چیرۆكی نەبڕاوەی بێلانەکان لە ئەمریکا

01:55 - 2022-04-03
ژینگە
263 جار خوێندراوەتەوە

کەشتیی نوح
بە هەزاران خۆبەخش بە شەقامە تاریكەكانی لۆس ئەنجلۆسدا دەسوڕێنەوە بە مەبەستی ئامادەكردنی داتایەكی راست لە بارەی کەسە بێلانەكان، چونكە بێلانەبوون بووەتە پرسێكی سەرەكی لەو شارەدا و لە ساڵانی رابردوودا ژمارەی ئەو كەسانەی بێلانە بوون زیاتر بووە.
چەندین دەیەیە ئەو ناوچەیەی كەوتووەتە نێوان هەردوو شەقامی حەوت و هەشت لە سنوری (سكێد رو)ی لۆس ئەنجلۆس ژمارەیەكی زۆر كۆگای گەورەی تێدایە و گەورەترین چادرگەی بێلانەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایان لەخۆ گرتووە.

بێلانەی کێشەیەکی بنەڕەتییە
پسپۆڕێكی كۆمەڵایەتی كە یەكێكە لە خۆبەخشەكان دەڵێت: كێشەی بێلانەیی گرنگترین بابەتە بۆ هەڵمەتە تایبەتەكانی هەڵبژاردنی داهاتووی شارەوانییەكان كە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمدا بەڕێوەبچێت.
وتیشی: لەو بڕوایەدام كە بێلانەی تەنها پرسێكی نیشتمانیی نییە، بەڵكو كێشەیەكی بنەڕەتییە و هیچ سەركردەیەكی سیاسی مەیلی نەبووە چارەسەری بكات.
بەم دواییەش حكومەتی فیدراڵ چەند مەرجێكی داناوە بۆ پێدانی پارە بەو رێكخراوە ناوخۆییانەی كار لەسەر كەسانی بێلانە دەكەن، یەكێك لەو مەرجانەش دەبێت ئامارێكی راست سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانە ئامادە بكرێت.
نوێترین ئامارە بەردەستەكانی ساڵی (2020)ش ئاماژە بە ژمارەی کەسە بێلانەكان دەكات و ئەوە دەخاتەڕوو بە تەنها لە شارێكی وەك لۆس ئەنجلۆسدا كە ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی (10) ملیۆن كەسە نزیكەی (66) هەزار و (400) كەسی بێلانەی تێدایە و لەچاو ساڵی (2019)شدا ژمارەكە بەڕێژەی (13%) زیادیكردووە.

بۆچوونی هەڵە لەسەر کەسە بێلانەکان هەیە
خۆبەخشەكان لەو شەقامانەدا دەسوڕێنەوە كە رووناكییەكەیان خراپە و كۆگاكانی بۆنی دەرمان و ماریگوانایان لێدێت و لە دوای نیوەڕۆ وە نیمچە چۆڵن، بەڵام كە مرۆڤ نزیك دەبێتەوە زنجیرەیەك چادری شرۆڵە و خواروخێچ دەبینێت كە كەسانێك بە بەتانییەكەوە پاڵیان داوە بە ستوونەكانیەوە یان شانیان توندكردووە لە دیوارێكی نزیكی، یان چەند پارچە نایلۆن لە ناوەڕاستی عەرەبانەی دەستفرۆشەكاندا داخراون  كە لە چادرگەی سەرەتایی دەچن، هەرچەندە بە كەمیی بێلانەكان دەبینرێن، بەڵام چەند ئاماژەیەك هەیە كە ئەوان لەو شوێنانە دەمێننەوە.
یەكێك لەخۆبەخشەكان وتی: بیروبۆچوونی هەڵە هەیە سەبارەت بەو کەسە بێلانانە، گوایە زۆربەیان تاوانبار و خووگیرن بە مادە هۆشبەرەكان یان لە رووی دەروونییەوە نەخۆشن، بەڵام هەموویان وا نین، چونكە  بەشێكیان خێزانن و منداڵیشیان هەیە.
 ئەو دەڵیت: چەندین كەس بەهۆی پەتای كۆڤید -19ەوە كارەكانیان لەدەستداوە و هەندێكیان نەیانتوانیوە ماوەی چەند مانگێك كرێی خانووەكانیان بدەن و لە ماڵەكانیان دەركراون، چونكە كەسیشیان نەبووە بیانگرێتە خۆیان كەوتوونەتە سەر شەقامەكان.

بەرزبوونەوەی کرێی شوێنی نیشتەجێبوون هۆکارە
بەرزبوونەوەی كرێ و نرخی خانوو لە هەندێك شاری ئەمریكا بە تایبەت لە كالیفۆرنیا و لۆس ئەنجلۆس هۆكاری سەرەكی بێلانە بوونە، بەپێی دوا ئاماریش كە بەر لە بڵاوبوونەوەی  ڤایرۆسی كۆرۆنا لە لۆس ئەنجلۆس وەرگیراوە  كەسێكی داهات مامناوەند بۆ ئەوەی شوقەیەكی دوو ژووریی دەست بكەوێت بۆ نیشتەجێبوون پێویستە هەفتەی (80) سەعات كار بكات، ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی لە شوێنێكی وەك ناوچەی (سكێدرو)ی لۆس ئەنجلۆس ژمارەیەكی زۆر لە کەسەکان  بێلانە بن و  لەو چادرگانەدا بژین، لەكاتی سەرماشدا ناچارن تەختە و  كارتۆن و بابەتی ناو سەتڵی خاشاكەكان بسوتێنن بۆ ئەوەی گەرمیان بێتەوە.
 رووناكی ئاگرەكانیش سێبەری ئەو جرجانە دەردەخەن كە بۆ خۆشاردنەوە لە شوێنێكەوە رادەكەن بۆ شوێنێكی تر، هاوكات و لە دووری تەنها یەك كیلۆمەتر گلۆپی سەر تاوەرە بەرزەكان ناوەندی لۆس ئەنجلۆس رووناك دەكەنەوە كە پڕە لە شوێنی نیشتەجێبوونی گرانبەها و كەسانی دەوڵەمەندی تێدا دەژین.
 یەكێك لە خۆبەخشەكان دەڵێت: با ئیدی  وەك مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ کەسە بێلانەكان بكەین و  ئەوەی پێویستیانە شوێنی نیشتەجێبوونە بە نرخی گونجاو و هەندێك خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆ ئەم ئامانجانەش هەوڵ دەدەین و پارەی گیرفانی خۆمان خەرج دەكەین.
سەرچاوە: شبكة النبا المعلوماتیة

بابەتە پەیوەندیدارەکان