تابلۆ محه‌مه‌د
به‌ره‌به‌یانێكی زوو بوو، هێشتا جووته كۆتره‌كه‌ی سه‌ر گوێسه‌بانه‌كه له‌ناو هێلانه‌كه‌یاندا، له خه‌وێكی شیریندا بوون. زۆر به‌خێرایی له ماڵ رۆیشته ده‌ره‌وه. ده‌بوایه پێش ئه‌وه‌ی بچیت بۆ سه‌ركار هاوڕێكه‌ی ببینێت، به‌خێرایی به‌ره‌و شه‌قامه‌كه رایده‌كرد، تاوه‌كو زوو سواری ته‌كسییه‌ك ببێت و بگاته شوێنی مه‌به‌ست. كاتێ ده‌ستی له ته‌كسییه‌ك راگرت و له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی و پێدانی ناونیشانی ته‌واوه‌تی به شۆفێر. په‌له‌ی گه‌یشتنی بوو به شوێنی مه‌به‌ست، وه‌ك ئه‌وه‌ی شۆفێره‌كه گوێی له‌و ناونیشانه نه‌بووبێت كه ئه‌و پێی‌دابوو، به رێچكه‌یه‌كی تردا بردی، له‌و شوێنه‌ی كه نه‌ده‌بوو بوه‌ستێت وه‌ستا، له‌و جێگایه‌ی نه‌ده‌بوو لێی بێت، به‌ڵام ئه‌و بێ ویستی خۆی دابه‌زی، سه‌یری سه‌عاته‌كه‌ی ده‌ستی كرد، له بزووتن كه‌وتبوو، هه‌موو گیرفانه‌كانی گه‌ڕا، مۆبایل و جزدانه‌كه‌ی دیارنه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی چیتر ئه‌و خاوه‌نی جه‌سته و ئاوه‌زه‌ی خۆی نه‌بێت، یاخود ده‌سه‌ڵاتێكی نادیار كۆنترۆڵی هه‌موو شتێكی كردبێت، هه‌ر وه‌ك داشێكی سه‌ره‌كی شه‌تره‌نج خۆی سه‌ركرده‌ی گه‌مه‌كه بێت، ئه‌ویش ته‌نها سه‌ربازێكی ئاسایی بێجگه له چونه پێشه‌وه و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چاره‌نووس هیچ چاره‌یه‌كی دیكه‌ی نه‌بێت.
وێستگه‌ی وه‌ستانه‌كه‌ی له گه‌ڕه‌كێكی كۆنی دووره ده‌ستی شاره‌كه بوو، تۆزی چه‌ند ساڵه به روونی به كوچه و كۆڵانه ته‌سكه‌كانه‌وه دیاربوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ی كه شاره‌كه پێیدا تێپه‌ڕیبوو، به‌ڵام له‌وێ هه‌موو شتێك وه‌ك خۆی مابوو، شه‌قام، دیوار... دیواری خانووه‌كان به یه‌كتری نامۆبوون، خانووه‌كانیش به خه‌ڵكه‌كه‌ی ناوی نامۆ، به‌ڵام بۆ ئه‌و هیچ شتێك نامۆ نه‌بوو، له كۆتاییدا گه‌یشتبۆوه خاڵی سه‌ره‌تا، ئه‌و خاڵه‌ی گشت ته‌مه‌نی تیایدا به‌جێمابوو.
له یه‌كێك له‌و دوكانه بچووكانه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كه كه ته‌نها چه‌ند مه‌ترێك لێیه‌وه دووربوو سه‌رنجی چووه سه‌ر منداڵێكی بچووكی بزێو، له‌و منداڵانه‌ی كه یه‌ك گه‌ڕه‌ك به‌خۆیانه‌وه هه‌راسان ده‌كه‌ن، به خۆی و باڵا بچكۆلانه‌كه‌یه‌وه وه‌ك پیاوێكی گه‌وره له‌گه‌ڵ خاوه‌ن دوكانه‌كه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كه‌دا گفتوگۆی ده‌كرد:
- سڵاو كاك قادر ئه‌مڕۆ حاڵتان چۆنه؟ ئیش و كار باشه؟
- باشین فه‌رهه‌نگ گیان، ئیش و كاریش باشه، دایه و بابه باشن؟
- زۆر باشن سڵاویان هه‌یه.
