سەرۆك كۆمار: گەشبینم بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ

09:41 - 2022-11-03
عیراق
622 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك كۆمار و سەرۆكی میسر، رێگاكانی پتەوكردنی پەیوەندیی برایانەی نێوان عیراق و میسر یان تاوتوێكرد.
لە پەراوێزی دیدار و كۆبوونەوەكان لە خولی 31هەمین كۆبوونەوەی باڵای عەرەبی لە جەزائیر، دوێنێ، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، چاوی بە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر كەوت و پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكانی سەر گۆڕەپانی عەرەبی و نێودەوڵەتی و چۆنێتی روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكانیان تاوتوێكرد.
لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار، ئاماژەی بە پەیوەندیی برایانە و مێژوویی عیراق و میسر كرد و گرنگیی بەهێزكردن و فراوانكردنیانی لە هەموو بوارەكاندا، خستەڕوو. ئەو رێوشوێنانەشی روونكردەوە كە عیراق گرتوویەتییەبەر بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان. سەبارەت بە عیراقیش وتی: گەشبینم بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كە پرەنسیپەكەی  دابینكردنی خزمەتگوزاریی دەبێت بۆ گەلانی عیراق.
لای خۆیەوە، سەرۆكی میسر، ئاماژەی بەوەدا عیراق وڵاتێكی بەهێز و گرنگە و رۆڵی سەرەكی هەیە لە ناوچەكەدا و تەئكیدیكردەوە لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ عیراقدا.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان