆماری عیراق، بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەكەدا، كە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری پێشووتر، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، محەمەد مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەك لە سەركردە و نوێنەری پێكهاتە و پارتە سیاسییەكان ئامادەبوون، سەرەتا سروودی نیشتمانی لێدرا، دواتر د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار پاسەوانی سەرۆكایەتیی پشكنی. لە وتەیەكیشدا، سەرۆك كۆمار ئەوەی خستەڕوو كە «دڵسۆزانە ئەركەكانی جێبەجێدەكات و كاردەكات بۆ پاراستنی دەستوور و سەروەری و یەكڕیزی و سەربەخۆیی عیراق و چارەسەركردنی كێشەكان».

 ئەمەش دەقی وتەكەیەتی:

بەناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبان


لەسەرەتادا بەخێرهاتنی هەموو لایەكتان دەكەم و سوپاسی ئامادەبوون و ئەو پشتیوانییە تایبەتە دەكەم كە لە قۆناغی رابردوو كردتان كە بۆ هەموو لایەك پڕ ئاستەنگ بوو.
هیوای سەركەوتن و پێشكەوتن بۆ هەموو لایەك دەخوازم لە قۆناغی داهاتووی عیراقێكی بەهێز و سەقامگیر و ئاشتەواییدا.
سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانە ئاڕاستەی نوێنەرانی گەلی شكۆمەندی عیراق لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكەم، كە متمانەی خۆیان پێبەخشیم بۆ جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتیی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، هەروەها ستایش و پێزانین بۆ مەرجەعیەتی ئایینی و سەركردەی هێزە سیاسییەكانی عیراق و هەموو ئەوانەی كاریان بۆ ئەوە كردووە.
دەستخۆشی و سوپاس بۆ ئەو رۆڵە گەورەیە كە دەسەڵاتدارانی سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و هێزە ئەمنییەكان كردیان، كە كەشێكی لەباریان بۆ جێبەجێكردنی ئەم مافە دەستوورییە دابین كرد.

خوشكان، برایان
لەكاتێكدا ئەركەكانمان دەستپێدەكەین، سەرەتا قوربانیدانی شەهیدان و بریندارانی هێزە ئەمنییەكان لە هەموو یەكە و پێگەكانەوە بەرزدەنرخێنین، هەر لە حەشدی شەعبـی و پێشمەرگە، ئەو ئازار و دانبەخۆداگرتنەی خانەوادەكانیان بە بایەخەوە لەبیرناكەین، هەروەها چاومان دەخەینەسەر ئەوەی كە خەڵكی ئازیزی عیراق چاوەڕوانی چی دەكەن لە حكومەتی نوێ، كە هیوادارین بەخێرایی پێكبهێنرێت و بەهێز و كارامە و یەكگرتوو بێت بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی خەڵك بۆ ئاسایش و سەقامگیری و خزمەتگوزاری، وەك دروستكردنی قوتابخانە و رێگاوبان، كارەبا، نەخۆشخانە، پاراستنی ئاو و سەرچاوە سروشتییەكانی تر.
هەموو هەوڵەكانم دەخەمەگەڕ بۆ نزیككردنەوەی هێزە سیاسییەكان و چاودێریكردنی گفتوگۆكانیان لەپێناوی گەیشتن بەم ئامانجە، دڵسۆزانە ئەركەكانی خۆم جێبەجێبكەم بۆ پاراستنی دەستوور و سەروەری و یەكڕیزی و سەربەخۆیی عیراق و بەشداریكردن لە چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستا، لەوانەش كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندی لەژێر چەتری دەستووردا. هەروەها لەلایەكی ترەوە هەوڵدەدەم لەپێناوی بەرژەوەندیی هاوبەشدا سەرنج بخەمەسەر دامەزراندنی پەیوەندییەكی بەهێز و هاوسەنگ لە نێوان عیراق و وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا.
لەم وتارە تایبەت بەم بۆنەیە، پێش ئەوەی دەست بە ئەركەكانم بكەم، لە ئایندەیەكی نزیكدا بەرنامەی كاركردنم لە سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق بە گەلی شكۆمەندی عیراق رادەگەیەنم.