به‌ڵێ دڵنیابوو له‌وه‌ی كاك قادر ناوی ئه‌و منداڵه بچووكه‌ی به فه‌رهه‌نگ هێنا، كاتێك له دوكانه‌كه هاته ده‌ره‌وه و سه‌رنجیدا فه‌رهه‌نگ بوو، مچوڕكه‌یه‌كی سارد سه‌رتاپای جه‌سته‌ی داگیركرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ون ببینێت، هه‌وڵیدا به‌ئاگابێته‌وه، نه‌یتوانی، له‌بیری كردبوو كه‌ی و چۆنی هاتۆته‌وه سه‌ر ئه‌م رێگایه، چی هێناویه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌م شه‌قامه‌ی كه چه‌ند ساڵه لێی هه‌ڵدێت.
فه‌رهه‌نگ به مه‌سكه‌ت و له‌بزینه‌كه‌ی ده‌ستییه‌وه به په‌له گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵه‌وه، ئه‌و ده‌ڕۆیشت و ئه‌میش به‌دوایدا بێ ویستی خۆی رێی ده‌كرد، كاتێك گه‌یشت، هاوڕێكانی سه‌رقاڵی یاری چاوشاركێ بوون:
یه‌ك... دوو ... سێ ... ده ... هاتم
كچێكی بچووكی گه‌نمڕه‌نگ قژێكی خاوی درێژی هه‌بوو، به‌و پێڵاوه قاپ قاپه‌یه‌ی له دایكی بردبوو، ته‌قه ته‌ق... كه‌وته گه‌ڕان به دوای منداڵه‌كانی تردا، مینا بوو، ئه‌و كچه‌ی زۆربه‌ی كات ده‌هات و له پشتی ئه‌وه‌وه خۆی ده‌شارده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانی تر گاڵته‌ی پێ نه‌كه‌ن و شه‌ڕی پێ نه‌فرۆشن. وه‌ك ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به چاوه‌كانی خۆی نه‌كات كه‌وته هه‌ڵگڵۆفینیان، به‌ڵام هێشتا مینا له‌به‌رده‌میدابوو بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به بوونی ئه‌و بكات بۆ هاوڕێكانی ده‌گه‌ڕا. دوای تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی بیست و پێنج ساڵ بۆ یه‌كه‌م جار گه‌ڕابووه‌وه ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی زۆربه‌ی كاته‌كانی به‌لاساریی تێدا به‌ڕێ كردبوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت هه‌لێكی تری پێبده‌ن، یاخود وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ته‌مه‌نه‌ی به‌دوای هه‌لێكی وادا گه‌ڕابێت چاوه‌ڕێی بوون، شۆسته خوار و پڕ له چاڵه‌كان، دیواره به‌رزه ناڕێكه‌كان، دوكانی ئاسنگه‌ره‌كه‌ی كه هه‌موو جار پاسكیله‌كه‌ی بۆ چاك ده‌كرده‌وه، ئه‌و دوكانی شیرینییه‌ی هه‌فته‌ی یه‌ك رۆژ له‌گه‌ڵ مینادا دۆندرمه‌ی به‌تامیان لێ ده‌كڕی، هه‌موو شتێك له جێگه‌ی خۆی بوو، ته‌نانه‌ت میناش.
