سەرۆک کۆمار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێدەگات

12:58 - 2022-11-05
عیراق
353 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید، رۆژی هەینی ٤ی نۆڤمێبەر ٢٠٢٢، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێگەیشت ،لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا وەزیری دەرەوە پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆمار کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆمار و هیوای سەرکەوتنی بۆ بەڕێزییان و حکومەتی عێراق خواست. 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە بە شێوازی ئاشتیانە و دیموکراسیانە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت بەڕێوەچووە  کە کار بۆ بەدیهێنانی هەموو ئەو ئامانجانە دەکات کە پاڵپشتی لە چەسپاندنی ئاسایش دەکات لە عێراق ، هەروەها پاڵپشتی لە ئۆقرەیی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و باشترکردنی پەیوەندی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان دەکات کە لە بەرژەوەندی عێراقە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.
لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا، سەرۆک کۆمار و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی هاوپەیمانی ستراتیژی و هاریکاری عێراق و ئەمریکا لە بەگژاچونەوەی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکەدا، هاوکات وەزیر بلینکن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گەلی عێراق دووپاتکردەوە.
هەر لەمیانی پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا، سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە کۆبونەوەی باڵای تایبەت بە کەشوهەوا کە بڕیارە لە شەرم شێخ بەڕێوەبچێت و لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە کێشە ژینگەییەکان و کەمیی ئاو کە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان