ناڕەزاییەكان لە بارەی ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی پارتی بەردەوامە و كاندیدی كۆنگرەی ئەو حزبە هەڕەشەی ئاشكراكردنی "تەزویراتی بەرنامە بۆ داڕێژراو" دەكات.
لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبەسترێت، بەڵام هێشتا ناڕەزاییەكان لە تەزویر و ساختەكاری و وەلانانی هەندێك لە كاندیدە دەرچووەكانی كۆنگرە بەردەوامە. لەو بارەیەوە، كاندیدێكی سنووری لقی 11ی پارتی هەڕەشەی سازكردنی كۆنگرەی رۆژنامەوانی و ئاشكراكردنی "تەزویراتی بەرنامە بۆ داڕێژراو" دەكات.
بارزان خدر جاف كادیری پارتی و كاندیدی كۆنگرە لە سنووری بازنەی رانیە و سەنگەسەر لە لقی 11 رایدەگەیەنێت،
"جگە لە بازنەی حاجیاواو چوارقوڕنە و مەرگە و خۆشناوەتی، لە بازنەی رانیەش لە پرۆسەی دەنگدان بۆ ڪاندیدانی ڪۆنگرە بەدەر لە رێنمایەڪانی ڪۆنگرە و پرەنسیپی حزبایەتی، ساختەڪاری و تەزویراتێڪی زۆر و بە بەرنامەڕێژی و پلانی پێشوەختە کرا. ئەوەی ڪراوە ڪەم نییە تاڪو چاوپۆشی بڪرێت".
دەشڵێت، "لە دوای هەوڵەڪانمان لەڕووی یاساییەوە، بەپێدانی دەیان بەڵگە و ئامادەبوونی چەندین شاهید لە بەردەم دادوەردا، لەڪۆتا جارو دوا هەوڵماندا بۆمان دەرڪەوت ڪە هەموو هەوڵەڪانمان بێ ئەنجامبوون و لیژنەی یاسایی و لیژنەی هەڵبژاردن سەرەڕای بەڵگە دروست و حەقیقەکان نەیانتوانی بڕیارێك لە بەرژەوەندیی دەنگی حەق بدەن و چونە ریزی تەزویرچیەڪانەوە".
بارزان جاف دەڵێت، "وەك ڪاندیدێك داوای یەڪلاڪردنەوەی ئەو بابەتە دەڪەم لە جەنابی سەرۆک و لە ئەگەری بێوەڵامی و نەدانی بڕیارێڪی دروستدا، بەپێی گۆڕانڪاری و هەلومەرجەڪان هەڵوێست و قسەی خۆمان ئەبێ. هەموو ساختەڪاری و تەزویراتە زۆر و زەوەندەڪان بۆ رای گشتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دەخەینەڕوو پاشان ناوی سەرجەم بەشداربووان و ئەوانەشی بەشێك بوون لەو تەزویراتە بەرنامە دارێژراوە دەخەینەڕوو بۆئەوەی رووی راستەقینەی هەموان بەئاشڪرا دەرکەوێت".