ورده ورده دیمه‌نه‌كان له‌به‌رچاوی ون ده‌بوون، به‌رچاوی لێڵ ده‌بوو، له‌ناكاو له ده‌نگی گریانێكی به‌كوڵ به‌ئاگا هات، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو دیواره‌كانی ماڵه‌كه له‌گه‌ڵی بگرین، سه‌رنجی ته‌واوی خانووه‌كه‌یدا، خانووه‌كه‌ی خۆی نه‌بوو، كاتێك به دوای ده‌نگه‌كه‌دا رۆیشت له پشت ده‌رگای حه‌وشه‌وه مینای بینی، دووباره له نه‌بوونی ئه‌ودا منداڵه‌كان زه‌فه‌ریان پێ بردبوو، هاتبوو بۆ لای پاڵه‌وانه‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌و به‌و باڵا كه‌ڵه‌گه‌ت و قژه ماش و برنجییه‌ی كه ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه نزیكه‌ی سی و پێنج ساڵێك چۆن ده‌توانێ شه‌ڕ له‌سه‌ر منداڵێكی شه‌ش ساڵان بكات، ده‌یویست روونی بكاته‌وه ناتوانێ، ده‌ستی برد فرمێسكه‌كانی بسڕێت، به‌ڵام دوو ده‌ستی زۆر بچكۆله‌ی بینی، رایكرده ژووره‌وه بۆ لای ئاوێنه‌كه، منداڵێكی بزێویی باڵا بچووكی چاو ره‌شیی بینی. خۆی بوو، فه‌رهه‌نگ بوو، به په‌له رۆێشت به‌ره‌ولای ده‌رگاكه بۆ یارمه‌تیدانی مینا، له‌وێ نه‌بوو، له ده‌رگاكه چووه ده‌ره‌وه به‌هیوای دۆزینه‌وه‌ی، به‌ڵام خۆی له‌ناو ژوورێكی نامۆدا بینییه‌وه، كاتێك ویستی له‌و ژووره ده‌رچێت، كه‌وته ناو زنجیره‌یه‌كی بێ كۆتا ده‌رگا و ژووری نوێوه، تا سه‌ری له رێگایه‌ك ده‌ركرد ژماره‌یه‌كی بێ كۆتا ژووری بچووكی تێدابوو، به‌لای راست و چه‌پدا دابه‌شببوون، ده‌رگای هه‌موو ژووره‌كان داخرابوو، ژه‌نگ بواردبووی وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌نده‌ها ساڵ بێت به‌جێهێلرابێت، له‌سه‌ر ده‌رگای هه‌ر ژوورێك وشه‌یه‌كی تایبه‌ت نووسرابوو، گوزارشتی له‌و خه‌ونه ده‌كرد كه له‌وێدا بینرابوون، ژوورێك بۆ خه‌ونه ناخۆشه‌كان، ژوورێك بۆ خه‌ونه نهێنییه‌كان، ژوورێك بۆ خه‌ونه خۆشه‌كان... دانه‌یه‌كی دیكه بۆ ئه‌و خه‌ونانه‌ی له ده‌ستمان رۆیشتوون، ژووری... له سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه ژووری ئه‌و خه‌ونانه‌ی هه‌رگیز پێیان نه‌گه‌یشتووین، سه‌ر ده‌خه‌ینه سه‌ر سه‌رینه‌كانمان به ئاواتی بینینیان یاخود به‌هیوای ئه‌وه‌ی رۆژێك له رۆژان ببێت به‌راست و پێیان بگه‌ین.
هێشتا مینا له‌وێدا قه‌تیس مابوو، ده‌نگی گریانی ئه‌و ناوه‌ی ته‌نیی بوو، ده‌یبینی له كۆتایی رێڕه‌وه‌كه چاوه‌ڕێی ده‌كات، ده‌سته بچووكه‌كانی به‌چاوییه‌وه گرتبوو هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی دیمه‌نێكی ترسێنه‌ری له پێش بێت و نه‌یه‌وێت بیبینێت، هاواری لێ كرد: مینا ... مینا... میی... له ده‌نگی خۆیی به‌خه‌به‌رهات، سه‌رتاپای جه‌سته‌ی له ئاره‌قدا نوقم ببوو، سه‌رنجیدا كاتی بانگی به‌یانییه، به‌ره‌ولای ئاوێنه‌كه هه‌نگاوی نا، كوڕێكی باڵا به‌رزیی قژ ماش و برنجیی ته‌مه‌ن سی و پێنج ساڵه‌ی بینی، پاشان ته‌ماشای سه‌رتاپای خانووه‌كه‌ی كرد، ماڵه‌كه‌ی خۆی بوو، كاتێك ده‌رگای حه‌وشه‌ی كرده‌وه به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی دووباره رێی بكه‌وێته‌وه سه‌رهه‌مان ئه‌و زنجیره ژوورانه، به‌ڵام بێجگه له كۆڵانێكی بێده‌نگ و كارمه‌ندانی شاره‌وانی هیچی دیكه‌ی نه‌بینی، پێویستی ده‌كرد به‌په‌له خۆی ئاماده بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ پێش چوونی بۆ سه‌ركار هاوڕێكه‌ی ببینێت.