بە بەشداریی سەرۆك كۆمار كۆبوونەوەی باڵای عەرەبی بەڕێوەدەچێت

09:20 - 2022-11-02
عیراق
538 جار خوێندراوەتەوە

لە پەراوێزی دیدار و كۆبوونەوەكان لە خولی 31هەمین كۆبوونەوەی باڵای عەرەبی لە جەزائیر، سەرۆك كۆمار، لەگەڵ سەرۆكی جەزائیر و ئەمینداری گشتیی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی، سەرۆكی یەمەن و نوێنەری پادشای بەحرەین كۆبۆوە.
شەوی 31/10، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، بۆ بەشداریكردن لە خولی 31هەمین كۆبوونەوەی باڵای عەرەبی، گەیشتە جەزائیر و لە فڕۆكەخانەی بومیدیەن لەلایەن عەبدولمەجید تبون سەرۆكی جەزائیر و ئەحمەد ئەبو غێت ئەمینداری گشتیی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی، پێشوازیی لێكرا.
كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی یەمەن
لە كۆبوونەوەیەکی سەرۆك كۆمار و د.رەشاد محەمەد عەلیمی سەرۆكی یەمەن، ئاماژەكرا بە رۆڵی سەرەكی و پێشەنگی عیراق لەسەر ئاستی عەرەبی و ناوچەیی و تەئكیدیش لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكان كرایەوە.
لای خۆیەوە، د.لەتیف رەشید، هەڵوێستی عیراقی بۆ پشتیوانی لە سەقامگیری و یەكپارچەیی خاك و سەروەریی یەمەن، خستەڕوو، جەختیكردەوە لە ئامادەیی عیراق بۆ پشتیوانیكردنی هەوڵەكان لەپێناوی گەیشتنی یەمەن بە چارەسەرێكی سیاسیی ئاشتیانە تا خزمەتی خواستەكانی گەل بكات بۆ پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی.

دیداری سەرۆك كۆمار و نوێنەری تایبەتی پادشای بەحرەین
لەمیانی كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار و شێخ محەمەد كوڕی موبارەك ئال خەلیفە نوێنەری تایبەتی خاوەنشكۆ حەمەد كوڕی عیسا ئال خەلیفە پادشای بەحرەین، بەبایەخەوە باس لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كرا و بەرەوپێشبردنی پەیوەندی و هاریكارییەكان لە كەرتەكانی كارەبا و بازرگانی و بوارەكانی دیكەدا، تەئكیدی لەسەر كرایەوە.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان