قوباد تاڵەبانی: پێویسته‌ حكومه‌ت هاوسەنگی له ‌نێوان لایەنەکاندا رابگرێت

03:02 - 2022-11-01
کوردستان
751 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەشداری دیداری مێری کرد و وتی، "سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی توانیومانە لە حکومەتەکەماندا سەرکەوتوو بین لە کاتێکدا بەردەوام فشارمان لەسەربووە".
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە دیداری مێری لە هەولێر لە وتارێکدا وتی: "لە رابردوودا چەندین دانوستان هەبووە لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە، زۆربەی کاتەکان سەبارەت بە حکومەت و پێکهێنانی حکومەت قسەمان کردوە هەتا بزانین کێ بۆ چ شوێنێک دابنێین هەتا بتوانین بۆ هەموان بجەنگین، ئەمە لە ئێستادا گەورەترین چاڵنجە کە روبەروی حکومەت دەبێتەوە".
وتیشی: "لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو یاسایانەی کە هەیە حکومەت پێویستی بەوەیە کە بڕیار بدات و سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ بکات و هاوسەنگی لە نێوان هەموو لایەنەکاندا رابگرێت، سەرنج بخاتە سەر ئەو بابەتانەی کە گرنگن بۆ ئەو شوێنەی حوکومڕانی تێدا دەکات، ئەگەر یاسای خۆمان نەبێت ناتوانین هاوسەنگی لە سیاسەتدا دروست بکەین".
وتیشی:" لەو کاتەوەی بومەتە جێگری سەرۆکی حکومەت زۆر ئاڵۆزی هاتۆتە رێمان کە توانیومانە بەسەریاندا زاڵ بین و روبەرویان ببینەوە، ئێمە لە حکومەت زیاتر تەئکیدمان لەسەر چاکسازی کردوەتەوە کە بتوانین لە هەموو بوارێکدا چاکسازی بکەین کە لە بنەڕەتەوە بێت. سەرەڕای هەموو ئەو ناخۆشیانەی بەسەر وڵاتدا دێت، یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەیە کە حزبەکان ئایدۆلۆژیا و سیاسەتێکی روونیان نییە، لە کاتێکدا هەموان باس لە چاکسازی حکومەت دەکەن، بەڵام کەس باس لە چاکسازی حزبەکان ناکات".
ئاماژەشی کرد "حوکمڕانی لە عیراقدا ئاسان نییە و گەورەترین کێشە نەبوونی سیاسەتە، ئێمە لە عیراق و کوردستانیش سیاسەت دەکەین، بەڵام سیاسەتمان نییە، بۆیە رووبەرووی یاسایەکی ئاڵۆز بوینەتەوە، حکومەت پێویستە ژینگەیەک دروست بکات کە کارایی تێدا بێت و بتوانێت چالاکییەکان زیاتر بەڕێوەبەرێت و ئەو رووداوە نەخوازراوانەی دێنه‌پێشه‌وه‌ چارەسەر بکات، ئێستا هەوڵدەدەین کە نەوت تاکە سەرچاوەی داهات نەبێت و بتوانین سەرچاوەی تری دارایی بدۆزینەوە".
ئەوەشی راگەیاند:"سەرەڕای هەموو ئەو رکابەرییانەی بۆ حکومەت دێتە پیش و هەموو دەستێوەردانەکان و هەموو ئەو هەنگاوە قورسانەی دێتە بەردەمی زیاتر بەرەو پێشەوە دەچین، سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، توانیومانە لە حکومەتەکەماندا سەرکەوتوو بین و حکومەتمان لە رکابەری نێوان یەکێتی و پارتی پاراست، لە کاتێکدا بەردەوام فشارمان لەسەربووە حکومەتەکەمان لە ئاستێکدا نەوەستاوە و توانیویەتی بەرەو پێشەوە بڕوات و دەتوانین کاری زیاتر و باشتر بکەین".

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان