خوێی هیمالایا لە دووەم گەورەترین کانی خوێ لە دنیادا دەردەهێنرێت، ئەویش کانی خوێی « Khewra» لە پاکستان، خوێی هیمالایا بە رەنگە پەمەییەکەی ناسراوە جیاوازە لە خوێی چێشتی سپی ئاسایی، چونکە کەمتر یۆدی تێدایە و رێژەیەکی کەم کالیسیۆم، ئاسن، پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆمی تێدایە، هەروەها بە پاکترین جۆرەکانی خوێ دادەنرێت و کۆمەڵێک سوودی تەندروستی هەیە لەوانە بۆ بەرگری جەستە بەسوودە و فشاری خوێن دادەبەزێنێت.
جگە لە سوودە خۆراکییەکانی خوێی هیمالایا سوودی جوانکاریشی هەیە بۆ پێست و ددانەکان.
سوودەکانی بۆ پێست
خوێی هیمالایا بۆ لابردنی پێستی مردووی جەستە بەسوودە جگەلەوەی پیسی و بەکتریای کەڵەکەبووی سەر پێست لادەبات ئەگەر هاتوو وەکو گیراوەی تایبەتی بۆ لابردنی پێستی مردووی پێست بەکاربهێنرێت، هەروەها دوای بەکارهێنانی نەرمی دەدات بە پێست.
تەنانەت ئەگەر زیپکەی دەموچاو بێزاری کردویت دەتوانیت ئەو خوێیە لەسەر پێستی روخساریش بەکاربهێنیت بە تێکەڵکردنی لەگەڵ زەیتی گوێزی هیندی و گوڵی وشککراو و زەیتی میسک.
هاوکات ئەگەر خوێی هیمالایا بکەیتە ئەو گیراوانەی بۆ گرنگیدان بە پێست دروست دەکرێن یارمەتیدەر دەبێت بۆ باڵانسکردنی پلەی ترشی پێست، وادەکات پێست تەندروستتر و جوانتر دەربکەوێت.
بۆ پێستێکی راکێشراو
خوێی هیمالایا یارمەتیدەر دەبێت بۆ راکێشانی پێست لە رێگەی بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی ئەو جۆرە خوێیەی تێدایە بە تایبەتی تۆنەری پێست کە لەشێوەی سپرادایە، بەڵام بۆئەوەی پێست وشک نەبێت ئامۆژگاری دەدرێت ئەو بەرهەمانە بە کەمیی بەکاربهێنرێن و بەشێوەیەکی رۆژانە و زۆر ئەو سپرایە لە دەموچاو نەدرێت تاوەکو ئەو ئەنجامەی دەتەوێت بەدەستی بێنیت.
دەتوانیت خوێی هیمالایا بۆ حەوانەوە و کەمکردنەوەی سووربوونەوەی پێست بەکاربهێنیت لە کاتی خۆشتندا، چونکە یارمەتیدەرە بۆ حەوانەوە و هێمنکردنەوەی مێشک و جەستە دوای رۆژێکی درێژی ماندووکەر، بۆ ئەو مەبەستەش کەمێک لەو خوێیە بکەرە ئاوە وە بۆ چەند دەقیقیەک قاچی تێبکە.
ئەم خوێیە بۆ سووربوونەوەی پێستیش بەسوودە بەتایبەتی پێستی هەستیار یان ئەوەی بە خۆر پێستی سوتاوە دەتوانیت بەکاریبهێنیت، بەڵام وەکو تاکە چارەسەر بەکارنەهێنرێت.
نەهێشتنی بۆنی جەستە
خوێی هیمالایا باشترین چارەسەرە بۆ رزگاربوون لە بۆنی ناخۆشی جەستە، دەتوانرێت وەکو لابردنی بۆنی جەستە لەرێگەی تێکەڵکردنی بە هەندێ زەیتی سەرەکیی بەکاربهێنرێت.
بۆ بۆنی ناخۆشی دەم و ددان-یش بەسوودە لە رێگەی تێکەڵکردنی کەمێک خوێی هیمالایا لەگەڵ ئاوی پاک و زەیتی نەعنا و وەکو دەرمانی غەرغەرە بەکاربهێنرێت.
سەرچاوە: عربی بوست