هاشم غەمگین
هۆڵەندییەکان بخۆرێکی بەرچاوی بەرهەمە ئاژەڵییەکانن، شارەزاییەکی باڵایان لەوبوارەدا هەیە و داهێنانی ناوازە و دەگمەن دەکەن لە بەرهەمهێنانی شیری ئاژەڵی و لە دروستکردنی پەنیری جۆراوجۆردا، شیری سارد زۆر دەخۆنەوە و سەلاجەی هەر ماڵێک بکەیتەوە دەبەیەکی گەورە شیری تێدایە، جانتای هەر کچێکیان بگەڕێی لەفەیەک پەنیری تێدایە، کە خۆیان لەگەڵ کاهوو تەماتە و بیبەری شیرین و باسترمە ئامادەی دەکەن و دەیکەن بە لەفە و لەکاتی برسێتیدا دەیخۆن ، زۆرجار لەنێو پاس و شەمەندۆفێر و میترۆکاندا بینیومە و خواردوویانە، ئامادەکردنی بەرهەمە ئاژەڵییەکان لەوێ زۆر بەزانستی و تەندروست بەرهەم دەهێنرێن، تەنانەت لەبەرهەمهێنانی پەنیردا رەچاوی تەمەن کراوە، بۆ منداڵ، گەنج، تەمەندار، بەجیا دروستکراوە، ئەو ماددە و چەورییە زیانبەخشانەی لە شیردا هەیە جیادەکرێنەوە و ناهێڵن بەرهەمی خراپ و ناتەندروست بەرهەم بێت، دوو ساڵ لە شارێک بووم بەناوی ئەڵکمار (Alkmaar) بە پەنیر و شیری مانگا ناسرابوو، بەبێ ئەوەی یەک مانگا ببینیت، ساڵانە لە نێو سەنتەری ئەو شارەدا نمایشی جۆرێک پەنیر دەکرا ناوازە و دەگمەن بوو لە نرخیشدا زۆرگران بوو، قەبارەی یەک پەنیری هێندەی تایەیەکی قەمەرە دەبوو، خەڵکێکی زۆر لەناوخۆ و وڵاتانی ترەوە دەهاتن بە مەبەستی کڕین و تەماشاکردنی، لە هۆڵەندا شوێن و ناوچەی لەبار و گونجاو بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ تەرخان دەکەن، بۆ ئەوەی بەباشی خزمەت بکرێن و بەرهەم و شیری باشیان هەبێت، هەروەها کێڵگەی شوێنی بەخێوکردنیان بەشێوەیەکی نموونەیی رێکخراوە و شوێنی لەوەڕگایان گژو گیای بەرزە، کەرەستە و ئامێری دەرهێنانی شیرو پاککردنەوەیان بۆ دەستەبەرکراوە و چاودێری تەندروستییان دەکرێت، چواردەوری کێڵگەکانیش تەلبەندکراوە و ڤۆڵتییەکی کەمی کارەبای لەسەرە، بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان لەسنوری دیاریکراوی خۆیاندا دەرنەچن، شیرەکان لە تانکی گەورە و سارد هەڵدەگیرێن تا تانکەری کارگە و کۆمپانیاکانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان دێن بۆ گواستنەوەیان، لە نموونە باشەکانی مانگای ئەوێ، مانگای رەش و سپییە، کە خاوەنی شیرێکی زۆرە، هەروەها مانگای سوور و سپییان گۆشتی زۆرە.
نان و سەموون لەهۆڵەندا
تورک و مەغریبیەکان لەهۆڵنەدا سەموون وەک لای خۆمان ئامادە و دروست دەکەن و دەفرۆشن، فەڕەنساش لە دروستکردنی ئەو جۆرە سەموونانەدا نموونەیە، بەڵام نرخی گرانترە لەچاو سەموونەکانی دیکە، خەڵکی بیانی و لای خۆشمان زیاتر ئەو جۆرە سەموونانە بەکاردەهێنن و دەخۆن، هۆڵندییەکانیش ئەو جۆرە سەموونانە بەکاردەهێنن کە زیاتر تەندروستن لەجۆ و گوڵەبەڕۆژە دروستکراون، لەبەر ئەوەی نەرمی و شێوەیەکی تەنکی هەیە و بۆ ناو سک و مەعیدە قورس نییە و تەندروستە، هەروەها لە هۆڵندا ئاسانکارییەک بۆ خەڵک کراوە، خۆیان لەماڵەوە بەفڕنی کارەبایی سەموون دروست بکەن، کە بە دوو جۆر ئامادە کراوە، بەشێوەیەک جۆرێکیان دوو سەموونی درێژ لەخۆ دەگرێت، جۆرەکەی دیکەیان شەش سەموونی بچووکی لەخۆ گرتووە، کە بە هەویری و ئامادەکراوی خراوەتە نێو لایلۆنێکی تۆکمە و داخراوە بە هیچ شێوەیەکیش تێک ناچێت و هەر کاتێک دروستی دەکەیت لەو سەموونانە خۆشتر دەردەچێت کە لە بازاڕ دەیکڕیت، لە هەموو سوپەرمارکێتێکدا شوێنێکی تایبەت بۆ ئەو سەموونانە تەرخانکراوە و بەکابەرێکی زۆریشی هەیە، ئەمەش بۆ خۆی پڕۆژە و بیرۆکەیەکی باشە ئەگەر لەکوردستان بیر لە دروستکردنی کارگەیەکی لەو جۆرە بکرێتەوە.