ئاگاداری چێشتخانەی ماڵەكانتان بن

02:17 - 2022-04-03
ژینگە
393 جار خوێندراوەتەوە

لە عەرەبییەوە:
تارا شێخ عوسمان


بێجگە لە تێرکردنی برسێتی، خواردن ئامادەکردن رێگەیەكە بۆ گەیشتن بە دڵی كەسەكان، بەڵام ئەگەر ئامادەکردنەکە بە ئاگاییەوە نەبێت لەوانەیە رێگەیەكیش بێت بۆ نەخۆشخانە بەهۆی ئەو رووداوانەی كە بەهۆی كەمتەرخەمی یان بەهۆی خراپ بەكارهێنانی ئامڕازەكانی  ناو چێشتخانەكانەوە روودەدەن.
 بەپێی كۆمەڵەی شاهانەی بەریتانی بۆ خۆپاراستن لە رووداوەكان، بە تەنها لەو وڵاتەدا هەموو ساڵێك (67) هەزار مناڵ تووشی رووداوی جۆربەجۆر دەبن لە چێشتخانەكاندا، ژمارەی زۆرتری گەورەكانیش بە ژن و پیاوە وە بەهۆی كەمتەرخەمی و خراپ بەكارهێنانی ئامڕازەكانی ناو چێشتخانە و گڕگرتنی لەناكاو بریندار دەبن یان گیان لەدەستدەدەن.
چێشتخانەكان ئامڕازی مەترسیداریان تێدایە
چێشتخانەكان پڕن لەو ئامڕاز و کەلوپەلانەی كە چەندە ئاسانكاریی دەهێننە ئاراوە هێندەش مەترسیدارن، جگە لەوانەش خودی چێشتخانە سەرچاوەیەكە بۆ پیسبوونی ئاو و هەوای ناو ماڵ و كەمترین كەس هەست بەو مەترسییە شاراوەیە دەكات.
 لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین نكوڵی لەوە بكەین كە لە ماوەی ئەم سەدەیەدا هەنگاوی گەورەنراوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی سەلامەتیی چێشتخانەكان بۆ ئەوەی نەبێتە شوێنێكی مەترسیدار بۆ ئەوانەی بەكاریدەهێنن.
 لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، كەرەستە و كاڵاكانی بەكارهێنانی ناوماڵ زۆر گەشەیان كردووە و پێشكەوتنی بەرچاویان پێوە دیارە، بەڵام زۆربەیان لەو كەرەسانەن كە زوو گڕدەگرن، هەروەها هەندێك جلوبەرگیش هەیە كە تەواو نایلۆنن یان  لە پێكهاتەكانیاندا نایلۆن هەیە و ئەمجۆرە پۆشاكانە چەندە كەشخەن، بەڵام لەبەركردنیان لەكاتی چێشتلێناندا ئەگەری کەوتنەوەی كارەساتی لێدەكرێت، هەروەها ئەو جلوبەرگانەی قۆڵەكانیان پان و فشن بۆ ناو چێشتخانە دەستنادەن، چونكە هەندێكجار ئەو پۆشاكانە ئەگەر نەسوتێن، رەنگە بتوێنەوە بەسەر پێستدا و ببنەهۆی سووتانی قووڵ.
لەکاتی خواردن ئامادەکردن پۆشاکی گونجاو لەبەربکەن
لەساڵی 1946ەوە كۆمەڵەی شاهانەی بەریتانی بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكان هەڵمەتێكی درێژخایەنی دەست پێكردووە و داوای لە ژنان و پیاوان كردووە لەکاتی چێشتلێناندا پۆشاكی گونجاو لەبەر بكەن كە دژە گڕگرتن بێت و داواشیان كردووە شوێنی ئاگردان و تەباخەكانیان لە مناڵ دووربێت و نەهێڵن مناڵ نزیكی ئەو كەرەسانە بكەونەوە كە چێشتی لەسەر لێدەنرێت یان  بۆ گەرمكردنەوە بەكاردەهێنرێن، بۆ ئەوەی لە رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە و سووتان دووربن.
 هەر لە بەریتانیا چەندین یاسا تێپەڕێندراوە كە تێیدا لەپێناو سەلامەتی چێشتخانە گەورەكان و چێشتخانەی ماڵەكان بابەتەكانی دژە گڕگرتن كراوەتە مەرجی سەرەكیی، ئەم بابەتانەش بۆ خۆیان لە مەترسیی بەدەرنین، چونكە پێكهاتەی هەندێكیان كاری لیكە رژێنەكان تێكدەدات و كاریگەریی لەسەر هۆرمۆنەكان هەیە.
بوونی هەواگۆڕ گرنگە لە چێشتخانەدا
جگە لەوانەش هێشتا زۆربەی چێشتخانەكان بەوانەی لای خۆشمانەوە مەترسییەكی گەورەی تێدایە كە نەگڕ دەگرێت و نە دەمانسوتێنێت، بەڵكو مەترسییەكی بێدەنگ و بێڕەنگە، ئەویش ئەو گازەیە كە بەكاریدەهێنین بۆچێشتلێنان و خۆگەرمكردنەوە، ئەم گازە كە بە میتان ناسراوە، كاتێك دەشكوژێتەوە بڕێك گازی لێوە دەردەچێت و لەكاتی داگیرساندنیشیدا هەردوو گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و ئۆكسیدی نایترۆجین دەردەكات.
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ كە لە زانكۆی ستانفۆرد كراوە ئەو بڕە گازەی لە تەباخی غازەوە دەردەچێت بە بەراورد بە گازی چالاكییەكانی تری مرۆڤ كەمە، بەڵام پشكی هەیە لە پیسكردنی ژینگە و دیاردەی قەتیسبوونی گەرمای گۆی زەوی.
توێژینەوەیەكی تری ئەمریكیش دەریخستووە ئەو ئۆكسیدی نایترۆجینەی كە لە ئەنجامی سووتانی گازی میتانەوە دروست دەبێت دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكانی خوێن، ئەم كاریگەرییەش زیاتر لەو چێشتخانانەدا ئاستی بەرزی دەبێت كە گوێ بە داگیرساندنی هەواگۆڕ نادەن.
بەکارهێنانی تەباخی کارەبایی زۆر بووە
هەر بەپێی توێژینەوەیەكی زانكۆی ستانفۆرد كە سەرەتای ئەمساڵ بڵاوكراوەتەوە، ئەو منداڵانەی كە لەو ماڵانەدا دەژین كە تەباخی غاز بەكاردەهێنن بە رێژەی (42%) ئەگەری ئەوەیان لێدەكرێت تووشی نەخۆشی هەناسە تووندی ببن، ئەوە جگە لە هەندێك مەترسیی دیكە.
ئەمانە هەمووی لە كاتێكدایە ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پشت بەستن بە تەباخی غاز بەشێوەیەكی بەرچاو كەم بووەتەوە و زۆرتر پشت بە تەباخی كارەبایی دەبەسترێت، بەمەش بەشێكی كارەساتەكانی ناوماڵ و چێشتخانەكان كەم دەبێتەوە و هۆكارێكی دیاردەی قەتیسبوونی گەرمای گۆی زەوی كەمدەبێتەوە.
 پسپۆڕان دەڵێن: چاوەڕوان دەكرێت لە بیست ساڵی داهاتوودا و بەهۆی بەكارهێنانی وزەی پاكەوە زۆربەی مەترسییەكانی ناو چێشتخانەكان نەمێنێت یان كەمبێتەوە، بۆیە تا ئەوكاتە باشترە هەموان بە وریاییەوە ئامرازەكانی چێشتخانە و ئامێرەكانی چێشتلێنان بەكاربهێنن و بیرمان بێت لەكاتی چێشت لێنانیش هەوا گۆڕ(مرشح)ەكان داگیرسێنین.
سەرچاوە: BBC Future

بابەتە پەیوەندیدارەکان