باڵیۆز د.محەمەد سابیر

چین بۆ رێزلێنان لە سەرۆك مام جەلال لە 7 ملیار دۆلار قەرزی سەر عیراق خۆش بوو

09:26 - 2022-11-02
دیدار
800 جار خوێندراوەتەوە

د.محەمەد سابیر دیپلۆماتكاری كورد كە 6 ساڵ باڵیۆزی عیراق بووە لە چین، لە دیدارێكی تایبەتی سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA  لە گەڵیدا چەندین پرس و باسی سەردەمی بوونی بە باڵیۆز لە وڵاتی چین و رۆڵی مام جەلال لە سەرۆکایەتی کۆمار لەو رووەوە و هەروەها لە باشکردنی پەیوەندییەکانی عیراق و چین دەکات، کوردستانی نوێ لێرەدا پوختەیەکی دیدارەکە بڵاودەکاتەوە. 

د.محەمەد سابیر لە بزووتنەوەی رزگاریخوازدا تێكەڵ بەكاری سیاسیی بووە و لە جیابوونەوەی باڵی مەكتەبی ساسیی لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1964 ئەویش، لەگەڵ هەڤاڵەكانی روو لە باڵی مەكتەبی ساسیی دەكات. ئەم كاراكتەرە سیاسییە، زۆرترین تەمەنی لە خەباتی دیپلۆماسییدا بووە و بەتایبەت لە قۆناغی دوای راپەرینەوە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كردووە لە ژمارەیەك وڵاتانی ئەوروپا و دواتریش ئەمریكا، لە ساڵی 2006-2007 ئەم دیپلۆماتكارە كوردە دەبێتە باڵیۆزی عیراق لە كۆماری گەلی چین و شەش ساڵ دەمێنێتەوە.

 قەڵاچوالان ئاراستەی دیپلۆماسی بەرەو چین دەگۆڕێت
د.محەمەد سابیر لە نێو هەشت باڵیۆزی دیكەی كورد دا لە پشكی كورد لە سلكی دیپلۆماسی دادەنرێت و سەرەتا د.محەمەد وەك باڵیۆزی عیراق لە ئیسپانیا دیاریی دەكرێت و لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە واشنتۆنەوە خۆی ئامادە دەكات و دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام قەڵاچوالان ئاڕاستە و چارەنووسەكەی دەگۆڕێت بەرەو چین.
د.محەمەد باسی ئەوە دەكات و دەڵێت: كە هاتبوومەوە بۆ سلێمانی و ئێوارە سەردانی سەرۆك مام جەلالم كرد لە قەڵاچوالان لەدوای پڕۆسەی ئازادی من نوێنەری یەكێتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بووم لە واشنتۆن لە ساڵی 2001 تا 2004، عیراق ویستیان كۆمەڵێك سەفیری تازە دابمەزرێنن، كە پێشتر موخابەرات زاڵ بووە بەسەر دیبلۆماسییەتدا، كەئەو كەسەی نوێنەری موخابەرات بوو هەرچی بوتایە جێبەجێ دەكرا، بۆیە لە پڕۆسەی ئازادی حكومەتی تازە كۆمەڵێك سەفیری تازەی دانا كە بەرۆحی عیراقێكی تازەی دیموكراسی فرەحزبی فیدراڵی كاربكەن و كوردیش 9 سەفیری بۆ دانرا، منیش یەكێك بووم لە ناوەكان وەك سەفیری عیراق بۆ ئیسپانیا، كە سەفیری ئیسپانیا زۆر خۆشحاڵبوو بەدانانم لەو پۆستە و وتیان هەموو شتێكیكی بۆ جێبەجێ دەكەین، منیش بەمەبەستی ئامادەكاری هاتمەوە سلێمانی و چومە قەڵاچوالان ئێوارە لەسەر خوان مام جەلال وتی: «حەمە بۆ كوێ دانراوی»؟ 
وتم: «بۆ ئیسپانیا» 
مام وتی: «نابێ بچیت بۆ ئیسپانیا دەبێت بچی بۆ چین یان روسیا». 
وتم: «بۆ»؟
مام وتی: «رۆڵە یەكەم چین ئەندامی هەمیشەییە لە ئاسایش، دووەم چین وڵاتێكی گەورەیە و داهاتوویەكی رونی هەیە و ئەستێرەی ئەو وڵاتە بەرە و هەڵكشان دەچێت».
منیش وتم: «بەسەرچاو تۆ چیت بوێت من ئەوە دەكەم، دواتر خۆی نووسراوی كرد بۆ وەزیری دەرەوەی عیراق و ئیسپانیایان گۆڕی بۆ چین.

شەش ساڵ وەك سەردەمی زێڕینی ژیان
ئەم دیدار و ئێوارە خوانەی سەرۆك مام جەلال ئاڕاستەی دیپلۆماسی، د.محەمەد سابیری لە ئیسپانیاوە گۆڕی بۆ چین و وەکو خۆی دەڵێت: «ئەو شەش ساڵەی لە چین بووم، سەردانی هەموو شوێنێكی ئەو وڵاتەم كردووە، كە سەرنجی زۆر راكێشام و لەهەموو ئەو وڵاتانەی تر كە زیاتر لە 65 وڵاتم دیوە، ئەو شەش ساڵەی تەمەنم لە چین بە سەردەمی زێڕینی ژیانم هەژمار دەكەم».
ئاماژەی بەوەشکرد «مام جەلال ساڵی 1955 چووەتە چین و ماوەی شەش مانگ لەوێ ماوەتەوە، هەموو شوێنێك و هەموو سەركردەكانی چینی بینیووە، پەیوەندییەكی باشی لەوێ هەبووە، ئەم بنەمایەی مام جەلال داینابوو، كارئاسانی بوو بۆ منیش».
سەرۆك مام جەلال زۆر سەرسام بوو، بە كۆماری گەلی چین و چەند جارێك سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە، سەردانی یەكەمی وەك سیاسەتمەدارێكی ئۆپۆزسیۆن بووە لە ساڵی 1955، بەڵام دوای ئەوە وەك سەرۆك كۆماری عیراق لەو وڵاتە لە ئاستی باڵادا پێشوازیی دەكرێت.

پاش نزیكەی 50 ساڵ مام جەلال یەكەم سەرۆك بوو بانگهێشتی چین بكرێت
د.محەمەد سابیر دەڵێت: «ساڵی 2007 مام جەلال سەرۆككۆماری عیراق بە بانگهێشتی رەسمی هاتە چین، هیچ سەرۆكێكی عیراق لە دوای ساڵی 1958ەوە بەسەردانی رەسمی نەچووەتە چین، كە مام جەلال بووە سەرۆك كۆمار من لەچین بووم و بەڕەسمی بانگهێشتی مام جەلالیان كرد».
ئاماژەی بەوەشکرد «لەو سەردانەدا بەرپرسانی باڵای چین ویستیان شتێك وەك بەخێرهاتن و رێزلێنان پێشكەشی مام جەلال بكەن و ئەویش ئەوەبوو لەبەرخاتری ئەو لە 80% قەرزەكانیان لەسەر عیراق خۆشبوون، كە نزیكەی 7 ملیار دۆلار بوو، هاوكات پێنج رێككەوتنیان ئیمزاكرد، كە ئەمەش سەردانێكی مێژوویی بوو لای چینییەكان و رۆڵی مام جەلالی نیشاندەدا لە دروستكردن و توندكردنەوەی پەیوەندی».

پەرەپێدان و پەیوەندییەكانی یەكێتی و چین پێویستە
سەبارەت بە پەیوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی كۆمۆنیستی چین، وتی: پەیوەندییەكی باش و پتەویان هەبووە و هەیە، ساڵانە دوو وەفدی سەرەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بانگهێشت دەكرێن و لەلایەن چینەوە بودجەی بۆ تەرخانكراوە، یەكەمیان لەئاستێكی باڵای مەكتەبی سیاسیدا، بۆ پەیوەندی و ئاشنابوون لەگەڵ سەركردە چینییەكان و باسكردن لە دۆخی ئابوری و رۆشنبیری و پەیوەندییەكان، دووەمیش وەفدێكی تری كادیران بۆ كردنەوەی خولی پێگەیاندن» و وتیشی: «لەبەر یەكێتی، چین كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە هەرێم كردەوە».
هەروەها وتی: «ساڵی 2011 وەفدێكی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بانگهێشتی چین كرا، بەندەشی تێدابوو، كە گرنگییەكی زۆر باڵایان بەو وەفدە یاو زۆرینەی بەرپرسانی حزی ئەو وڵاتە وەفدەكەیان بینی، كەبە گەشتێكی زۆر سەركەوتووی وەفدی یەكێتی بۆ وڵاتانی جیهان هەژمار دەكراو لەو سەردانەدا باس لە كردنەوەی بیرۆی یەكێتی كرا و رەزامەندییان دەربڕی كە نوێنەرایەتی یەكیتی لە پەكین بكرێتەوە، بەڵام كە نووسینگەیەكی بازرگانی بێـت و ئەو كەسەی دادەنرێت نوێنەرایەتی حزبی یەكێتیی دەكات»..
د.محەمەد دەڵێت: سەرۆك مام جەلال هەمیشە دەیوت لە گرنگی چین تێبگەن، چین ئەستێرەیەكی هەڵكشاوی درەوشاوەیە، پێویستمان پێیان دەبێت، چونكە زۆر شتی هاوبەشمان هەیە لەگەڵیانداو ئەوان گەلێكی گەورەن، كە دەبێت گرنگییان پێبدرێت».

گرنگە سەرۆكی یەكێتیی  سەردانی چین بكات
 د.محەمەد سابیر جەخت لەوەدەکاتەوە کە: «پێویستە هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردایەتی ئێستای یەكێتی ئەو پرۆژەیە نوێ بكەنەوە و زیاتر گرنگی پێبدەن و نوێنەرایەتی یەكێتی لە چین بكرێتەوە، كە من وەك خۆم هەموو كات ئامادەم بۆ دروستكردنەوەی ئەو پەیوەندییانە بچمەوە چین بەو مەرجەی سەرۆكایەتی یەكێتی لەگەڵم بن و لە ئێستاشدا كە پۆستی سەرۆككۆمار عیراق لای یەكێتییە، بە تایبەتریش كاك بافڵ دەتوانێت وەك سەرۆكی یەكێتی بچێت و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ببینێت و پەیوەندییەكان توندوتۆڵتر بكرێنەوە.

128ملیار دۆلار بۆ رێگای ئاوریشمی
لە بارەی گرنگی و رۆڵی حزبی كۆمۆنیستی چین و سەرۆك جی شیپینگ، باڵیۆز د.محەمەد دەڵێت: «سەرۆك جی شیپینگ كاری گرنگی بۆ چین كردووە و یەكێك لە كارانە ئەوەیە رێگای ئاوریشمی تازەی بنیاتناوە كە لەساڵی 2013 بڕیاری كردنەوەی داوە و یەك پشتێن و یەك رێگای داناوە، یەك پشتێنەكە دەلالەتە لە رێگای ئاوریشمی كۆن، یەك رێگاكەش یەكێكە لە ئەدمیڕاڵەكانی ئەوان لە سەدەی پانزەهەمدا بە رێگای ئاوییدا گەیشتووەتەوە ئەفریقا، هەم بۆ ئەوەی بگاتە ئەفەریقا و ئاسیا و ئەوروپا ئەم رێگا ئاوریشمییە تازەیەی داهێناوە، كە بڕی 126 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانكردووە».
 تا ئێستا 68 وڵات پێشنیاریان كردووە لەو رێگایەدا بەشداربن كە چین ئەبەستێتەوە بەهەموو كیشوەرەكانی جیهانەوە.

دوو ملیۆن بەرپرس و گەندەڵكاری حزبی كۆمۆنیست خرانە زیندانەوە
چینییەكان سەرۆكی وڵاتەكەیان خۆش دەوێت و پشتیوانی دەكەن لە پرۆژە و ستراتیژەكانیان بۆ گەشەپێدانی وڵاتەكەیان، هۆكاری سەرەكی پشتیوانییەكەشیان بۆ ئەوەیە كە «دژایەتی گەندەڵی كردووە».
باڵیۆز محەمەد سابیر ئاشكرای دەكات هەزارەها ملیاردێر لە چین هەن و هاوكاتیش گەندەڵی هەیە، بەڵام «شی جینپیگ ئازایانە رووبەرووی گەندەڵكاران بووەوە و زیاتر لە 2 ملیۆن گەندەڵكاری لە حزبی كۆمۆنیست دەستگیر كرد و سزای یاسایی دان بەوەش بەسەدان ملیار دۆلار لە دژایەتی گەندەڵیدا گێڕدرایەوە بۆ حكومەت و كەرتی گشتی و بەگوێرەی گەندەڵییەكانیش بەرپرسانی حزبەكەی سزا دا كە 2 ملیۆن بەرپرس و گەندەڵكاری حزب بوون .

داهاتی تاك لە 50 دۆلارەوە  بۆ 9000 دۆلار
بەگوێرەی ستراتیژی ئابووری چین كە زۆربەی سەرۆكەكانی ئەو وڵاتە تێیدا بەشدارن، گەشە و پێشكەوتنی ئەو وڵاتە بە قۆناغ بووە و ئامانجی سەرەكی خۆشگوزەرانیی بووە بۆیە داهاتی ساڵانەی تاك لە 50 دۆلارەوە گەیشتووەتە 9 هەزار دۆلار.
د.محەمەد لەو رووەوە دەڵێت: «لە سەردەمی جی شیپینگ دا چاكسازی زۆر باش كراوە و چینی مامناوەند 700 ملیۆنە لە كۆی 1ملیار و 350 ملیۆن كەس و هەروەها رێژەی هەژاری زۆر دابەزیوە و گەورەترین بیمەی  كۆمەڵایەتیش هەیە».

#باڵیۆز د.محەمەد سابیر

بابەتە پەیوەندیدارەکان