سڵاو و سەلامی پەروەردگارتان لێبێت.

ژیاننامەی  د.لەتیف رەشید

*ناوی سیانی: عەبدوللەتیف جەمال رەشید
*لەدایكبووی سلێمانی: 10/8/1944

*دەستكەوتە زانستییەكان:
-
بەكالۆریۆس لە ئەندازیاری/ 1968 - زانكۆی لیڤەرپوڵ - بەریتانیا.
-ماجستێر/ 1972 - زانكۆی مانچستەر - بەریتانیا.
-دكتۆرا لە ئەندازیاری/ هیدرۆلیكی ئاو/ 1976 - زانكۆی مانچستەر - بەریتانیا.
- لە زانكۆی ئەكستەری بەریتانیا پلەی پڕۆفیسۆری فەخری لەساڵی 2020 پێبەخشراوە.

*ئەزموونی كاركردن:
-
مامۆستا لە كۆلێجی ئەندازیاری - زانكۆی سلێمانی 1969 - 1971.
-ئەندازیار لە كۆمپانیای راوێژكاریی (سیرۆلیام هالكر و هاوبەشەكانی) لە لەندەن 1975 - 1976.
-سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئاودێری و گەشەپێدان لە عەرەبستانی سعودی 1977.
-كاركردن لە پڕۆژەكانی ئاودێری لە سۆماڵ 1979 - 1981.
-بەڕێوەبەری پڕۆژەی نێودەوڵەتیی خۆراك و كشتوكاڵ - پڕۆژەی گەشەپێدانی كشتوكاڵی لە «دۆڵی توبان» لە یەمەن 1981 - 1982.
-ئەندازیار لە رێكخراوی نێودەوڵەتیی خۆراك و كشتوكاڵ لە بەنداوی «دۆڵی جیزان و تۆڕی ئاودێری» لە سعودیە 1982 - 1983.
-بەڕێوەبەری پڕۆژە لە رێكخراوی نێودەوڵەتیی خۆراك و كشتوكاڵ بۆ پێشخستنی «دۆڵی جیزان» لە سعودیە 1983 - 1986.
-راوێژكاری ئەندازیاری لە بانكی نێودەوڵەتی لەدوای ساڵی 1986ەوە.

*كۆمەڵە و سەندیكاكان:
-
ئەندازیاری مۆڵەتپێدراو.
-هاوڕێی پەیمانگەی ئەندازیارە شارستانییەكان لە بەریتانیا.
-ئەندام لە دەستەی نێودەوڵەتی بۆ ئاو و ئاودێری.
-سەرۆكی دەستەی نێودەوڵەتی بۆ ئاودێری و جۆگە لە عیراق.
-ئەندامی كۆمەڵەی ئەندازیارە عیراقییەكان.
-ئەندام لە چەندین كۆمەڵە و كۆڕبەندی زانستی دیكە.

*توێژینەوە و بەرهەمی چاپكراو:
-
كتێبـی (بەروبوومە ئاوییەكان لە عیراق) - 2017.
-كتێبـی (وتارە سیاسییەكان) - 2018.
-بڵاوكردنەوەی ژمارەیەك توێژینەوەی زانستی بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی.

*چالاكییە سیاسییەكان:
-
ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوو.
-ئەندام و سەركردە لە كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا.
-بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی تایبەت بە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
-نێردراوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەریتانیا.
-نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپا.
-بەشداریكردن لە كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی.
-ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكاری كۆنگرەی نیشتمانیی عیراقی، كە نوێنەرایەتیی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی دەكرد.
-رێكخستن و بەشداریكردن و ئیدارەدانی چالاكییەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بۆ ناساندنی تاوانەكانی رژێمی بەعس بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوكات بۆ هاوئاهەنگیی كاروبارەكانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان.
-لەدوای پێكهێنانی كۆنگرەی نیشتمانیی عیراقی، وەكو ئەندامی سەركردایەتیی لە ساڵانی نێوان 1992 - 2003 هەڵبژێردرا.

*پۆستەكان:
-
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق 2003 - 2010.
-راوێژكاری پێشكەوتووی سەرۆك كۆماری عیراق 2010 - 2018.

 

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان