راپۆرتی/ هێمن ئه‌حمه‌د
عه‌لی كه‌ریم، خاوه‌ن سێ منداڵه و دانیشتووی گه‌ڕه‌كی شۆراوی شاری كه‌ركوكه، گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان كه‌وتوته چه‌پی شاره‌كه و ناوچه‌یه‌كی زۆر به‌ربڵاو و چۆڵه‌وانییه، بۆتە شوێنێك بۆ کۆبوونەوەی سه‌گی به‌ره‌ڵا، دەڵێت: زۆرجار شه‌وان یان به‌یانیانی زوو بە كۆڵانه‌كانی شۆراودا بڵاوده‌نه‌وه و له‌به‌ر برسێتی و گه‌ڕان به‌دوای نان و خواردندا په‌لاماری هه‌موو شتێك ده‌ده‌ن به‌تایبه‌تی منداڵانی خوار ته‌مه‌ن ده ساڵه، بۆیه هه‌موو رۆژێك بۆ به‌ڕێكردنی منداڵه‌كانمان بۆ قوتابخانه پێویسته خۆمان یان به ئۆتۆمبێل بیانگه‌یه‌نین، یان ئۆتۆمبێلیان به كرێ بۆ بگرین.
بڵاوبوونەوەی سەگ بە کۆڵانەکاندا، كاره‌ساتی ناخۆش و جه‌رگ بڕی لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌و كاتانه‌ی قوتابخانه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌و منداڵ دەچن بۆ قوتابخانە، منداڵانی قوتابخانه بنه‌ڕه‌تییه‌كان رووبەڕوو دەبنەوە لەگەڵ سه‌گی به‌ره‌ڵا. کێشە گەورەکەش لەوەدایە، ئەم سەگانە به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و چاوه‌ڕوان نه‌كراو زیاده ده‌كه‌ن .
نه‌وزاد قادر، دانیشتووی گه‌ڕه‌كی ئیسكانی شاری كه‌ركوكه، ده‌ڵێت: به‌شێكی خه‌ڵكی خۆیان دەستیان هەیە له زۆر بوونیاندا، چونكه هه‌ندێك كه‌س خۆیان له سه‌ره‌تا دا به‌خێویان ده‌كه‌ن و نان و خواردنی باشیان ده‌ده‌نێ و له دوایدا به‌ره‌ڵایان ده‌كه‌ن و زۆر ده‌بن و كوچه و كۆڵانه‌كان به‌جێناهێڵن و بەچکەکانیشیان هه‌ر له‌وێ گه‌وره ده‌كه‌ن.
وتیشی: قوتابخانه‌یه‌كی زۆر له ده‌وروبه‌رمان هه‌یه و منداڵان و تازه پێگه‌یشتوان لێیان ده‌ترسن، بۆیه پێویسته به‌رده‌وام چاودێریان بكه‌ین، هه‌ندێك لەو سەگانە په‌لاماری هاموشۆكه‌ران ده‌ده‌ن له گه‌ڕه‌كه‌كه‌ماندا.
دیاریكردنی شوێن بۆ داڵده‌دان
مه‌حمود حه‌وێز، دانیشتووی گه‌ڕه‌كی په‌نجاعه‌لی شاری كه‌ركوكه، هەر سەبارەت بەم بابەتە وتی: سه‌گی به‌ره‌ڵا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد ده‌كه‌ن و له هه‌مان كاتیش‌دا هیچ شوێنیكیان نییه بۆ داڵدەدان، له‌به‌رئه‌وه‌ی له ده‌وروبه‌ری گه‌ڕه‌كه‌كه‌دا خانوویه‌كی زۆر دروستكراوه و باخێكی زۆریش په‌رژین كراوه، بۆیه هیچ رێگەوجێگه‌یه‌كیان نییه بۆ حه‌وانه‌وه‌یان، بۆیه دێنە ناو كۆڵانه‌كانی شاره‌كه.
رێگریمان دەکرد له زاوزێكردنیان
د. سه‌باح نوری، یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ڤێترنه‌ری كه‌ركوك، رایگه‌یاند: له‌ساڵانی رابردوودا ئێمه وه‌كو ڤێترنه‌ری كه‌ركوك سه‌رپه‌رشتیكردنی ئه‌و سه‌گه به‌ره‌ڵایانه‌مان دەستپێکرد، له رێگه‌ی ده‌رمان و حه‌بی تایبه‌تییه‌وه کە له ته‌ندروستی گشتیی وه‌رمان ده‌گرت، رێگریمان دەکرد له زاوزێكردنیان، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دوایدا به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵێك رێكخراوی ئاژه‌ڵ دۆست بۆ پارێزگاریكردن له‌و ئاژه‌ڵانه، كاریان به‌رگریكردن بووه له‌و سه‌گانه و قه‌ده‌غه‌كردنی كوشتن‌یان یان پێدانی ده‌رمان پێیان، بۆیه ئه‌و رێگه‌یانه‌مان وازلێهێنا و ئه‌و لیژنه‌یه‌ی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه، ئێمه بووینه ئه‌ندامێكی ئه‌و لیژنه‌یه كه له قائیمقامییه‌ته‌وه دروستكرا.
داوای هاوکاری دەکەن
وتیشی: بڕیاره شوێنێكی داڵده‌یان بۆ دروستبكرێن وه‌ك ئه‌وه‌ی له سلێمانی هه‌یه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناو سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌مان كرد‌و لیژنه‌كه شوێنه‌كه‌یان زۆر پێ‌باش بوو، ئێستا چاوه‌ڕێی هیمه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ین توانایان هه‌بێت شوێنی ئه‌و داڵده‌دانە دروستبكه‌ین، یان ئه‌و رێكخراوانە خۆیان کارێک بکەن بگونجێت له‌گه‌ڵ خواستی ئاژه‌ڵ دۆستیاندا.
باسی له‌وه‌شكرد ئه‌و لیژنه‌یه‌ی پێكهێنراوە، دوو شوێنی دیاریکردووە بۆ داڵده‌دانی ئه‌و سه‌گه به‌ره‌ڵایانه، ناوچه‌كانی چیمه‌ن و تازه خورماتووه، به‌ڵام دروستكردنی ئه‌م داڵده‌خانه‌یه، پارێزگای كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت به‌رپرسیاره له چۆنێتی سازدانی ئه‌و پڕۆژه‌یه.
پێكوته گرنگه بۆ پاراستنیان
فه‌لاح حه‌سه‌ن، پزیشكی ڤێترنه‌ری دەڵێت: گازگرتنی ئه‌م جۆره سه‌گانه له منداڵان ده‌بێته هۆی هه‌وكردن و برینداری له‌شیان هه‌ندێكجار چاره‌سه‌ركردنی زۆر زه‌حمه‌تە، چونكه ئه‌مانه پێكوته‌یان بۆ نه‌كراوه وه‌كو ئه‌و سه‌گانه‌ی له ماڵه‌وه به‌خێو ده‌كرێن، بۆیه زیانه‌كانیان زۆر زۆرتره و چاره‌سه‌ركردنی درێژە ده‌خایه‌نێت، بۆیه داوا له‌و دایك و باوكانه ده‌كه‌م هه‌ر كات سه‌گی به‌ره‌ڵا گازی له منداڵه‌كه‌یان گرت ئه‌وه ده‌ستبه‌جێ منداڵه‌كه بگه‌یه‌ننه نه‌خۆشخانه تا به‌زووی شوێنی گازه‌كه له‌لایه‌ن پزیشكی پسپۆڕه‌وه تیمار بكرێت، چونكه كاریگه‌رییه‌كانی زۆر مه‌ترسیداره.