سودان؛ هەڕەشە لە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكرێت

10:10 - 2022-04-04
جیهان
538 جار خوێندراوەتەوە

عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سەرۆكایەتیی سودان، هەڕەشەی دەركردنی فۆلكەر بیرتس سەرۆكی نێردەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و سەرۆكی نێردەی تایبەتی نێودەوڵەتیی لە وڵاتەكەی دەكات. 
بەپێی بەیاننامەیەكی یەكەی راگەیاندنی ئەنجومەنی سەرۆكایەتیی سودان، عەبدولفەتاح بورهان رایگەیاندووە، كە فۆلكەر بیرتس كارەكانی نێردەی نێودەوڵەتی تێپەڕاندووە ‌و دەست لەكاروباری ناوخۆی سودان دەدات، ئەوەش دەبێتە هۆی دەركردنی لە وڵات. 
لای خۆشیەوە، وتەبێژی رەسمیی نێردەی نێودەوڵەتیی لە سودان بە سكای نیوزی راگەیاند: نێردەكەیان بەپێی بڕیاری ژمارە 2524ی ئەنجومەنی ئاسایش كاردەكات، كە لە مانگی حوزەیرانی 2020 دەرچووە ‌و پاپەندیشە بە پشتیوانیكردنی پڕۆسەی گۆڕانكاریی دیموكراسی لەو وڵاتە ‌و نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنە ناكۆكەكان ‌و لە ئەركەكانیدا هیچ پێشێلكارییەكی نەكردووە. 
روونیشیكردەوە: نێردەی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە كارەكانی لەگەڵ یەكێتیی ئەفریقا ‌و گروپی (ئیفاد)، لەپێناوی هاوكاریكردنی لایەنەكانی سودان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ تەنگژەی ئێستای ئەو وڵاتە.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان