سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی سیاسی کوردستان کۆبۆوە

04:29 - 2022-10-21
ڕاپۆرت
829 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید، ئێوارەى رۆژی پێنج شەممە 20/10/2022 لەشارى سلێمانی، لەبەردەوامى دیدارەکانیدا لەگەڵ کەسایەتیە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، چاوى کەوت بە مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی (ی.ن.ک).

لەو دیدارانەدا کە باڵیۆز دکتۆر محمد سابیر هاوڕێیەتی دەکرد، سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف رەشید ووردەکارى دۆخی ئێستاى عێراق و ناوچەکەى روونکردەوە و رایگەیاند باشترین رێگاچارە گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆی نیشتمانی و بۆ ئەمەش پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەکان ناکۆکیەکانیان وەلابنێن و پشتیوانیی ئەو هەوڵانەبن کەدەدرێت بۆ گێڕاندنەوەى ئارامی بۆ وڵات.

لەبەرامبەردا، مەلابەختیار هەڵبژاردنی سەرۆک دکتۆر لەتیف-ی بە ئەرکێکی مێژوویی لەسەرۆکایەتیکردنی عێراق وەسفکرد و لەبارەى یەکریزی هێزە کوردستانییەکانیشەوە دووپاتی کردەوە کە چارەسەرکردنی کێشەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بناغەی سەرکەوتنە لە بەغداد.

دواتر و لەدوو دیدارى جیادا، سەرۆک کۆمارى عێراق سەردانی هەریەک لەتێکۆشەرانی دێرین، ملازم عومەر و مەلایاسین کرد و لەدواى بیروڕا گۆڕینەوە لەبارەى دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی، سەرۆک دکتۆر لەتیف رایگەیاند دەبێ هەوڵەکان یەک بخەین بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەى سیاسی.

هەردوو تێکۆشەرى دیاری کورد خۆشحاڵى خۆیان بەسەردانی سەرۆک کۆماری عێراق دەربڕى و هیواى سەرکەوتنیان بۆ خواست لەم ئەرکە نوێیەیدا.

 

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان