كۆنگرەی پارتی فشار و كوتلەكاریی تێدەكەوێت

كادرێكی پارتی: بەڵگە و شایەتی تەكەتول و تەزویرات هەیە

10:46 - 2022-10-27
کوردستان
443 جار خوێندراوەتەوە

لەزۆربەی لق و ناوچەكانی پارتی، دەنگی ناڕەزایی بەرزدەبێتەوە و ئاشكرای دەكەن كە كوتلەكاری و فشار و پارەبەخشینەوە بەر لە كۆنگرە دەستیپێكردووە و سكاڵای ناڕازییەكانیش فەرامۆش دەكرێت.
حەسەن رەسوڵ كادرێكی ناڕازیی پارتییە لە لقی 11 و لەگەڵ 13 كادری تردا هەڕەشە دەكەن، كە بەڵگەی تەزویرات و كوتلەكاری ئاشكرادەكەن و بە كەناڵەكانی یەكێتیی-یان راگەیاند: «لە كۆنگرەكەدا تەزویرات و تەكەتول و پاشقول لەیەكگرتن و پارەوەرگرتن هەیە و گوێ بە فشارەكانیش نادەین».
چواردە كادری باڵای دیكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری هەر چوار لیژنەی ناوچەكانی (مەرگە، بیتوێن، حاجیاوا، خۆشناوەتی) سەر بە لقی 11ی پارتی لە دژی ساختە و پێشێلكارییەكانی كۆنگرەی 14ی حزبەكەیان لە سنوورەكەدا ناڕەزایی دەردەبڕن و بە وتەی ئەوان «تەزویرات و پێشێلكاری و تەكەتولات» باڵی بەسەر كۆنگرەی 14ی پارتی-دا كێشاوە.
بە بەڵگەوە تەزویراتەكانی كۆنگرە دەخەینەڕوو
حەسەن رەسوڵ دەڵێت: «پەردە لەسەر پێشێلكاری و تەزویراتی كۆنگرە بۆ رای گشتی لادەدەین و هەموو ساختەكاری و خروقاتەكان، بە چەندین شاهید و بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە بڵاودەكەینەوە».
ئەو كادرە ناڕازییەی پارتی، وتیشی: دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی لە سكاڵای كۆنگرەی 14 بە وردی لە سكاڵاكەمانی كۆڵییەوە، بۆی دەركەوت كە ئەوەی دەیڵێین و خستوومانەتەڕوو راستە، بەڵام لیژنەی هەڵبژاردن سكاڵاكەی ئێمەی بەلاڕێدابرد، «بەدڵنیاییەوە دەتوانن بێدەنگمان بكەن، بەڵام ناتوانن رازیمان بكەن».
ئەوەی بە ساختەكاری بۆ كۆنگرە دەربچێت، پاشەڕۆژی روون نابێت
چەند رۆژێكە كادرە ناڕازییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، سۆشیالمیدیا و ئەكاونتەكانی خۆیان كردۆتە بڵندگۆیەك بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و بە گروپ قسەی لەسەر دەكەن و سكاڵاكانیان بڵاودەكەنەوە، 14 كادری ئەو حزبە لە سنووری لقی 11ی پارتی سكاڵایەكیان بڵاوكردۆتەوە و بۆ یەكەمجاریش كەناڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەنە سەكۆی رەسمیی ئاشكراكردنی تەكەتول و فشارەكانی ئەو حزبە، كە بەرەو كۆنگرە دەچێت.
حەسەن رەسوڵ كادری پارتی لە لقی 11 دەڵێت: «سكاڵامان كردووە و داوامان لە لیژنەی یاسایی كردووە، ئەوەی بە ساختەكاری دەرچووە، بۆی نەبێت جارێكی دیكە خۆی كاندیدبكاتەوە، چونكە ئەوەی لە سەرەتاوە بە ساختەكاری بۆ كۆنگرە دەربچێت و قبووڵی بكات، پاشەڕۆژی روون نابێت». وتیشی: هەم لقی هەڵەبجە و هەم لە لقی ئاكرێ دواجاریش لە لقی 11ی ئێمە، ساختەكاری و پێشێلكاریی زۆر كراوە و بە ئاشكراش ئەو دەنگەمان گەیاندووەتە رای گشتی، بەڵام ئەگەر كۆنگرە لەسەر تەزویرات و ساختەكارییەكان بەردەوام بێت، بەڵگەكان دەخەینەڕوو.
فشارمان لەسەرە ئەو بەڵگانە نەخەینەڕوو، بەڵام گوێی پێنادەین
پارتی بەڕێگەی جیاواز فشار و تۆقاندن بەكاردەهێنێت بەرامبەر بە كپكردنی ناڕەزاییەكان و بەرگرتن لە خستنەڕووی راستییەكان. لەوبارەیەوە حەسەن رەسوڵ ئەوەی ئاشكراكرد كە «فشارمان لەسەرە تا ئەو بەڵگانە نەخەینەڕوو، بەڵام گوێنادەین بە فشارەكان و تەنانەت لە كۆنگرەی لقەكاندا تەزویرات و تەكەتول و پاشقول لەیەكگرتن و پارەوەرگرتن و بەخشینەوە هەبووە، بە بەڵگەوە ئەوانەمان گەیاندووەتە لیژنەی باڵای سكاڵاكانی كۆنگرە، لەگەڵ ئەوەی ئەوانیش وتیان راستە، بەڵام هیچیان پێنەكراو بابەتەكەیان داخست».


بابەتە پەیوەندیدارەکان