هونه‌رمه‌ندی گه‌وره و به ئه‌زموونی كوردستان، باكوری له ته‌مه‌نی 94 ساڵیدا بۆ دواجار ماڵئاوایی له میوزیك و گۆرانی ره‌سه‌نی كوردیی كرد و له رۆژی 2/11/2022 كۆچی دوایی كرد.
باكوری وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك له بواره‌كانی هونه‌ری گۆرانی و موزیك و نووسین و په‌روه‌رده، خزمه‌تی زۆری به گه‌لی كوردستان كردووه. بەڕە‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی شاری وانی باكووری كوردستانە و به‌هۆی ئه‌وه‌ی له نه‌ته‌وه‌ی ئاسوری بوون له سه‌رده‌می جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان راونراون و به‌ناچاری بۆ عیراق و باشووری كوردستان كۆچیان كردووه و دواجار له‌شاری كۆیه گیرساونه‌ته‌وه.
باكوری له‌ساڵی 1928 له قشڵه‌ی كۆیه له‌دایكبووه. له كۆیه و هه‌ولێر و به‌غدا خوێندویه‌تی و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له‌زمانی ئینگلیزی به‌ده‌ستهێناوه و وه‌ك مامۆستای ئینگلیزی له كۆیه و هه‌ولێر وانه‌ی وتۆته‌وه. له سه‌ره‌تای ژیانی لاوییه‌وه خولیای هونه‌ر ده‌بێ و وه‌ك گۆرانیبێژ و ژە‌نیار خزمه‌تێكی زۆری كردووه و خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه‌یه.
مامۆستا باكوری وه‌ك نووسه‌ریش خزمه‌تی كردووه و خاوه‌نی چه‌ند كتێبێكی به‌نرخه كه كتێبخانه‌ی كوردی‌یان ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه. له‌دیارترین به‌رهه‌مه‌كانی كتێبی(ته‌مه‌نێك)ە كه بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی تێدا ده‌گێڕێته‌وه و تیشك ده‌خاته سه‌ر ژیانی هونه‌ری خۆی و سه‌رده‌مه‌كه‌ی. هه‌روه‌ها كتێبی(گۆرانیبێژە نه‌مره‌كان) كه به‌سێ به‌ش بڵاوبۆته‌وه و تێیاندا تیشك ده‌خاته سه‌ر ژیانی هونه‌ری گۆرانیبێژە‌كان.
باكوری خاوه‌نی گۆرانی (هه‌ی زێڕین و زێڕینێ -كۆیه خۆشه و بابچینێ) به یه‌كجاریی ماڵئاوایی له وراتی كۆیه كرد، یه‌كێكیش بوو له دامه‌زرێنه‌رانی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه، هه‌رده‌م ده‌یوت: كۆیه له دڵمدایه و بێ كۆیه ناژیم.